پزیشکانی نەخۆشخانەی دیجلە: مەترسی لەسەر ژیانی بێشکچی بەردەوامە

28-09-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئیسماعیل بێشکچی، کۆمەڵناس و نووسەری بەنێوبانگی تورک لەکاتی بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵێکی فیلمدا لە ئامەد، لەناکاو تەندروستیی تێکچوو و دەرکەوت تووشی خوێنبەربوونی مێشک بووە. بەرپرسی پزیشکانی نەخۆشخانەی دیجلە دەڵێت، مەترسی لەسەر ژیانی بەردەوامە.
 
شەوی رابردوو 27ی ئەیلوولی 2025 ئیسماعیل بێشکچی، کۆمەڵناس و نووسەری ناسراوی تورک، لەکاتی پێشکێشکردنی گوتارێک لە 9یەمین فێستیڤاڵی بەڵگەفیلمی "فیلم ئامەد"، تەندروستیی تێکچوو و گەیێندرایە نەخۆشخانەی زانکۆی دیجلە.
 
دوای گەیشتنی تیمی فریاکەوتنی 112 بۆ هۆڵی فێستیڤاڵەکە و پێشکەشکردنی چارەسەری سەرەتایی، بێشکچی بۆ پشکنینی وردتر و وەرگرتنی چارەسەر، رەوانەی نەخۆشخانەی فاکەڵتیی پزیشکیی زانکۆی دیجلە کرا.
 
ئەرجان ئاڵگن، نووسەر کە لە شوێنی فێستیڤاڵەکە ئامادە بوو، بە رووداوی راگەیاند، ئیسماعیل بێشکچی تووشی خوێنبەربوونی مێشک بووە و دوای چارەسەری سەرەتایی، گوازراوەتەوە بۆ بەشی چاودێریی چڕ.
 
پرۆفیسۆر دکتۆر محەممەد ئاتا ئاکڵ، سەرۆکی پزیشکانی نەخۆشخانەی زانکۆی دیجلە، دەربارەی تەندروستیی ئیسماعیل بێشکچی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئیسماعیل بێشکچی لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنی 112ـەوە هێنرایە نەخۆشخانەکەمان و دوای هەڵسەنگاندنی سەرەتایی، خرایە ژێر چاودێرییەوە. لە ئەنجامی پشکنینەکاندا دەرکەوت کە بەهۆی بەرزیی گوشاری خوێنەوە، تووشی خوێنبەربوونی مێشک بووە. نەخۆشەکەمان بەخێرایی گوازراوەتەوە بۆ یەکەی چاودێریی چڕ و دەست بە چارەسەرکردنی کراوە. هەرچەندە هۆشی لەدەستنەداوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خوێنبەربوونەکە لە ناوچەیەکی هەستیاری مێشکدایە، مەترسی لەسەر ژیانی بەردەوامە.
 
دکتۆر گەنجەددین ئۆنەر، کە یەکەم چارەسەری بۆ ئیسماعیل بێشکچی کردووە، زانیاریی نوێی لەبارەی دۆخی تەندروستییەوە خستەڕوو. ئۆنەر، رایگەیاند، بێشکچی لەسەر سەکۆی قسەکردن کەوتووەتە سەر زەوی و ئەوان لەوێ یەکەم چارەسەرییان بۆ کردووە.
 
ئۆنەر، ئاماژەی بەوەش رد کە دۆخی بێشکچی جێگیرە و خوێنبەربوونەکە وەستاوە و هیوایان هەیە. سەبارەت بەوەی کە ئایا مەترسیی هاوشێوە هەیە یان نا، گوتی، "هیوادارین جارێکی دیکە خوێنبەربوون روونەداتەوە. تاوەکو خوێنبەربوون روونەداتەوە، مامۆستامان تەندروستیی خۆی بەدەست دەهێنێتەوە."
 
سەرا بوجاک، هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئامەد، ساڵحە ئایدەنیز، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) سەردانی نەخۆشخانەکەیان کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە