رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا - ئاکپارتی دەڵێت، سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری کاری لەپێشینەی وڵاتەکەیەتی. ئاماژە بەوەش دەکات، "پشت بە خودا بە پشوودرێژییەوە بە ئامانجەکە دەگەین."
مستەفا ئەلیتاش، بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی رۆژی یەکشەممە 27ی تەممووزی 2025 لە گوتارێکیدا لە شاری یۆزگاتی تورکیا رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی لەپێناو دابینکردنی سەقامگیری بۆ گەل و پێکهاتەکانی، پرۆسەی چارەسەریی دەستپێکردووە.
ئەلیتاش جەختی لەوە کردەوە، سەرخستنی پرۆسەکە، کاری لەپێشینەیانە، "هەنگاو بە هەنگاو بەرەوپێش دەچین. پشت بە خودا بە پشوودرێژییەوە بە ئامانجەکە دەگەین."
بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی ئاماژەی بەوەش کرد، رژدن لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕی چەند دەیەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و بەرقەرارکردنی ئاسایش لە وڵاتەکەیان.
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارە لە تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستیپێکرد.
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ