هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: وەرن لەڕێی یاساوە ئاشتی بەرقەرار بکەین

29-04-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) داوای لە حکومەتی تورکیا کرد هەنگاوی کردەیی بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری بنێت. دەشڵێت، "وەرن لەڕێی یاساوە ئاشتی بەرقەرار بکەین." لەبارەی بوومەلەرزەکەی ئیستەنبووڵیش حکومەتی تورکیای بە "کەمتەرخەم" ناوبرد.
 
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی رۆژی سێشەممە 29ی نیسانی 2025 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا قسەی کرد و ئەو قسانەی کرد.
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی سەبارەت بە بوومەلەرزەکەی هەفتەی رابردووی ئیستەنبووڵ، حکومەتی تورکیای بە "کەمتەرخەم" ناوبرد و داواشی کرد، رێکاری پێویست لە ئەگەری بوومەلەرزەی دیکە بگرێتەبەر.
 
رۆژی 23ی ئەم مانگە، لە کاژێر 12:13 خولەک تاوەکو کاژێر 13:02 خولەک، چوار بوومەلەرزە لە سنووری پارێزگای ئیستەنبووڵ روویان دا، کە بەهێزترینیان گوڕەکەی 6.2 پلە بوو بە پێوەری رێختەر و 151 کەس بەهۆیانەوە بریندار بوون.
 
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی، هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی پرۆسەی چارەسەر بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "ئێمە پارتێکی سیاسین و زیاتر لەوانی دیکە جەختمان کردووەتەوە لەوەی، پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی بە ئەنجام بگات و بەربەستی بۆ دروست نەکرێت."
 
لەبارەی بەستنی کۆنگرە و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەوە، هاتیمئۆغوڵڵاری ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت هەلومەرجی ئاسایش و سەقامگیری بۆ دابینبکرێت. باسی لەوەش کرد، "ئێمەش نامانەوێت پرۆسەکە بخایێنێت و درەنگ بکەوێت، بەڵام دەبێت هەنگاوی بۆ بنرێت."
 
لە تشرینی یەکەمی پارەوە، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەری نرا، کە ئەوە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتییشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
 
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، چوار جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی گەیاندووە؛ ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کردووە، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە