رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی رایگەیاند، بۆ هەنگاوە یاسایی و سیاسییەکانی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا، جەخت لە دروستکردنی کۆمسیۆنێک لە پەرلەمانی تورکیا دەکەنەوە.
مەحمەت کاماچ، پەرلەمانتاری ئامەدی دەم پارتی، لە کاتی بەشداریکردنی لە نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، لەبارەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا رایگەیاند، "مەرجەکانی پێشخستنی ئەم پڕۆسەیە ئەوەیە، زەمینەیەکی سیاسی و یاسایی دروست بکرێت. بۆ ئەمەش دەبێت لە پەرلەمان کۆمیسیۆنێک پێکبهێندرێت."
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی گوتیشی، داواکارییەکی سەرەکییان لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار، سەرۆکی پەرلەمان و پارتە سیاسییەکان هەیە، ئەویش ئەوەیە، "ئەم کۆمیسیۆنە زوو پێکبهێندرێت و بەپەلە دەست بە کارەکانی بکات."
لەبارەی داواکاریی عەبدوڵلا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، کە داوای دیداری لەگەڵ چەند سەرۆک و سەرکردەیەکی کورد کردبوو، ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی دەڵێت، "بەڕێز ئۆجەلان داواکارییەکی هەبوو کە لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی و مەزڵوم عەبدی دیدارێک ئەنجام بدات، بەڵام هیچ زانیارییەکی بەرجەستە نییە کە ئەم دیدارە لە کوێ و چۆن ئەنجام دەدرێت. داواکاریی ئێمەش ئەوەیە کە دیداری لەم شێوەیە ئەنجام بدرێن، تاوەکو ئەم پڕۆسەیە بچێتە پێشەوە."
1ی تشرینی یەکەمی پار، بە دەستپێشخەریی دەسەڵاتی تورکیا، دەست بە پرۆسەی چارەسەری کرا. پرۆسەکە لەلایەن تورکیاوە بە "تورکیای بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
شاندی ئیمرالیی دەم پارتی بۆ ئەم مەبەستە، پێنج جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە. ئۆجەلان لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە رۆژانی 5 - 7ی مانگی ئایار، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ