رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) لە پەیامێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ناوی ''برایەتی و هاوپشتی'' بۆ لیژنەی پرۆسەی چارەسەری بەکاردەهێنێت.
فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە رۆژی سێشەممە، 29ی تەممووزی 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "لەگەڵ هەریەکە لە محەمەد لەوەند بوڵبوڵ، خالیل ئۆزتورک و یوجەل بوڵوت، ئەندامانی ''لیژنەی برایەتی و هاوپشتی'' سەردانی سەرکردەکەمان، بەڕێز دەوڵەت باخچەلیمان کرد و فەرمان و رێنماییەکانیمان وەرگرتن''.
فەتی یڵدز و ئەو سێ پەرلەمانتارەی لە پەیامەکەدا ناویان هاتووە، بە بڕیاری دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە وەک ئەندامانی لیژنەی پرۆسەی چارەسەری دەستنیشانکراون.
ئەو پەیامەی یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە دوای ئەوە هات، گوڵستان کلچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، 28ی مانگە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەگەر بڕیارە لە تورکیا پرسی کورد چارەسەر بکرێت، نابێت وشەی ''تیرۆر'' بۆ پرۆسەکە بەکاربهێندرێت. گوتیشی: ''ناوێک بە گونجاو دەزانم، کە بەڕاستی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی بە بنچینە وەربگرێت''.
عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) سەبارەت بە ناوی ''تورکیای بێ تیرۆر'' بۆ لیژنەکە دەڵێت : ''ئێمە حەزمان بە دەستەواژەی ئەرێنییە. ''تیرۆر'' وشەیەکی نەرێنییە. پاشگری ''بێ''ش هەر نەرێنییە. بۆیە دەستەواژەی نەرێنی، دەکرێ بۆ ناوی لیژنەکە دروست نەبێت. بۆیە بە گونجاوی دەزانین بە دەستەواژەی ئەرێنییەوە ئەم پرۆسەیە بەرەپێشەوە بچێت''.
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا لیژنەکە لە 51 ئەندام دێت و داوا لە ئاکپارتی کرابوو 21 ئەندام، جەهەپە 10 ئەندام، هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە 4 ئەندام، هەریەکە لە ئیی پارتی و رێبازی نوێ 3 ئەندام بۆ ئەو مەبەستە دەستنیشان بکەن؛ هەریەکە لە هوداپار، یەنیدەن رەفاهـ، پارتی کرێکاران، پارتی رەنجدەران، پارتی دیموکرات و پارتی سۆسیال دیموکراتیش ئەندامێکیان بۆ دانراوە.
بۆ ئەم مەبەستەش نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رۆژی هەینی، 25ی تەممووزی 2025، بە نووسراوێکی فەرمی داوای لەو پارتە سیاسییانە کرد کە لە پەرلەمان فراکسیۆنیان هەیە، تاوەکو کاژێر 17:00ی رۆژی 31ی تەممووز ناوی ئەندامەکانیان بۆ کۆمیسیۆنەکە پێشکێش بکەن.
تاوەکو ئێستا هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە ناوی چوار ئەندامەکەی خۆیان بۆ لیژنەکە دیاری کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ