کەشناسی تورکیا هۆشداری لێزمەباران لە ئیستەنبووڵ دەدات

28-09-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی تورکیا، هۆشداری لێزمەباران لە ئیستەنبووڵ دەدات و رایدەگەیێنێت، پێشبینی دەکرێت لە ئەمشەوەوە تاوەکو نیوەڕۆی سبەی دووشەممە، شەپۆڵێکی بەهێزی لێزمەباران ببارێت. 
 
بەپێی راگەیێندراوێکی ناوەندی پێشبینی و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی کەشناسیی ئیستەنبووڵ، پێشبینی دەکرێت لە ئەمشەوەوە تاوەکو نیوەڕۆی سبەی دووشەممە 29ـی ئەیلوول، جگە لە ئیستەنبوڵ، لە پارێزگاکانی یالۆڤا، کۆجائێلی و ساکاریاش لێزمەباران ببارێت.
 
کەشناسی هۆشداریی داوە لە ئەگەری دروستبوونی لافاو، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، رۆچوونی زەوی و دروستبوونی کێشە لە هاتووچۆدا و داوا لە هاووڵاتییان دەکات ئاگادار بن و رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.
 
هاوکات، ناوەندی هاوئاهەنگیی کارەساتەکانی سەر بە شارەوانیی گەورەی ئیستەنبووڵ (AKOM) رایگەیاند، رۆژی دووشەممە بارانێکی بەخوڕ لە شارەکەدا دەبارێت. 
 
جەخت لەوەشکراوەتەوە، تیمەکانی ئافاد، مانگی سوور، بەرگریی شارستانی، گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ لە ئەگەری پێویست بوونیشدا فەرماندەیی جەندرمە لەبەرامبەر هەر ئەگەرێکی گەورەی نەخوازراودا بەپێی پلانێکی داڕێژراو کار بۆ رزگارکردن و دوورخستنەوەی هاووڵاتییان لە چەند شوێنێکی دیاریکراوی شاردا دەکەن.  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە