رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ترابزۆن-ی تورکیا، بارانی بەخوڕ بووە هۆی رۆچوونی زەوی لە 5 گوند و داخستنی رێگەی سەرەکیی نێوان دوو شارۆچکە.
شەوی رابردوو 26ی ئەیلوولی 2025 بارانی بەخوڕ بووە هۆی رۆچوونی زەوی لە 5 گوندی سەر بە شارۆچکەی ئارسین لە پارێزگای ترابزۆن لە هەرێمی دەریای رەش لە تورکیا. هەروەها رێگەی سەرەکیی نێوان هەردوو شارۆچکەی ئاتایورت و سانتا بەهۆی رۆچوونەکانەوە بۆ چەند کاژێرێک داخران.
دوای رووداوەکە، تیمەکانی جەندرمە رێوشوێنی ئەمنییان لە ناوچەکەدا گرتەبەر و تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوەکانی ئاو، رێگەوبان و شارەوانیی ئارسین دەستیان بە کارکردن کرد بۆ کردنەوەی رێگە داخراوەکان.
حەمزە بیلگین، سەرۆکی شارەوانیی ئارسین رایگەیاند، رێگەی ئاتایورت-سانتا بەهۆی رۆچوونی زەوییەوە داخرابوو و تیمەکان بەخێرایی دەستیان بە کارکردن کردووە.
بیلگین، ئاماژەی بەوەش کرد کە دوای کارکردنی تیمەکان، رێگەکە بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو کراوەتەوە، بەڵام داوای لە هاووڵاتییان کرد بۆ پاراستنی گیان و ماڵیان، لە کاژێرەکانی داهاتوودا ئەو رێگەیە بەکارنەهێنن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا، پێشبینی دەکات شەپۆڵێکی بەهێزی لێزمەباران، 11 پارێزگای هەرێمی دەریای رەش دەگرێتەوە و شەپۆڵەکە دوو رۆژ دەخایێنێت. هۆشداری لافاویش لە پارێزگاکانی ترابزۆن، ریزە، بالکئەسیر و گیرەسوون دەدا.
بەڕێوەبەرایەتییەکە باس لەوەش دەکات، بەهۆی شەپۆڵەکەوە پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ