رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراسیی گەلان - هەدەپە، کە لە چوارچێوەی دۆسیەی کۆبانێ لە گرتووخانەیە، لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەڵێت، "ئەگەرچی دەوڵەت هەنگاوی بۆ دامەزراندنی لیژنەیەکی پەرلەمانی ناوە، بەڵام بەرپرسیارێتی و قورساییە سەرەکییەکە خراوەتە ئەستۆی لایەنی کوردی."
فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە گرتووخانەی کاندرا لە شارۆچکەی کاندرای سەر بە پارێزگای کۆجائەلیی تورکیا، هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ رۆژنامەی (یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا) کرد، بۆچوونەکانی خۆی لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی چارەسەری خستنەڕوو.
یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا، رۆژنامەیەکی نزیکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە و ناوەندەکەشی لە ئەڵمانیایە.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، یوکسەکداغ ئاماژەی بەوە کردووە، چەکدانانی سیمبوولیی 30 گەریلای پەکەکە، "پەیامێکی بەهێز بوو بۆ گەلانی تورکیا کە پێیانی گوت، ئەو لایەنەی خوازیاری شەڕ و مەرگە، کورد نییە."
وەکو رۆژنامەکە دەڵێت، یوکسەکداغ لەبارەی رۆڵی حکومەتی تورکیا لە پرۆسەکە گوتوویەتی، "ئەگەرچی دەوڵەت هەنگاوی بۆ دامەزراندنی لیژنەیەک لە پەرلەمان ناوە، بەڵام بەرپرسیارێتی و قورساییە سەرەکییەکە، خراوەتە ئەستۆی لایەنی کوردی. ئەمەش دۆخێکی نایەکسان لە بەرپرسیارێتیدا دێنێتە ئاراوە و بێ متمانەیی لەناو خەڵکدا دروست دەکات."
هەر بەگوێرەی ئەو رۆژنامەیە، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کە دواتر حیزبەکە گۆڕدرا بۆ دەم پارتی، ئاماژەی بەوە کردووە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پارتەکەی کە پەکەکەیە، "ئەوەی لە ئەستۆیان بووە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، کردوویانە." باسی لەوەش کرد، "ئێستا ئەرکی سەرشانی حکومەتی تورکیایە" گەرەنتیی یاسایی و سیاسی بۆ ئۆجەلان دابین بکات.
دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ چییە؟
رووداوەکانی کۆبانێ لە رۆژانی 6-8ی تشرینی یەکەمی 2014 روویاندا.
دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر کۆبانێ، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی دیکەی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا کرد، رێگە بە ناردنی چەک و هاوکاریی دیکەی سەربازی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە.
لە چەند شارێکی باکووری کوردستان خۆپێشاندان دەستیپێکرد، حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند.
گرژییەکان زیادبوون و لە ئەنجامدا 46 سڤیل و پۆلیس کوژران، 682 کەس لە خۆپێشاندەران و پۆلیس بریندار بوون، 323 کەس دەستگیرکران و 1113 باڵەخانە سووتێندران.
حکومەتی تورکیا رۆژی 4ی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆسەر هەدەپە دەستپێکرد، هەریەکە لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بەبڕیاری دادگە، خرانە زیندانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ