رووداو دیجیتاڵ
هەریەکە لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە ئەندامەکانیان بۆ کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا دەستنیشان کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی ئەمڕۆ دووشەممە 28ی تەممووزی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەریەکە لە گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆن؛ ساروهان ئوڵوچ، پەرلەمانتار لە بازنەی ئەنتاڵیا؛ جەنگیز چیچەک، پەرلەمانتار لە بازنەی ئیستەنبووڵ و مێراڵ دانش بێشتاش، پەرلەمانتار لە بازنەی ئەرزەرۆم بۆ کۆمیسیۆنەکە دەستنیشان کراون.
لەلایەکی دیکەوە فەتی یڵدز، بریکاری سەرۆکی مەهەپە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، خۆی؛ محەممەد لەوەند بولبول، پەرلەمانتار لە بازنەی ساکاریا؛ خەلیل ئۆزتورک، پەرلەمانتار لە بازنەی کرکڵارئەلی؛ یوجە بوڵوت، پەرلەمانتار لە بازنەی تۆکات بۆ کۆمیسیۆنەکە دەستنیشان کراون.
بڕیارە کۆمیسیۆنەکە لە 51 ئەندام پێکبێت و داوا لە ئاکپارتی کرابوو 21 ئەندام، جەهەپە 10 ئەندام، هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە 4 ئەندام، هەریەکە لە ئیی پارتی و رێبازی نوێ 3 ئەندام بۆ ئەو مەبەستە دەستنیشان بکەن؛ هەریەکە لە هوداپار، یەنیدەن رەفاهـ، پارتی کرێکاران، پارتی رەنجدەران، پارتی دیموکرات و پارتی سۆسیال دیموکراتیش ئەندامێکیان بۆ دانراوە.
بۆ ئەم مەبەستەش نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رۆژی هەینی، 25ی تەممووزی 2025، بە نووسراوێکی فەرمی داوای لەو پارتە سیاسییانە کرد کە لە پەرلەمان فراکسیۆنیان هەیە، تاوەکو کاژێر 17:00ی رۆژی 31ی تەممووز ناوی ئەندامەکانیان بۆ کۆمیسیۆنەکە پێشکێش بکەن.
پێکهێنانی ئەو کۆمیسیۆنە لەسەر پێشنیازی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بوو کە داوای کرد لە پەرلەمان کار بۆ سەر خستنی پرۆسەکە بکرێت.
پرۆسەی چارەسەری ئەمجارە لە تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستیپێکرد.
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ