رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، شێوازەکانی رابردووی "رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر" لە تورکیا کێشەی قووڵیان دروستکرد، بەڵام لە 23 ساڵی رابردووی دەسەڵاتی ئاکپارتیدا ئەو هەڵانە راستکراونەتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 28ی تشرینی دووەمی 2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئیستەنبووڵ لە رێوڕەسمی رادەستکردنی 9 هەزار و 200 ئۆتۆمبێلی نوێ بە هێزەکانی جەندرمە، پۆلیس و پاسەوانی کەناراوەکان" بەشداربوو.
سەرۆککۆماری تورکیا لە باسی لە شەڕی چەند دەیەی رابردووی نێوان هێزە ئەمنییەکانی تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە کرد و گوتی، "لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، سەردەمانێک هەڵەی زۆر مەترسیدار کران. ئەم هەڵانە کێشەکەیان گەورەتر و ئاڵۆزتر کرد، پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و هاووڵاتییان زیانی بەرکەوت، باجی کارە هەڵەکانی هەندێک لایەن کە خۆیان لە سەرووی یاساوە دەبینی، گەل و دەوڵەت پێکەوە دایان."
ئەردۆغان رایگەیاند، لە سەردەمی ئاکپارتیدا تێڕوانینی ئەمنی سەرلەنوێ داڕێژرایەوە و گوتی، "لە 23 ساڵی رابردوودا کۆتاییمان بە هەڵەکان هێنا و قەرەبووی کەموکوڕییەکانمان کردەوە. بە هاوکاریی یەکدی، زەمینەی بێ متمانەییمان لەنێوبرد. هەرگیز رێگەمان نەداوە بە پاساوی ئاسایش، یاسا پێشێل بکرێت."
ئەردۆغان باسی لەوە کرد، پێویستە هێزە ئەمنییەکان لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا ئاگاداری هاووڵاتیان بن و گوتی، "رێز و لەخۆبووردەیی بەرامبەر هاووڵاتییانمان لەدەستنادەین. دەرفەت بە هیچ کەسێک نادەن، نە بەو چەتانەی شار کە خۆیان لە سەرووی دەوڵەتەوە دەبینن، نە بە گرووپەکانی سەر شەقام، نە بە بازرگانانی ژەهر و نە بە رێکخراوە تیرۆریستییەکان. ئەرکی سەرەکیی ئێوەیە کە سزای هەر کەسێک بدەن کە هەڕەشە لە ئارامیی گەل دەکات."
ئەم گوتانەی سەرۆککۆماری تورکیا لە کاتێکدان، زیاتر لە ساڵێکە پڕۆسەیەکی نوێی چارەسەری لە تورکیادا دەستی پێکردووە و بەرپرسانی دەسەڵات، دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەش دەڵێن، کاردەکەن بۆ ئەوەی پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ