رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە دارستانێکی پارێزگای ئیزمیری تورکیا کەوتەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە هەوڵی کوژاندنەوەیدان.
ئەمڕۆ هەینی 27ـی حوزەیرانی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکانی تورکیا بڵاویکردەوە، کاژێر 13:33 خولەکی ئەمڕۆ ئاگر لە دارستانێکی سنووری شاری کینیک لە پارێزگای ئیزمیر لە باشووری رۆژئاوای تورکیا کەوتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سەرەتا ئاگرەکە لە پوش و پاوانی سنووری شارەکە کەوتوەتەوە و دواتر تەشەنەی سەندووە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێ، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بە 28 شۆڤڵ، 10 تانکەری گەورەی ئاو، 13 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، 7 هێلیکۆپتەر، 5 فڕۆکە و 205 کارمەند لە هەوڵی کوژاندنەوەیدان.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، پار دوو هەزار و 22 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کەوتنەوە و لە ئەنجامدا شەش هەزار و 900 هێکتار زەوی دارستان و پاوان سووتا، چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 111 کەسیش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ