رووداو دیجیتاڵ
حەوت لایەنی سیاسیی دیار، لەوانە جەهەپە و دەم پارتی، داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و نائاساییان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کردووە. مژاری سەرەکی و تاکە تەوەری ئەم کۆبوونەوەیەش قەیرانی غەززەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، فراکسیۆنەکانی جەهەپە، دەم پارتی، رێگەی نوێ، لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتەکانی سەرلەنوێ رەفاهـ، پارتی کرێکارانی تورکیا، پارتی رەنجدەران و پارتی دیموکرات، بە نووسراوێکی فەرمی داواکارییەکەیان ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد.
لە ناوەڕۆکی نووسراوەکەدا، ئەو حەوت فراکسیۆن و لایەنە سیاسییە جەختیان لەسەر پێویستیی دەستبەجێی کۆبوونەوەکە کردووەتەوە. ئامانجی سەرەکییان راگرتنی ئەو "کۆمەڵکوژییە"یە کە لە غەززە روودەدات و گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی و پێداویستییە سەرەتاییەکانە بۆ دانیشتووانی ناوچەکە.
لایەنە داواکارەکان کاژێر 14:00ـی رۆژی هەینی، 29ـی ئاب، وەک وادەی پێشنیارکراو بۆ کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا دیاری کردووە.
ئەم داواکارییە لە کاتێکدایە کە پەرلەمانی تورکیا لە پشووی فەرمیدایە تاوەکو 1ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ. تەنیا ئەندامانی لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانیی، برایەتی و دیموکراسی، کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری، درێژە بە کارەکانیان دەدەن و کۆدەبنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ