دوو پەرلەمانتاری کوردی پارتی دێڤا دەستیان لەکارکێشایەوە

27-06-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دوو پەرلەمانتاری کوردی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتنی تورکیا (دێڤا) دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە فراکسیۆنی پارتەکەیان راگەیاند. هەردوو پەرلەمانتارەکە پەیوەندی بە فراکسیۆنی جەهەپەوە دەکەن. 
 
ئەمڕۆ هەینی 27ـی حوزەیرانی 2025، هەریەک لە ئەڤریم رزڤانئۆغڵو، خانمە پەرلەمانتاری بازنەی ئیستەنبووڵ و جەم ئاڤشار، پەرلەمانتاری بازنەی تەکیرداغ لە فراکسیۆنی دێڤا بە سەرۆکایەتیی عەلی باباجان، دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان راگەیاند. 
 
بەپێی زانیارییەکانی میدیای تورکیا، هەردوو پەرلەمانتارەکە پەیوەندیی بە فراکسیۆنی جەهەپەوە دەکەن.
 
دوو پەرلەمانتارەکە بڕیارە لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی فراکسیۆنی جەهەپە بەشداری بکەن و ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە لە رێوڕەسمێکدا پێشوازییان لێ بکات. 
 
ئەڤریم رزڤانئۆغڵو، لەدایکبووی پارێزگای وانە و کوردە. ئەو پەرلەمانتارە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس نوسیوویەتی: "دەزانم، بەهۆی بڕیارەکەمەوە، هاوڕێیەکانم لە پارتی دێڤا دڵگران دەبم، بەڵام سیاسەتکردن تەنیا لە یەک شوێن ناکرێت، ئەمە پەیوەندی بە بیروباوەڕ و رێبازی کەسییەوە هەیە. ناکرێ ئەم هەموو ستەم و زۆردارییە لە وڵاتەکەم دەکرێت، بێدەنگ بم و لایەنگری خۆم نەنوێنم. بۆیە لایەنگری حەق دەبم." 
 
جەم ئاڤشار کە هاونیشتمانییەکی خەڵکی مەلەتێ-ی باکووری کوردستانە، ئەویش دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە هەژماری ئێکس بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لەم دۆخە سیاسییەی ئێستادا کەلێنێکی گەورە لەنێوان سیاسەتی من و پارتەکەم هەیە. ناتوانم تەماشاکەر بم، بۆیە دوای پرس و راوێژی زۆر لەگەڵ خۆم و هەوادارانم، بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەم لە فراکسیۆنی پارتەکەم رادەگەیێنم." 
 
لە هەڵبژاردنی ئایاری 2023دا پارتی دێڤا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی میللـەت بە سەرۆکایەتیی جەهەپە 11 کورسی بەدەستهێنا. ئەو پارتە ئێستا لەگەڵ هەریەک لە پارتی ئایندە بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد داودئۆغڵو و پارتی سەعادەت بە سەرۆکایەتیی مەحموود ئاریکان، فراکسیۆنێکی هاوبەشیان لە پەرلەمان بەناوی (رێبازی نوێ) پێکهێناوە و 22 کورسی پەرلەمانیان هەیە.  
 
دوای پەیوەندیکردنیان بە فراکسیۆنی جەهەپە، ژمارەی کورسییەکانی جەهەپە بۆ 137 کورسی بەرز دەبنەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە