رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری رایگەیاند، هیچ کێشە و گرفتێک نابینرێت. "پێشهاتەکان جوانن و بەردەوام لە ئاراستەیەکی باش هەنگاو دەنێت. سەرەڕای هەندێک دەنگی نەشاز، پەیامەکان زۆر هۆشمەندانە، ئەرێنی و بنیاتنەرن."
رۆژی 28ـی ئایاری 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، بۆ بەشداریکردن لە رۆژی سەربەخۆیی ئازەربایجان، سەردانی شاری لاچینی کردبوو. لە کاتی گەڕانەوەیدا، لەناو فڕۆکە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە. هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەی چارەسەری و داڕشتنەوەی دەستووری نوێی تورکیا کرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیاری رێککەوتنی هەسەدە لەگەڵ حکومەتی دیمەشق، رایگەیاند: "پێویستە یەکپارچەیی خاکی سووریا و پێکهاتەی یەکگرتوویی و یەکێتیی نەتەوەیی بپارێزرێت. پێشتر پێشوازیمان لە رێککەوتنەکە کردبوو. بەڵام دەبینین هێزەکانی سووریای دیموکرات بەردەوامن لە تاکتیکەکانی کات بەفیڕۆدان و دەستی دەستیکردن. دەبێت دەستبەرداری ئەوە ببن. لە نزیکەوە چاودێری جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە دەکەین کە دراون. گرنگ ئەوەیە بەڵێنەکان لە چوارچێوەی ئەو وادەیەدا بە شێوەیەکی گونجاو جێبەجێ بکرێن. دیدارەکانمان لەگەڵ بەڕێز ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری سووریا لەم ئاڕاستەیەدا بوون."
سەبارەت بە پرسی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەک دانانی پەکەکە و پرۆسەی چارەسەری، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "سوپاس بۆ خوا لە پرۆسەی تورکیایەکی بێ تیرۆردا هیچ کێشە و گرفتێک نابینرێت. پێشهاتەکان جوانن و بەردەوام لە ئاراستەیەکی باش هەنگاو دەنێت. سەرەڕای هەندێک دەنگی نەشاز، پەیامەکان زۆر هۆشمەندانە، ئەرێنی و بنیاتنەرن. بێگومان لەگەڵ هەر قۆناخێکی نوێدا، هیواکان و بەرپرسیارێتییەکانمان زیاد دەکات."
هەروەها رایگەیاند، لە دژی ئەو کەسانەی دەیانەوێت پرۆسەکە ژەهراوی بکەن وریا و چاوکراوەین، دەرفەتیان پێنادەین. چونکە ئامانجەکەمان زۆر روونە. ئەم ئامانجە رزگاربوونە لە کێشەی تیرۆر کە ساڵانێکی زۆر کات و وزەی تورکیای بەفیڕۆدا. بووە هۆی ئەوەی بەنرخترین گەنجینەمان لەدەست بدەین، کە ئەوانیش خەڵکەکانمانن و بووە هۆی ئەوەی دوژمنانی تورکیا سوودمەند بن. ئێستا ئەو مەودایەمان بڕیووە کە تاوەکو ئێستا هەرگیز پێی نەگەیشتووین.
هەروەها گوتی: "هیوادارم بگەینە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر. ئێمە هەرچییەک دەکەین، بۆ تورکیا دەکەین، بۆ ئارامی و سەلامەتی میللەتەکەمان دەکەین. هەرگیز ناچینە نێو دۆخێک بێزاری بۆ میللەتەکەمان دروست بکات. متمانەمان بە میللەتەکەمان و بە هێزی برایەتیی هەیە."
لەبارەی پرسی داڕشتنەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ تورکیا، ئەردۆغان رایگەیاند، دەستوورێکی نوێ و مەدەنی بەڵێنێکە بە میللەتەکەمان داوە. بەهیچ شێوەیەک پاشەکشە ناکەین. لە بانگەوازەکانی هەڵبژاردندا هەموو پارتەکان و سەرۆکەکانیان بەڵێنی دەستوورێکی نوێیان بە میللەتەکەماندا. بەڵام کام لەم لایەنە سیاسییانە توانییان ئەنجامی بدەن؟ هیچکامیان. چونکە ئەوان بەڵێن دەدەن بەڵام هیچ هەنگاوێک نانێن.
گوتی: "لەمبارەیەوە هەنگاوی کۆنکرێتیمان ناوە، ئامادەکارییەکانمان کردووە. ژێرخانێکی تایبەتمان بۆ دەستووری نوێ دروست کردووە. ئەو تیمەی راسپێردراون، هیوادارم کارێکی زۆر ورد بکەن. ئەمە کارێکە لە سەرووی بەرژەوەندییە سیاسییەکانەوە، دەمانەوێت دەستوورێکی درێژخایەن بەدەستبهێنین کە وڵاتەکەمان بەرەو سەدەی تورکیا ببات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ