رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە پرۆسەی چارەسەری کۆبوونەوە.
بەگوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی، کۆبوونەوەی شاندی پارتەکەیان لەگەڵ ئاکپارتی، ئەمڕۆ چوارشەممە 28ـی ئایاری 2025 لە پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچووە و دوو کاژێر و 15 خولەکی خایاندووە.
شاندەکەی دەم پارتی لە تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی پارتەکە؛ گوڵستان کۆچئیگیت و سەزایی تەمەللی، بریکاری هاوسەرۆکانی فراکسیۆنی دەم پارتی پێکهاتبوون. شاندی ئاکپارتی لە ئەفکان ئالا، بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی؛ عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی؛ عەبدوڵڵا گولەر و ئۆزلەم زەنگین، بریکارانی سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی پێکهاتبوو.
نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، بیروڕایان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی تورکیا و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کردووە.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، پرۆسەی چارەسەری، ئەنجامی دوایین دیداری شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، ئەنجام و لێکەوتەکانی راگەیاندنی کۆنگرەی پەکەکە لە تەوەرە گرنگەکانی دیدارەکە بوون.
دەم پارتی دەڵێت، "هەڵسەنگاندن بۆ ئەو هەنگاوانە کرا کە لەمەودوا پێویستە بنرێن بۆ سەرخستنی پرۆسەکە؛ جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە پەرلەمان رۆڵێکی کارا بگێڕێت و باس لە پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمان بۆ ئەو مەبەستە کرا".
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "باس لە هەموارکردنەوەی یاسای سزاکان کرا، بەتایبەتی هەموارکردنەوەی ئەو بڕگانەی پەیوەندییان بە دۆخی زیندانیکراوە سیاسییە نەخۆشەکانەوە هەیە؛ شاندەکەمان جەختی لە چاوەڕوانیی کۆمەڵگە و پارتەکەمان کردەوە بەوەی گرنگە هەموارەکان بەر لە جەژنی قوربان بکرێن."
رۆژی 27ـی ئایار، شاندی دەم پارتی لەگەڵ مەهەپە کۆبووەوە. شاندەکە لە رۆژانی 19-23ـی ئەم مانگەش لەگەڵ پارتەکانی دەڤا، سەعادەت، جەهەپە، سەرلەنوێ رەفاه و ئاییندە کۆبووەوە.
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی پێنج جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی راگەیاندووە.
ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ، داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ