دەم پارتی: کاتی هاتووە کۆمیسیۆن واز لە گوێگرتن بهێنێت و کار بۆ یاساکانی ئاشتی بکات

28-09-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هاوسەرۆکی دەم پارتی داوا لە کۆمیسیۆنی چارەسەریی پەرلەمانی تورکیا دەکات "واز لە گوێگرتن بهێنێت و یاساکانی ئاشتی بخاتە رۆژەڤەوە." دەشڵێت، "پێویستە رێگە نەدرێت پرسی سووریا ببێتە بەربەست لەبەردەم پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2025، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکاکانی پارێزەرانی ئامەد گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
کۆبوونەوەکە بە ناوی "چارەسەری و دیالۆگ: سەرەتایەکی نوێ بۆ بنیاتنانی ئاشتی" بەڕێوەچوو کە سەندیکای پارێزەرانی ئامەد میوانداریی کردبوو.
 
باکرهان، ئاماژەی بەوە کرد، نزیکەی ساڵێکە پێڤاژۆی دیالۆگ بۆ چارەسەر بەردەوامە و بە "واتادار و مێژوویی" وەسفی کرد. گوتیشی، "هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە لە زەوینەی ئەمنییەوە بگوازینەوە بۆ زەوینەی دیالۆگ و دانوستاندن."
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی داوای لە پەرلەمان کرد هەنگاوی کرداری بنێت و رایگەیاند، "ئیدی پێویستە کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان واز لە گوێگرتن بهێنێت و یاساکانی ئاشتی بخاتە رۆژەڤی خۆیەوە. دەبێت ئەو یاسایانە دەربکات کە ئاشتی دێننە ئاراوە." باسی لەوەش کرد پێویستە گۆڕانکاری لە یاسا بنەڕەتییەکانی وەک یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، یاسای سزای تورکیا و بەهێزکردنی حکومەتە خۆجێیەکاندا بکرێت.
 
باکرهان، هۆشداری دا لەبارەی ئەو کەسانەی هەوڵی تێکدانی پرۆسەکە دەدەن و گوتی، "با زۆر تامەزرۆ نەبن. گەلی ئامەد، پێکهاتە بەڕێزەکانی، بەڕێز ئۆجەلان و پارتەکەمان رێگە نادەن کەس بەو شێوەیە تامەزرۆ بێت." جەختیشی کردەوە شەو و رۆژ کاردەکەن بۆ گەیاندنی پرۆسەکە بە ئاشتی.
 
سەبارەت بە دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، باکرهان گوتی، "پێویستە بارودۆخی بەڕێز ئۆجەلان باش بکرێت. ئەمە ئەو خاڵەی تێپەڕاندووە کە تەنیا قسەی لەسەر بکرێت." ئاماژەی بە لێدوانەکەی دەوڵەت باخچەلی،سەرۆکی مەهەپە کرد سەبارەت بە "مافی هیوا" و گوتی، "پێویستە هەنگاوی پێویست بۆ 'مافی هیوا' بنرێت کە بەڕێز باخچەلی ساڵێک لەمەوبەر لە 22ی تشرینی یەکەم باسی کرد."
 
باکرهان، داوای کرد ئەو رێکخستنە یاساییانە بکرێن کە کەشی سیاسی نەرم دەکەنەوە و گوتی، "پێویستە بەڕێزان دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و هاوڕێیانمان لە زیندان ئازاد بکرێن." هەروەها داوای کرد، "زیندانییە نەخۆشەکان دەستبەجێ ئازاد بکرێن و زیندانەکان چۆڵ بکرێن."
 
لەبارەی پێشهاتە هەرێمییەکانەوە، هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، "نابێت پرسی سووریا وەک بەربەستێک لەبەردەم پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا دابنرێت. بەپێچەوانەوە، ئەگەر لە تورکیا ئەم پرۆسەیە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەببەین، دەتوانێت ببێتە مۆدێلێک بۆ سووریاش."
 
بە گوتەی تونجەر باکرهان، پرسی کورد پرسێکی یاساییە. "ئەو یاسایەی دان بە کورددا دەنێت، دەرگای کۆماری دیموکراسیی دەکاتەوە." 
لە کۆتایی قسەکانیدا پرۆسەی ئاشتیی بە شەمەندەفەرێک چوواند و گوتی، "لە 22ی تشرینی یەکەم کەڕەنای شەمەندەفەرێک لێدرا. لە 27ی شوباتدا شەمەندەفەرەکە دەستی بە جووڵە کرد. ئەم شەمەندەفەرە نابێت لە هیچ وێستگەیەک بوەستێت و دەبێت بەردەوام بێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو