رووداو دیجیتاڵ
پارتە سیاسییەکانی تورکیا بۆچوونی خۆیان لەبارەی گۆڕینی دەستووری ئەو وڵاتە دەخەنەڕوو؛ ئەوەش لە کاتێکدایە ئەو دەستوورەی ئێستای تورکیا لە ساڵی 1982، دوای کودەتاکەی 12ی ئەیلوولی 1980 هەموار کراوەتەوە.
پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) کە هاوپەیمانی یەکدین، داوای نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ لە وڵاتەکەیان دەکەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی پێیوایە ئەو دەستوورەی ئێستای تورکیا بەرهەمی کودەتایە. راشیگەیاند، بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ، 10 یاساناسی وڵاتەکەی خستووەتە سەر ئەرک؛ داوای لە پارتە سیاسییەکانی دیکەش کرد، پاڵپشتی لەو هەوڵە بکەن.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) پێیوایە ئەو دەستوورەی ئێستای تورکیا، مافی ئازادیی رادەربڕینی پێشێلکردووە و وڵاتەکە پێویستی بە دەستوورێکی سڤیل و دیموکراسی هەیە، بەڵام دۆخی سیاسیی ئێستای وڵاتەکە بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ لەبار نییە.
سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری دەشڵێت، "پوختەی قسان؛ ئەوەی دەیەوێت لەگەڵ ئێمە دەستوور بنووسێتەوە، دەبێت وڵات بە شێوەیەکی دیموکراسی و شەفافانە بەڕێوەببات. ئێمە لەگەڵ کەسانێک کە دەستووریان (دەستووری ئێستای تورکیا) خستووەتە ژێرپێ، دەستوور نانووسینەوە."
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ ئەوەیە دەستوورێکی نوێ بنووسرێتەوە، کە تێیدا مافەکانی کورد دەستەبەربکرێن و پرسی کورد کە 100 ساڵە لە تورکیا هەیە، ئیدی بە هەمیشەیی چارەسەر بکرێت.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتەکە پێیوایە، تەنیا لەڕێگەی نووسینەوەی دەستوورێکی دیموکراسی، هەموو پێکهاتە و گەلانی تورکیا دەتوانن بگەن بە مافەکانیان. هاوسەرۆکی پارتەکە ئاماژە بەوەش دەکات، "هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ پایتەختی ئەم وڵاتە و کۆمار نییە، بەڵام کەس ناتوانێت وامان لێبکات بڵێین، بەڵێ بۆ کۆمارێکی تاکڕەو و نکۆڵیکار."
ئیی پارتی کە پارتێکی نەتەوەپەرستە، بە هەموو شێوەیەک دژی گۆڕینی دەستوورە و پێیوایە هەموو هەوڵەکان لەمبارەیەوە، بۆ هەڵبژاردنەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغانە، وەکو سەرۆککۆماری تورکیا.
موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی پارتەکە لەمبارەیەوە داوا دەکات، پارتە سیاسییەکانی دیکە پاڵپشتی لەم هەوڵە نەکەن و دەشڵێت، "ئەوەی ئەمڕۆ تورکیا پێویستی پێیەتی، گۆڕینی دەسەڵاتە نەوەک دەستوور."
پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار) کە پارتێکی کوردییە، لەگەڵ نووسینەوەی دەستوورێکی نوێیە. زەکەریا یاپجیئۆغڵو، سەرۆکی پارتەکە دەڵێت، "بێگومان هەموو پارتە سیاسییەکان هێڵی سووری خۆیان هەیە، بەڵام تکایە هەر گرووپ یان پارتێکی سیاسی، با ئێستا هێڵە سوورەکانی لەلای خۆی هەڵبگرێت و نەیخاتە سەر مێز، چونکە ئەگەر وابکەن، ناتوانن لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆببنەوە و دەستوورێکی نوێ دابڕێژنەوە."
سەرۆکی پارتەکە لەمبارەیەوە دەڵێت، "تورکیا پێویستی بە دەستوورێکی سڤیلە، کە مافی هەموو گەلان دەستەبەر بکات. ئەگەر هەموو پارتە سیاسییەکانی تورکیا داوای دەستوورێکی نوێ بکەن، ئەرک و بەرپرسیارێتیی پەرلەمانە دەستوورێکی نوێ دەستەبەر بکات. ئێمەش بەڵێنمان بە گەلەکەمان داوە، ئەوەی بۆ ئەم بابەتە لەدەستمان بێت، دەیکەین و بەڵێنی خۆشمان دەبەینەسەر."
پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ گومانی لە شەفافییەتی هەوڵەکان بۆ گۆڕینی دەستوور هەیە. فاتیح ئەربەکان لەمبارەیەوە دەڵێت، "هاوپەیمانیی جمهوور کە پێشێلی ئەم دەستوورەی ئێستا دەکات و گوێ بە بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤ لە ئەورووپا نادات، لە ئەگەری دەستوورێکی نوێدا، چۆن پابەندی دەستوورەکە دەبن؟"
بە بۆچوونی ئەربەکان، هەوڵەکان لەمبارەیەوە بۆ ئەوەیە، ئەردۆغان جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار بەربژێر بکاتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "تورکیا پێویستی بە هەموارکردنەوەی دەستوور نییە، بەڵکو پێویستی بەوەیە، کار بۆ بووژاندنەوەی ئابووری، بەرقەرارکردنی دادپەروەری و گرنگیدان بە خوێندن بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ