هاوسەرۆکی دەبەپە: کورد لە بەدەستهێنانی پێگەی خۆی نزیکە

28-07-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکانی تورکیا - دەبەپە دەڵێت، پرۆسەی چارەسەری بۆ پرۆسەی ئاشتی و ئازادی دەگۆڕن. ئاماژە بەوەش دەکات، "ئێستا کورد نزیکە لەوەی، لە هەر چوار پارچەدا ببێتە خاوەن پێگەی خۆی."
 
کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی دەبەپە رۆژی یەکشەممە 27ی تەممووزی 2025 لە گوتارێکیدا لە مێردینی باکووری کوردستان رایگەیاند، چەکدانانی سیمبوولیی 30 گەریلاکەی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، پرۆسەی چارەسەری بردە "قۆناخێکی مێژوویی" و "ئەمڕۆ گەیشتووینەتە قۆناخێکی مەزن، کە هیچ هێز و دووژمنێک ناتوانێت نکۆڵی لە بوونی کورد بکات. گەیشتووینەتە قۆناخێک، گەلی کورد نزیکە لەوەی، لە هەر چوار پارچەدا ببێتە خاوەن پێگەی خۆی."
 
هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان باسی لەوە کرد، پرۆسەکە بۆ پرۆسەی ئاشتی و ئازادی دەگۆڕن، "ئێمە کە داوای ئاشتی و دیموکراسی دەکەین، لەبەر بەهێزیمانە، نەوەک لاوازیمان."
 
بایندر جەختی لەوە کردەوە، هەر بەرپرسیارێتییەک بکەوێتە ئەستۆیان، بۆ سەرخستنی پرۆسەکە بەجێی دەگەیێنن، "ئێمە متمانەمان بە خۆمان و بەڕێز ئۆجەلان هەیە."
 
پارتی هەرێمە دیموکراتەکان - دەبەپە، پارتێکی چەپە و لە 11ی تەممووزی 2014 دامەزرا، لە دوایین هەڵبژاردنی 2023ی پەرلەمانی تورکیادا سێ کورسی بەدەستهێنا. چیدەم کڵچگون ئوچار و کەسکین بایندر، هاوسەرۆکانی پارتەکەن.
 
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارە لە تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستیپێکرد.
 
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
 
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە لای راستەوە: تونجەر باکرهان، ئۆزگور ئۆزەل، ئەحمەد داودئۆغڵو، ئەردۆغان.

'کێ جەللادی کوردە؟' ئاکپارتی لاپەڕەی کۆن و جەهەپە لاپەڕەی نوێ هەڵدەداتەوە

"کێ جەللادی کوردە؟" ئەو دەستەواژەیە رۆژەڤی تورکیای بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، دەسەڵات، ئۆپۆزیسیۆن بە "جەللادەکە" دەزانێت و ئۆپۆزیسیۆنیش، دەسەڵات بە کوشتنی کوردان تۆمەتبار دەکات.