رووداو دیجیتاڵ
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت، پێویستە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هەڵبگیرێت بۆ ئەوەی کاری زیاتر بۆ ئاشتەوایی بکات.
دوای کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی، رۆژی سێشەممە، 28-1-2025، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دیدارەکانی شاندی پارتەکەی بەرز نرخاند و بە پێویستی زانی دەرفەتی باشتر بدرێتە عەبدوڵڵا ئۆجەلان.
سەبارەت بە هەڵوێستی هەنووکەیی دەم پارتی لەبارەی ئەو پرۆسەیە، هاتیمئۆغوڵڵاری گوتی: "ئێمە بە قۆناخی گەورەی هیوای ئاشتیدا تێدەپەڕین. ئێستا رێک کاتی بونیاتنانی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەی کوردە بە رێگەیەکی ئاشتییانە و دیموکراسییانە. چوونی شاندەکەمان بۆ ئیمرالی و دیداری لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان زۆر بەهادارە و لەو باوەڕەداین پێویستە بە شێوەیەکی سیستماتیکی درێژەی پێبدرێت".
ئەوە لەکاتێکدایە شاندەکە دوو جار سەردانی ئۆجەلانی کردووە و دەم پارتی داوا دەکات ئۆجەلان دەستکراوەتر بێت تاوەکو باشتر بتوانێت کار بۆ ئاشتەوایی بکات.
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی: "وەکو ئەوەی بەڕێز ئۆجەلان لە دیدارەکەدا ئاماژەی پێداوە، رۆژ و شەو بە چڕی کار بۆ ئاشتی دەکات، بەڵام دەڵێت دەرفەتەکان زۆر بەرتەسکن. پێویستە گۆشەگیریی سەر ئیمرالی لابدرێت".
لە وەڵامی رۆژنامەڤاناندا سەبارەت بە دیداری داهاتوو، هاتیمئۆغوڵڵاری رایگەیاند کە تاوەکو ئێستا هیچ کاتێک دیاری نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ