میت و وەزارەتی داد رەشنووسێکیان بۆ گەڕانەوەی گەریلاکان ئامادەکردووە

29-09-2025
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەیەکی بەریتانی، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) و وەزارەتی داد، رەشنووسێکیان بۆ گەڕانەوەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئامادە کردووە و ئاکپارتیش کاری کۆتایی تێدا دەکات.
 
نزیکەی ساڵێک بەسەر دەستپێکردنی پرۆسەی نوێی چارەسەریدا تێدەپەڕێت، کە لەلایەن دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)ـەوە دەستیپێکرد. بە بانگەوازیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە، یەکێک لە بەربەستە هەرە گرنگەکان تێپەڕێندرا و ئێستاش تۆپەکە لە گۆڕەپانی پەرلەمانی تورکیادایە.
 
کێشەی متمانە
 
بەگوێرەی BBC Türk، هەردوو لایەنی دەسەڵات و پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دان بەوەدا دەنێن کە پرۆسەکە لەوەی پلانی بۆ دانراوە، خاوتر بەڕێوەدەچێت و هۆکارەکەشی بۆ "کێشەی متمانە" دەگەڕێننەوە.
 
بەرپرسانی ئاکپارتی ئاماژە بەوە دەکەن، پێویستە رەوتی قەیرانی یەکگرتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی دیمەشق لە سووریا روون بێتەوە. نیگەرانیی دووەمیش، نادیاریی دۆخی مەیدانییە سەبارەت بە چەکدانان.
 
لایەنی دەسەڵات پێیوایە، هەنگاونان بۆ رێکخستنی یاسایی پێش بینینی دوایین پێشهاتەکانی مەیدان، دوای مەراسیمی سيمبولیی سووتاندنی چەک لەلایەن پەکەکەوە لە 11ی تەممووز، مەترسیدارە.
 
هەر بەگوێرەی BBC Türk بڕیارە جارێکی دیکە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت، بانگهێشتی کۆمیسیۆنی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری بکرێتەوە بۆ ئەوەی زانیاری لەبارەی دوایین دۆخی مەیدانییەوە بدات و دوای زانیارییەکانی کاڵن، هەنگاو بۆ رێکخستنە یاساییەکان بنرێت.
 
ئاکپارتی لەگەڵ بینینی ئۆجەلانە
 
دەم پارتی داوا دەکات 4-5 ئەندامی کۆمیسیۆنەکە سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەن و بۆچوونی وەربگرن. پێشتر مەهەپە دەرگای بۆ ئەو داواکارییە کردبووەوە.
 
هەرچەندە ئاکپارتی بە فەرمی هیچ لێدوانێکی نەداوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدایە ئەگەر کۆمیسیۆنەکە رەزامەندی دەرببڕێت، سەردانی ئیمراڵی بکرێت.
 
بەڵام پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، دژی سەردانیکردنی ئیمراڵییە و  ئەگەر کۆمیسیۆن بڕیاریش بدات، بەنیاز نییە ئەندامی خۆی بنێرێت.
 
یاسای گەڕانەوە بۆ ماڵەوە
 
کۆمیسیۆن هێشتا دەستی بە کاری یاسادانان نەکردووە، بەڵام ئاکپارتی، مەهەپە و دەم پارتی خۆیان بۆ قۆناخی یاساییی پرۆسەکە ئامادە دەکەن. بەپێی زانیارییەکان، یەکەم  یاسا لە 9-10 ماددە پێکدێت و بە "یاسای گەڕانەوە بۆ ماڵەوە" ناودەبرێت.
 
چاوەڕوان دەکرێت یاساکە پێناسەی "رێکخراوی چەکدانەر و خۆهەڵوەشێنەرەوە" و دۆخی یاسایی ئەندامەکانی و شیاندنەوەیان لەگەڵ کۆمەڵگەدا لەخۆبگرێت.
 
قۆناخی دووەم: یاسای جێبەجێکردنی سزا
 
پلانی دووەمی قۆناخی یاسایی پرۆسەکە، هەموارکردنەوەی "یاسای جێبەجێکردنی سزایە". مەهەپە و ئاکپارتی پێیانوایە پێویستە یاساکە لە سەرەتاوە دابڕێژرێتەوە.
 
ئەمە داواکاریی دەم پارتیشە، "جێبەجێکردنی یەکسان" بۆ هەموو جۆرە تاوانێک لەبەرچاو دەگیرێت. ئەگەر لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنیشدا رێککەوتن بکرێت، ئەوا ماوەی مانەوەی سزادراوان لە زینداندا بۆ نیوە کەمدەبێتەوە.
 
"مافی هیوا" بۆ قۆناخی کۆتایی بەجێدەهێڵرێت
 
چاوەڕوان دەکرێت دەم پارتی داواکاریی "مافی هیوا" بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئەو سزادراوانەی سزای هەتاهەتایی قورسیان هەیە، بهێنێتە ئاراوە.
 
بەڵام ئەم بابەتە ئێستا لە رۆژەڤی دەسەڵاتدا نییە و سەرچاوەکانی ناو ئاکپارتی ئاماژە بەوە دەکەن، یاسایەکی لەو شێوەیە "دوایین بابەت دەبێت کە گفتوگۆی لەسەر بکرێت."
 
پڕۆسەی نوێی چارەسەری لە 1ـی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد، دواتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێ و چەک دابنێ.
 
پەکەکە لە ئایاری ئەم ساڵدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. رۆژی 11ـی تەممووزی ئەم ساڵ 30 گەریلای پەکەکە بەشێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی سووتاند.
 
رۆژی 6ـی ئابی 2025، کۆمسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بە 51 ئەندام لە پەرلەمانی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەریی پێکهێندرا و تاوەکو ئێستا 12 جار کۆبووەتەوە.  
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە