وەزیری ناوخۆی تورکیا: 601 هەزار کەس ئاسایشی هەڵبژاردن دەپارێزن

28-05-2023
سۆران حوسێن
سولەیمان سۆیڵو
سولەیمان سۆیڵو
نیشانەکردن هەڵبژاردنی تورکیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، زیاتر لە 60 ملیۆن دەنگدەر لە تورکیا و باکووری کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە و بۆ دەنگدانیان زیاتر لە 191 هەزار سندووق دانراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ پاراستنی ئاسایشی سندووقەکان 601 هەزار فەرمانبەر و ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لە ئەرکدان.
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 28ـی ئایاری 2023) گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا بەڕێوەدەچێت. سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردنی ئەمڕۆ گەڕی دووەمە و تەنیا بۆ سەرۆککۆمارە، هەڵبژاردن بەپەلە و بێ کێشە بەڕێوەدەچێت".
 
سولەیمان سۆیلو گوتی، لە 81 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، کە زیاتر لە 60 ملیۆن و 320 هەزار کەس لەنێوخۆی وڵاتەکە مافی دەنگدانیان هەیە.
 
بۆ دەنگدانی تورکیا زیاتر لە 191 هەزار سندووق دانراون. وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتی، 601 هەزار کارمەند و ئەندامی هێزە ئەمنییەکان ئاسایشی پڕۆسەی هەڵبژاردن دەپارێزن.
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەو ناوچانە کرد، کە لە شوباتی ئەمساڵدا بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانی گەورەیان بەرکەوت و گوتی، "هەزار و 158 سندووق لەو ناوچانەدا دانراون بۆ ئەوەی خەڵکەکە لە شوێنی خۆیاندا دەنگ بدەن".
 
سولەیمان سۆیلو گوتی، بۆ پاراستنی سندووقەکان، لایەنە پەیوەندیدارەکان و کۆمیسیۆن لە بەرزترین ئاستدا لە هاوئاهەنگیدان.
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، سۆیلو داوای لە هاووڵاتییانی تورکیا و باکووری کوردستان کرد، ئەگەر کێشەی ناسنامەیان هەبوو بۆ دەنگدان، سەردانی فەرمانگەکانی ناسنامە بکەن کە ئەمڕۆ کراوەن و کێشەکانیان بۆ چارەسەر دەکەن.
 
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماردا، رەجەب تەیب ئەردۆغان 49.52٪ی دەنگەکان، کەمال کڵچدارئۆغڵو 44.88٪ـی دەنگەکان، سینان ئۆغان 5.17٪ی دەنگەکان موحەڕەم ئینجە 0.43٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا. بەهۆی ئەوەی هیچکام لە بەربژێرەکان 50+1٪ی دەنگەکانیان نەبردەوە، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی لە نێوان ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو کەوتە گەڕی دووەم. 
 
بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی تورکیا، پێویستە بەربژێری سەرۆکایەتیی کۆمار 50+1٪ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت. لە ئەگەری نەگەیشتنی دەنگی هیچکام لە بەربژێرەکان بۆ ئەو رێژەیە، هەڵبژاردن دەچێتە گەڕی دووەم و مەرجە لەماوەی 15 رۆژدا هەڵبژاردنەکە بکرێت. لە گەڕی دووەمدا واتا لەمەی ئەمڕۆ، بەربەستی 50+1٪ نامێنێت و رکابەرایەتی لەنێوان دوو بەهێزترین بەربژێر دەکرێت، کە دەنگی یەکەم و دووەمیان لە گەڕی یەکەم بەدەستهێناوە و هەر کامیان زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت، دەبێتە سەرۆککۆماری تورکیا.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە