سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەڵێت، لیژنەیەک تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری پێکدەهێنن

28-05-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای دیداری لەگەڵ سەرۆکی مەهەپە، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا پەسنی هەوڵ و رۆڵی دەوڵەت باخچەلی لە دەستپێشخەری بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی چارەسەری دا؛ ئاماژەی بەوەش کرد، پەرلەمان لیژنەیەک بۆ ئەو مەبەستە پێکدەهێنێت. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 28ـی ئایاری 2025، نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەردانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەی کرد. 
 
دوای کۆبوونەوەیەک کە نزیکەی 40 خولەکی خایاند، نوعمان کورتولموش بۆ میدیای وڵاتەکەی دوا و رایگەیاند، گفتوگۆیان لەبارەی چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە کردووە و گوتی: "دوای بانگەوازی ئیمرالی کە دواتر رێکخراوی تیرۆریستی پابەندبوونی خۆی راگەیاند و رازی بوو بە خۆهەڵوەشاندەوە و دانانی چەک، پرۆسەیەکی نوێ لە تورکیا دەستیپێکرد."
 
نوعمان کورتولموش گوتی: "بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە بەرچاوی گەلەکەمان و بە ئاشکرا سەربکەوێ، ئەرک دەکەوێتە ئەستۆی پەرلەمانی تورکیا. هەربۆیە لیژنەیەک لە پەرلەمان پێکدەهێندرێت کە نوێنەرایەتیی تەواوی پارتە سیاسییەکان بۆ چاودێریکردن و بەڕێوەبردنی پرۆسەکە بکات."
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتی: "دەرفەتێکی مێژوویی بۆ تورکیا ھاتووەتە پێش. ئەمە پرۆسەیەکی سیاسی نییە کە پارتێک یان هێزێکی سیاسی بە تەنیا بتوانێت سەری بخات، بەڵکو ئەمە کارکردنێکە بۆ دروستکردنی یەکڕیزی، برایەتی و تەبایی. ھیوادارم ھەمووان شان بدەنە ژێر ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییە لەژێر چەتری پەرلەمان. هەربۆیە تەواوی گفتوگۆ و دانوستاندنەکان لە ژێر چاودێریی پەرلەمانی تورکیادا دەکرێن." 
 
نوعمان کورتولموش ئاماژەی بەوە دا: "تورکیا نزیکەی نیوەی سەدەیە بەدەست کێشەی تیرۆرەوە سەرقاڵە؛ کێشەیەک کە بووە ھۆی لەدەستدانی ھەزاران کەس و زیانی دارایی نزیکەی دوو تریلیۆن دۆلاری دا. ئێستا ئەم بەڵایە خەریکە نامێنێ. ئەرکەکە لە ئەستۆی پەرلەمانی تورکیایە. بانگەواز بۆ ھەموو پارتە سیاسییەکان دەکەم ببنە ھاوبەشی ئەم ئەرکە سیاسییە." 
 
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
 
12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە