رووداو دیجیتاڵ
ئەنجامی دوایین راپرسی لەبارەی پڕۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا بڵاوکرایەوە، پلانەکەش بەو جۆرەیە بخرێتە بەردەم نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا.
لە کاتێکدا کۆمیسیۆنی پڕۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا درێژە بە کارەکانی دەدات، وەرگرتنی بۆچوونی خەڵک لەمبارەیەوە درێژەی هەیە.
یاڤوز دۆنات، نووسەری رۆژنامەی سەباح رایگەیاند، "کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" بە شێوەیەکی رێکوپێک بۆچوونی خەڵک وەردەگرێت.
دۆنات دەڵێ، بەشێک لە راپرسییەکان لەلایەن هەندێک لە دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە دەکرێن و هەموو ئەنجامەکانیش دەدرێنە نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمان.
بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەکە، بەرزترین پاڵپشتی بۆ ئەو پڕۆژەیەی کە دەسەڵات بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناوی دەبات، لەلایەن دەنگدەرانی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـەوەیە.
سەرەڕای لێدوانەکانی فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ دژی پڕۆسەکە و نەبوونی پارتەکەی لە کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان، 90%ی دەنگدەرانی ئەو پارتە پاڵپشتی لە پڕۆسەکە دەکەن.
لە بەدواداچوونەکەدا دەرکەوتووە کە پاڵپشتیی دەنگدەرانی ئاکپارتی و دەم پارتی بۆ پرۆسەکە لە 80%یە، لەکاتێکدا پاڵپشتی لای دەنگدەرانی جەهەپە و مەهەپە لە 70%ـەکاندا ماوەتەوە.
پاڵپشتی لای دەنگدەرانی ئیی پارتی بۆ 34% دابەزیوە و کەمترین پاڵپشتیش لای دەنگدەرانی پارتی زافەرە کە 14%ـە.
رێژەی پاڵپشتی بەگوێرەی تەمەن
راپرسییەکە بەگوێرەی تەمەنیش جیا کراوەتەوە. لە گرووپی تەمەن 18-24 ساڵدا پاڵپشتی بۆ پڕۆسەکە بە 70% تۆمارکراوە.
ئەو تەمەنەی بەرزترین پاڵپشتی تێدا تۆمار کراوە، گرووپی تەمەن 45-54 ساڵە کە رێژەکە گەیشتووەتە 80%. لەنێو بەشداربووانی تەمەن 65 ساڵ و بەرەو سەر، رێژەی پاڵپشتی 67%ـە.
پاڵپشتی بەگوێرەی ئاستی خوێندن
کاتێک سەیری ئاستی خوێندن دەکرێ، لە قۆناخی سەرەتاییەوە تاوەکو خوێندنی باڵا، رێژەی پاڵپشتی بە شێوەیەکی گشتی لەنێوان 68-78%ـدایە.
یەکێک لە ئەنجامە هەرە سەرنجڕاکێشەکان لای دەرچووانی زانکۆ و ئاستی خوێندنی باڵا دەرکەوتووە. لەم گرووپەدا رێژەی پاڵپشتی 68%ە، لەکاتێکدا لای دەرچووانی بنەڕەتی رێژەی پاڵپشتی بە 77% تۆمارکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ