رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، وڵاتەکەی بە درێژایی شەڕی لەگەڵ پەکەکە، تووشی زەحمەتی زۆر بووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە شەڕ "یەکپارچەیی و سەقامگیریی وڵاتەکەمانی بە ئامانج گرت''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی هەینی، 28ـی شوباتی 2025 لە گوتارێکدا لە ئیستەنبووڵ رایگەیاند: ''یەکێک لە گەورەترین بەربەستی وڵاتەکەمان، بەڵای تیرۆر بوو. لە تاقیکردنەوەی 40 ساڵەی تیرۆردا تووشی زۆر زەحمەتی بووین؛ تیرۆر بە تەنیا یەکپارچەیی و سەقامگیریی وڵاتەکەمانی نەکردە ئامانج، بەڵکو دیموکراسی، ئابووری و سیاسەتی مەدەنی وڵاتەکەمانی کردە ئامانج''.
ئەردۆغان گوتیشی: ''هەڕەشەی تیرۆر، بەدرێژایی ساڵانێکی زۆر، بۆ گۆڕینی ئاراستەی سیاسەت و بە ئامانج گرتنی سیسەتڤانان وەک کوتەکێک لە وڵاتەکەمان بەکارهات. ئێمە زیاتر لە 22 ساڵی دەسەڵاتمان، هەرگیز نەکەوتینە نێو ئەو تەڵەیەوە. هەمیشە پارێزگاریمان لە هاوسەنگی ئازادی و ئاسایش کرد''.
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، هەموو کاتێک پەیوەندیی برایەتییان لەگەڵ کورد بەهێز کردووە؛ لەبارەی پەیامەکەی ئۆجەلانیش گوتی: ''ئەو هەوڵەی بە دەستپێشخەرییە بوێرانەکەی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی و هەڵوێستی رژدی ئێمە لە پێناو تورکیایەکی بێ تیرۆر دامان، لە دوێنێوە چووەتە قۆناخێکی نوێوە''.
سەرۆککۆماری تورکیا هەر لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان گوتی: ''بۆ رووخاندنی ئەو دیوارەی لەنێوان برایەتیی هەزار ساڵەمان دروستکراوە، هەلێکی مێژووییمان لەبەردەمدایە''.
ئەردۆغان سەبارەت بە داهاتووی پرۆسەی چارەسەری ئاماژەی بەوە کرد، ''تورک، کورد و هەر تاکێکی ئەم گەلە، هەرگیز لەوانە خۆشنابن کە دەیانەوێت هاوشێوەی ئەوەی لە رابردوو روویدا، گوتە و کرداری گوماناوی، وەک بەربەست بخەنە بەردەم پرۆسەکە''.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی: ''بێگومان کەسانێک پەیدا دەبن کە نایانەوێت ئەو کێشەیەی بۆ برایەتیی هەزار ساڵەمان بووەتە ژەهر، بەشێوەیەکی هەمیشەیی و بنبڕکراو چارەسەر بکرێت. بۆیە هەموو جۆرە رێکارێکی ورد بۆ هەر هەوڵێکی تێکدەرانە دەگرینەبەر. کاتێک گوشاری چەک و تیرۆر کۆتاییهات، زەوینەی سیاسەت و دیموکراسی فراوان دەبێت''.
ئەردۆغان باسی لەوەش کرد، ''با گەلەکەمان بزانێت 85 ملیۆن هاووڵاتی، بە تورک، کورد، عەرەب، عەلەوی، سوننە و ئۆپۆزیسیۆن براوەی تورکیایەکی بێ تیرۆر دەبن. ئێمە بەتەواوی باوەڕمانە ئەمە دەڵێین''.
قسەکانی ئەردۆغان دوای ئەوە هاتن کە رۆژی پێنجشەممە، 27-2-2025، شاندی دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ پەیامی ئاشتیی ئۆجەلانیان راگەیاند. ئەحمەد تورک پەیامەکەی خوێندەوە.
لە پەیامەکەیدا، ئۆجەلان رایدەگەیێنێت، "لە کەشوهەوای ئێستادا، کە بە بانگەوازی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دروست بووە و ئەو ئیرادەیەی کە بەڕێز سەرۆک کۆمار نیشانیداوە و هەڵوێستە ئەرێنییەکانی پارتە سیاسییەکانی دیکە بەرامبەر بەم بانگەوازە، من بانگەواز بۆ چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە دەگرمە ئەستۆ".
ئۆجەلان لە بانگەوازەکەیدا باس لەوە دەکات، "داڕمانی سۆسیالیزمی واقیعی لەساڵی نەوەتەکاندا بە هۆکاری نێوخۆوە، کۆتاییهاتنی نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کوردی لە وڵاتەکەدا، ئەو بەرەو پێشچوونانەی لە بواری ئازادیی رادەربڕیندا هاتوونەتە کایەوە، هەموو پێکەوە بوونەتە هۆکاری ئەوەی پەکەکە نێوەڕۆک و مانای بوونی خۆی لەدەستبدات و بەبەردەوامی خۆی دووبارە بکاتەوە. لەبەرئەوە پەکەکە تەمەنی کۆتایی پێهاتووە و هەڵوەشاندنەوەی بووەتە زەروورەت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ