عوسمان بایدەمیر: نە کڵچدارئۆغڵو و نە ئەردۆغان نابنە سەرۆککۆماری کورد

28-05-2023
پەیمان محەممەد
هەفپەیڤینی عوسمان بایدەمیر لەگەڵ زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە لۆزان.
هەفپەیڤینی عوسمان بایدەمیر لەگەڵ زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە لۆزان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
عوسمان بایدەمیر، سیاستڤانی کوردی باکووری کوردستان، پێیوایە ئەگەر ئەردۆغان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی پۆستی سەرۆککۆماریی تورکیا سەربکەوێت، پێنج ساڵی دیکە گرژی و ناتەبایی لەو وڵاتە روودەدات؛ دەشڵێت، ''سەرکەوتنی کڵچدارئۆغڵوش بە مانای کرانەوەی دەرگەی بەهەشت نییە بەڵکو بە مانای داخرانی دەرگەی جەهەنەمە.''
 
لە پەراوێزی دیداری یەکەمی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە لۆزان کە بەبۆنەی 100 ساڵەی رێککەتننامەی لۆزان لە شاری لۆزانی سویسرا بەڕێوەچوو. زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، سەبارەت بە هەندێک پرسی گرنگ بەتایبەتی هەڵبژاردنەکانی پۆستی سەرۆککۆماریی تورکیا، هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ عوسمان بایدەمیر، کەسایەتیی سیاسیی باکووری کوردستان ئەنجامدا.
 
عوسمان بایدەمیر لەبارەی ئەنجامەکانی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی پۆستی سەرۆککۆماریی باکووری کوردستان و تورکیا دەڵێت، دەبێ ئەو راستییە لەبەرچاو بگیرێت، کە هیچ کام لە دوو بەربژێرەکانی پۆستی سەرۆککۆماری، بەربژێری کورد نین و هەر کامیان هەڵبژێردرێت، نابێتە سەرۆککۆماری کورد.
 
ئەمڕۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا لە نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور و کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت بەڕێوەدەچێت و یەکلایی دەبێتەوە کام بەربژێر دەبێتە سەرۆککۆماری پێنج ساڵی داهاتووی تورکیا.
 
بایدەمیر پێیوایە حکومەتی ئەردۆغان، دەسەڵاتێکی هەرە نەتەوەپەرستە ''بە تایبەتی لە هەشت ساڵی دوایی دەسەڵاتیدا، هەم لە باکووری کوردستان، هەم رۆژئاوای کوردستان و هەم باشووری کوردستانیش هەر شتێک لە دەستی هاتووە، دژ بە کورد کردوویەتی.''
 
عوسمان بایدەمیر باسی لەوە کرد، دەسەڵاتی ئەردۆغان بە هەزاران سیاسەتڤان و کەسایەتیی سڤیلی دەستبەسەر کردووە و بە هەزاران کەسیش بە ناچاری روویان لە تاراوگە کردووە.
 
بایدەمیر جەخت لەوە دەکاتەوە، سەرکەوتنی ئۆپۆزیسیۆن لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا، ''بە مانای کرانەوەی دەرگەی بەهەشت نییە، بەڵام ئەگەر کڵچدارئۆغڵو سەربکەوێت، ئەوە دەرگەی جەهەننەمە کە دادەخرێت، لەبەر ئەوەی بەداخەوە ئەردۆغان و پارتەکەی، سیاسەتی خۆیان لەسەر نەبوونی کورد و باکووری کوردستان داڕشتووە.''
 
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا، هاوپەیمانیی جمهوور، توانی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان بباتەوە. عوسمان بایدەمیر لەوبارەوە دەڵیت، ئەردۆغان ئێستا دەتوانێت نزیکەی 320 پەرلەمانتار کۆنتڕۆڵ بکات، ''ماناکەی ئەوەیە کە دەسەڵاتی یاسادانان لەبەر دەستی ئەردۆغان و هاوپەیمانەکانیدایە و ئەگەر دەسەڵاتیش [حکومەت] کە سیستمێکی سەرۆککۆمارییە، بکەوێتەوە دەستی ئەردۆغان، ئەوە سیستمێکی تەواو فاشیزمی لە تورکیا دێتە ئاراوە."
 
بایدەمیر روونیدەکاتەوە، ئەگەر کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا سەربکەوێت، دەسەڵاتی بەڕێوەبردن و پەرلەمان دەکەونە دەستی دوو حیزبی جیاواز کە ئەوە باڵانسێک رادەگرێت و بۆ کوردیش باشترە.
 
عوسمان بایدەمیر کە لە خوولی پێشووتری پەرلەمانی تورکیادا ئەندام پەرلەمانی هەدەپە بوو، ئەوەشی خستەڕوو، کورد نەتەوەیەکی ئاشتیخوازە و لەگەڵ شەڕ نییە، ''بەڵام ئەردۆغان لە رابردوودا نەک تەنیا ئەو رێگەیەی گرت، بەڵکو تەقاندییەوە و باوەڕ ناکەم ئەردۆغان جارێکی دیکە بگەڕێتەوە سەر هێڵی دانوستاندن و رێککەوتن، ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانیشدا سەربکەوێت، مەترسییەکی زۆر بۆ سەر رۆژئاوا، باشوور و باکووری کوردستان هەیە.''
 
لە هەڵبژاردنەکانی گەڕی یەکەمدا ژمارەی کورسییەکانی هەدەپە بەراورد بە رابردوو کەمیکرد. بایدەمیر هۆکاری کەمبوونەوەی کورسییەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی ''لە ماوەی هەشت ساڵدا، زیاتر لە 10 هەزار ئەندام و پەرلەمانتاری هەدەپە خراونەتە زیندانەوە، هەموو شارەوانییەکانی لێ وەرگیراوەتەوە و هەزاران نوێنەر، پەرلەمانتار و گوتەبێژی ئەم حیزبەش، ناچار بوون روو لە هەندەران بکەن، جگە لەو گوشارەش، دزیکردن لە دەنگەکاندا هۆکاری کەمکردنی دەنگی هەدەپە بوو."
 
هەدەپە بە فەرمی رایگەیاند کە لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا، پشتگیری لە کەمال کڵچدارئۆغڵو دەکات، عوسمان بایدەمیر هۆکاری ئەو بڕیارە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ئەردۆغان دەیەوێت کورد و سەرکەوتنەکانی لە نێو بچن، ''بەڵام ئەگەر پەرلەمان لە دەستی حیزبێکدا بێت و بەڕێوەبەریش لە دەستی حیزبێکی دیکەدا، ئەوە باڵانسێک لە هێزدا دروست دەبێ و کوردیش دەتوانێت لەپێناو ئەوەی خەباتی بۆ دەکات، هەنگاوێک هەڵێنێتەوە.''
 
ئەو کەسایەتییە سیاسییە کە لە ماوەی نێوان 2004 بۆ 2014 سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەد بوو، پێیوایە، نە ئاکپارتی و  نە جەهەپە ناتوانن سەقامگیری بۆ تورکیا و باکووری کوردستان بگەڕێننەوە و کێشەی کورد چارەسەر بکەن، ''لەبەر ئەوەی هەردوو حیزب لە ژێر گوشاری نەتەوەپەرستی تورکدان، جەهەپە لە ژێر گوشاری ئی پارتی و ئاکپارتیش لە ژێر گوشاری مەهەپە.''
 
بەگوتەی عوسمان بایدەمیر، هیچ کام لە دوو بەربژێرەکە خزمەتی ئازادی ناکەن، هۆکاری دەنگدانی هەدەپەش بە کڵچدارئۆغڵو بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ''10٪ی دەنگی ئێمە، توانای ئەوەی نییە بەربژێری خۆی هەبێت، بەڵام دەنگی ئێمە، ئەوە گەرەنتی دەکات کە  ئەو کەس و کەسایەتییانەی هەبوونی خۆیان لەسەر نەبوونی کورد دامەزراندووە، بڕووخێن، ئەگەر ئەوانیش رووخان، ئەو کات بە خەبات و بەرخۆدان دەکرێت ئاستێک لە ئازادی دروست بکەین''.
 
بایدەمیر داوا لە خەڵک دەکات لە هەڵبژاردندا بەشدار بن و دەنگی خۆیان بۆ ئەوە بەکاربهێنن کە ''ئەو کەسانەی نایانەوێت کورد سەربکەوێت، بە غەدری [زوڵم] خۆیان لە نێو بچن''.
 
عوسمان بایدەمیر داواش لە هاونیشتمانییانی کورد دەکات ''دوای تەواوبوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن، لە شایی و شینی هیچ پارتێکدا بەشدار نەبن و تەنیا دەنگی خۆیان بدەن و بچنەوە ماڵی خۆیان، چونکە هەر ناکۆکییەک لە نێوان هەردوولا دەربکەوێت، ئەو ناکۆکییە هی ئێمەی کورد نییە.''

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە