پەیامنێرانی رووداو رووماڵی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا دەکەن

28-05-2023
پەیمان محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا لە نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور و کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەت بەڕێوەدەچێت و یەکلایی دەبێتەوە کام بەربژێر دەبێتە سەرۆککۆماری پێنج ساڵی داهاتووی تورکیا.
 
کاژێر 8:00ی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28-05-2023، هەڵبژاردنی گەڕی دووەمی سەرۆککۆماری تورکیا لە نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور و کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەت دەستیپێکرد؛ ناوەندەکانی دەنگدان کاژێر 17:00ـی ئێوارە دادەخرێن. کاژێر 18:00ـیش قەدەخەی هەڵبژاردن کۆتایی دێت و دوای ئەوە ئەنجامی بەرایی لەگەڵ کردنەوەی سندووقەکانی دەنگدان بڵاودەکرێتەوە.
 
لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا 64 ملیۆن و 163 هەزار و 899 کەس مافی دەنگدانیان هەیە. تۆڕی پەیامنێرانی رووداویش لە شارە جیاوازەکانی باکووری کوردستان و شارە گەورەکانی تورکیاوە رووماڵی گەڕی دووەمی هەڵبژاردن دەکەن.
 
ئیستەنبووڵ کاریگەریی گەورەی دەبێت 
 
لە ئیستەنبووڵ 11 ملیۆن و 360 هەزار و 915 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و بەهۆی زۆریی دەنگدەرانی پارێزگاکە، رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە هەڵبژاردنەکەدا دەبێت.
 
 
عومەر سۆلمەز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئیستەنبووڵ دەڵێت، ژمارەیەک لە سەرکردەی پارتە سیاسییەکانی تورکیا لە ئیستەنبووڵ دەنگ دەدەن، وەک رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا؛ پەروین بولدان، هاوسەرۆکی هەدەپە؛ مەراڵ ئاکشنەر، سەرۆکی ئی پارتی.
 
پەیامنێرەکەی رووداو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ لە کاژێر 6:00ی بەیانییەوە تاوەکو کاژێر 12:00ی شەو، فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان و هەڵگرتنی چەک قەدەخەکراوە و باڕ، قاوەخانە و چایخانەکان دادەخرێن و تەنیا خورادنگەکان دەکرێنەوە.
 
رێژەی دەنگدان لە ئەنقەرە گرنگە 
 
 
لە ئەنقەرە بەر لە دەستپێکی هەڵبژاردن، لێزمەبارانێک دەستیپێکرد و ئەوەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی خەڵک درەنگ بەرەو پیری سندووقەکانی دەنگدان بچن. شەوکەت هەرکی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەنقەرە دەڵێت، لە هەندێک لە قوتابخانەکان کە بنکەی دەنگدانن، قەرەباڵخییەکی زۆر هەیە.
 
شەوکەت هەرکی ئاماژەی بەوە کرد ژمارەیەک لە سەرۆکی پارتەکان لەوانەش کەماڵ کڵچدار ئۆغڵو و میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپە، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا لێرە دەنگ دەدەن.
 
لە ئەنقەرە، چوار ملیۆن و 280 هەزار و 941 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و 123 هەزار و 251 سندووق بۆ تۆماری دەنگدەران ئامادە کراون.
 
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا، دەنگی کەمال کڵچدارئۆغڵو لە ئەنقەرە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان زیاتر بوو. پەیامنێری روودا دەڵێت، ئەگەر هەیە لە ئەنقەرە رەوشەکە نەگۆڕدرێت.
 
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا، 91٪ی ئەو کەسانەی لە ئەنقەرە مافی دەنگدانیان هەبوو، بەشداری هەڵبژاردنەکە بوون. راوین ستێرک، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەنقەرە گوتی، سەرەتا بەشداریکردن کەم بوو، بەڵام دواتر قەرەباڵخییەکی زۆر لە بنکەکان دروستبوو.
 
 
بەشداریکردنی هاونیشتمانییان لە هەڵبژاردن لە ئامەد 
 
ماشەڵڵا دەکاک، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئامەد دەڵێت، چاودێرییەکی چڕ لە بنکەکانی دەنگدان لەسەر سندووقەکان هەیە و یەکێک لە چاودێرە کوردەکانیش رایگەیاند، ''رێگە نادەین دەنگدان لە رێچکەی یاسایی خۆی لابدات و بەردەوام چاودێری دەنگدانەکە دەکەین.'' 
 
لە ئامەد سێ هەزار و 675 سندووقی دەنگدان لە 17 ناوچە دانراون و ملیۆنێک و 143 هەزار کەسیش مافی دەنگدانیان هەیە.
یەسەپە پشتگیری خۆی بۆ بەربژێرەکەی هاوپەیمانیی میللەت دەربڕیوە، بەڵام پەیامنێری رووداو دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت رێژەی بەشداری لە گەڕی یەکەم کەمتر بێت. 
 
لە هەڵبژاردنەکانی 2018ی پەرلەمان و پۆستی سەرۆککۆماریی تورکیا، 84٪ی ئەو کەسانەی لە ئامەد مافی دەنگدانیان هەبوو، دەنگیان دا؛ ئەو رێژەیە لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی ساڵی 2023ی باکووری کوردستان و تورکیا بۆ 82٪ دابەزی.  
 
 
بەشداریکردنی هاونیشتمانییان لە وان کەمە 
 
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا لە وان، رەجەب تەیب ئەردۆغان 35.6٪ی دەنگەکانی بەدەستێهێنا و کەمال کڵچدارئۆغڵووش 62.1٪ی دەنگەکان.
 
عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە وان پێیوایە، ئەو کەشوهەوا گەرمەی لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردندا هەبوو، ئەمڕۆ لە وان بەرچاو ناکەوێت.
 
 
زیاتر لە 704 هەزار دەنگدەر لەو پارێزگایە لە رێگەی دوو هەزار و 284 سندووق مافی دەنگدانیان هەیە کە لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا نزیکەی 80٪ی دەنگدەران، دەنگی خۆیان دا. پەیامنێرەکەی رووداو دەڵێت، دەنگدەرانی کورد ئەو جۆش و خرۆشەی پێشوویان بۆ دەنگدان نەماوە.
 
عەبدولسەلام ئاکنجی قەرەباڵخیی گەڕی یەکەم لەگەڵ ئەمڕۆ بەراورد دەکات و دەڵێت، ''لە 14ی ئایاردا کاژێر 7:10 خولەک لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان بووم کە ئەو کات قەرەباڵخییەکی زۆر دەبینرا، بەڵام ئێستا خەڵکێکی زۆر کەم بۆ دەنگدان دێن.''

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە