رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگاکانی بورسا، ئوشاک و کارەبووکی تورکیا و مەرەشی باکووری کوردستان ئاگر کەوتوەتەوە. ئاگرەکان بەهۆی کاریگەریی باوە بە خێرایی تەشەنە دەکەن و بوونەتە هۆی داخستنی چەند رێگە و چۆڵکردنی ژمارەیەک گوند و گەڕەک.
پارێزگای بورسا
لە پارێزگای بورسا ئاگر لە دارستانەکانی شارەکانی ئۆرهانئێلی و گورسوی سەر بە پارێزگای بورسا کەوتووەتەوە و تائێستا کۆنتڕۆڵ نەکراون..
لە قەزای گورسو، ئاگرێکی دیکە لە نێوان پڕۆژەی نیشتەجێبوونی تۆکی و گەڕەکی ئاغڵاشانی قەزای کەستەل کەوتەوە و بەهۆی بای بەهێزەوە بەخێرایی تەشەنەی کرد. سەرباری هەوڵی تیمەکان، هاووڵاتییانیش یارمەتییان دەدەن، بەڵام بەهۆی نزیکبوونەوەی بڵێسەی ئاگر، ناچاربوون ناوچەکە چۆڵ بکەن.
پارێزگای بورسا رایگەیاند، لە گوندەکانی کاراهدر، ئیدر و ئاڤدانجک، 1765 هاووڵاتی کە لە 480 ماڵدا نیشتەجێن، بۆ ناوچە ئارامەکان گواستراونەتەوە.
وەک بەشێک لە رێکارەکان، لە گەڕەکی کاراهیدیر 708 کەس، لە گەڕەکی ئیغدر 600 کەس و لە گەڕەکی ئاڤدانجک 457 کەس، بە گشتی 1765 هاووڵاتی لە 480 ماڵدا بە سەلامەتی گواستراونەتەوە.
هەروەها بەهۆی ئاگرەکەوە، رێگەی خێرای بورسا-ئەنقەرە بە ئاراستەی ئەنقەرە داخراوە و شۆفێران ئاراستەی رێگەی جێگرەوە کراون.
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رەخنە لە شێوازی رووبەڕووبوونەوەی ئاگری دارستانەکانی بورسا دەگرێت و رایدەگەیێنێت، "کەمتەرخەمی لە هاوئاهەنگی و ئامادەکاریدا ئەنجامی قورسی لێدەکەوێتەوە."
دەم پارتی هیوای سەلامەتی بۆ هاووڵاتییان و چاکبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازێت و رەخنەی لە حکومەت گرتووە: "جارێکی دیکە دەبینین کە کەمیی هاوئاهەنگی و ئامادەکاری لە رووبەڕووبوونەوەی کارەساتە سرووشتییەکاندا ئەنجامی قورسی لێدەکەوێتەوە. وانە وەرنەگرتن لە ساڵانی رابردووش باجێکی قورستری دەبێت."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، دەم پارتی جەخت دەکاتەوە لە پێویستیی دابینکردنی بەپەلەی فڕۆکە و هێلیکۆپتەری ئاگرکوژێنەوە کە توانای کارکردنیان لە شەودا هەبێت، هەروەها داوای زیادکردنی دەسەڵات و توانای ئیدارە خۆجێیەکان دەکات بۆ پاراستنی سرووشت و ژیان
پارێزگای کارابووک
لە قەزای سەفرانبۆلوی سەر بە پارێزگای قەرەبووک، بۆ چوارەم رۆژە هەوڵەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان بەردەوامن. تیمەکان بە پشتیوانیی هێلیکۆپتەر لە رۆژدا و لەسەر زەوی لە شەودا، کار بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەکەن، کە بەهۆیەوە دووکەڵێکی چڕ ناوچەکەی داپۆشیوە.
بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی تەندروستی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکان، ئافاد، مانگی سوور، جەندرمە، شارەوانییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سڤیل بە 2 فڕۆکە و 23 هێلیکۆپتەرەوە بەشدارن.
بەهۆی مەترسیی ئاگرەکەوە، تائێستا 18 گوند و 50 گەڕەک چۆڵکراون. پارێزگای کارابووکیش رایگەیاند رێگەی کارابووک-ئەنقەرە بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو بەڕووی هاتووچۆدا کراوەتەوە.
پارێزگای ئوشاک
لە قەزای سیڤاسلی سەر بە پارێزگای ئوشاک، ئاگر لە دارستانێک کەوتووەتەوە و هەوڵەکان بۆ کوژاندنەوەی لە ئاسمان و زەوییەوە بەردەوامن.
5 هێلیکۆپتەر، 31 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و 412 کارمەند بەشدارن. ناجی ئاکتاش، پارێزگاری ئوشاک سەردانی ناوچەکەی کردووە و لە نزیکەوە چاودێریی کارەکان دەکات.
گوندی کەتەنلیک وەک رێکارێکی خۆپارێزی چۆڵکرا و زیان بەر هەندێک ماڵی گەڕەکی گەردانلار کەوتووە. هەروەها گوندەکانی خۆرزوملار، تەکێلی و ئەریجەش چۆڵکراون. تیمەکانی ئافاد و جەندرمە بەردەوامن لە گواستنەوەی هاووڵاتیان.
پارێزگای مەرەش
لە قەزای ئۆنیکی شوبات لە پارێزگای مەرەش، ئاگرێکی گەورە لە دارستانەکان کەوتووەتەوە. بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، 6 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، 38 ئۆتۆمبێلی تایبەتی دارستان، 8 تانکەری ئاو و 15 شۆفڵ بەشداری دەکەن.
بەهۆی ئاگرەکەوە سێ ماڵ سووتان و 130 کەس لەلایەن ئافاد و جەندرمەوە بۆ ناوچە ئارامەکان گواسترانەوە. هەروەها 6 کارمەندی دارستانەکان بەهۆی دووکەڵەوە تەندروستییان تێکچووە و 5 کەسیان رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
پارێزگاری مەڕەش، موکەرەم ئونلوئەر رایگەیاند، ئاگرەکە نزیکەی 400 بۆ 450 هێکتار زەوی گرتووەتەوە و گوتی: "خۆشبەختانە تائێستا هیچ زیانێکی گیانیمان نییە. بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، ئەوانمان بۆ ناوچەی سەلامەت گواستووەتەوە. هەوڵەکانمان بەچڕی بەردەوامن."
زیاتر لە 50 ناوچەی نیشتەجێبوون چۆڵکراون
سەرۆکایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا (ئافاد) رایگەیاند، لە سەرانسەری وڵاتدا 5 هەزار و 400 کارمەند، 119 فڕۆکە و هێلیکۆپتەر و هەزار و 537 ئۆتۆمبێلی زەوینی بەشداری لە کوژاندنەوەی ئاگرەکاندا دەکەن.
وەزیری گەنجان و وەرزشی تورکیا، عوسمان ئاشکین باک، لە پەیامێکدا رایگەیاند، بەشە نێوخۆییەکانی سەر بە وەزارەتەکەیان لەو پارێزگایانەی ئاگریان تێدا کەوتووەتەوە، لە خزمەتی ئەو هاووڵاتیانەدا دەبن کە ناچاربوون ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
بەپێی ئامارەکانی ئافاد، لە چەند رۆژی رابردوودا 53 ناوچەی نیشتەجێبوون لە 10 پارێزگادا چۆڵکراون و زیاتر لە 8 هەزار سەر ئاژەڵ بۆ ناوچەی سەلامەت گواستراونەتەوە. هەروەها دەست بە تۆمارکردنی زیانەکان کراو، 56 خانوو، 4 ئاخوڕ و ژمارەیەک کۆگا زیانیان بەرکەوتووە.
وەزیری داد: 68 کەس دەستگیرکراون
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری رایگەیاند دەستیان بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد کردووە لە بارەی ئەو ئاگرانەی لە 26ی حوزەیرانەوە کەوتوونەتەوە.
وەزیری داد ئاشکرای کرد، تائێستا 68 گومانلێکراو دەستگیرکراون 21 کەسیان بە فەرمانی دادوەر دەستبەسەرن و 47ـی دیکەش بە مەرجی دادی ئازادکراون و خراونەتە ژێر چاودێریی دادوەرییەوە.
ئەم ساڵ زیاتر لە 3000 ئاگر کەوتوونەتەوە
رۆژی 23ـی تەممووزی 2025، لە شاری ئەسکیشەهیر-ی تورکیا، لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانێک، 10 کارمەندی فریاکەوتن، گیانیان لەدەستدا.
رۆژی 6ـی تەممووزی 2025، سەرۆکایەتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تائێستا سێ هەزار و 181 ئاگرکەوتنەوە روویانداوە. هەزار و 351یان لە دارستانەکان و هەزار و 830یشیان لە پوش و پاوانی زەوییە کشتوکاڵییەکان بوون.
بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان، 27 فڕۆکە، 105 هێلیکۆپتەر، 6 هەزار ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و تانکەری گەورەی ئاو و 25 هەزار کارمەند بەشدارییان کردووە. لە کۆی نزیکەی 3 هەزار ئاگر، 761یان لە 26ی حوزەیرانەوە تائێستا بوون، کە دەکاتە 25%ی کۆی گشتیی ئاگرەکانی ئەم ساڵ.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا؛ پار، سێ هەزار و 800 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کەوتەوە. لە ئەنجامدا 27 هەزار و 900 هێکتار زەوی دارستان و پاوانەکان سووتان. هەروەها چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 111 کەسیش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ