رووداو دیجیتاڵ
دووەم رۆژی سیمپۆزیەمی مەلای جزێری لە جزیرێی باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێ. سەرۆک بارزانی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا قسەی کرد و گوتی، زۆر بە رێکوپێکی بەڕێوەدەچێ.
ئەمڕۆ شەممە 29-11-2025 بە بەشداریی سەرۆک بارزانی، دووەم رۆژی سیمپۆزیەمی مەلای جزیری لە جزیرێی پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان دەستی پێکرد.
ئەحمەد بایجار، قایمقامی جزیرێ گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، زیاتر لە 100 کەسایەتیی ئەکادیمی لە 16 وڵاتەوە لە سیمپۆزیەمەکەدا بەشدارن.
ئەحمەد بایجار ئەوەشی خستەڕوو، سیمپۆزیەمەکە زانستی مەلای جزیری دەخاتە نێو چوارچێوەیەکی ئەکادیمی و دەبێتەهۆی زیاتر ناساندنی ئەو کەسایەتییە کوردە.
قایمقامی جزیرێ ئاماژەی بە بەشداریی سەرۆک بارزانی کرد و گوتی: ''بەڕێز مەسعود بارزانی لە سیمپۆزیۆمەکەدا بەشدارە و لە وڵاتانی جیاجیاشەوە میوانی ئێمە هاتوون، تاوەکو گفتوگۆ لەسەر بەرهەمی مێژوویی مەلای جزیری بکەن.''
4 ساڵە لەسەریەک ئەم سیمپۆزیەمە بەڕێوەدەچێ. ناونیشانی سیمپۆزیەمی ئەم ساڵ "ئەخلاق لە روانگەی مەلای جزیرییەوە"یە.
''پڕۆسەی ئەم جارەی ئاشتی بە باشی بەڕێوەدەچێت''
سەرۆک بارزانی بەفەرمی لەلایەن پاریزگاری شرنەخەوە بانگهێشتی سیمپۆزیۆمەکە کراوە و گوتارێکی پێشکێشکرد.
سەرۆک بارزانی رایگەیاند، مەلای جزیری ئەستێرەیەکی گەشە و هیچ کات ئاوا نابێت، سەرقافڵەی عاشقەکانی رێگەی حەقە و شیعرەکانی هیچ کات کۆن نابن.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد: ''لە تەکیەی بارزان، لە حزووری مەولانا شێخ ئەحمەدی بارزان بە بەردەوامی شیعرەکانی مەلای جزیری دەخوێندرانەوە و بۆ ئێمە دەرکەوت کە چی نزیکییەکی رۆحی لەنێوانیاندا هەیە.''
سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە: "هەرچەندە لەبارەی مەلای جزیرییەوە بگوترێ کەمە و ناتوانین [بە تەواوی] وەسفی بکەین و حەقی بدەین، بەڵام جێگەی دەستخۆشییە ساڵانە زانکۆی شرنەخ وەک نەریتێک ئەم کۆنگرەیە بەڕێوەدەبات.''
لە بەشێکی قسەکانیدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە پڕۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا کرد و گوتی: ''زۆر دڵخۆش بووین کە ئەم پڕۆسەیە دەستیپێکرد. دەبینین کە ئەم جارە پڕۆسەکە زۆر بە رێکوپێکی بەڕێوەدەچێ، چونکە میللەت، پەرلەمان و هەموو حیزبەکان پاڵپشتیی دەوڵەتن (تورکیا).''
سەرۆک بارزانی سوپاسی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەکات بۆ کردنەوەی ''دەرگەی ئاشتی'' و بە باشترین بژاردەی چارەسەرکردنی کێشەکانی دەزانێت و ''هەروەها دەستخۆشی لە بەڕێز ئۆجەلان دەکەم کە هەنگاوی ئەرێنی نا و ئێمەش بە هەموو هێزی خۆمانەوە پاڵپشتی پڕۆسەی ئاشتین و چی لە ئێمە داوا بکرێ و لە دەستمان بێت، ئامادەین.''
''ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی سیمبولی بەهێزی برایەتییە''
لە بەشێکی سیمپۆزیۆمەکەدا محەممەد یارکا، سەرۆکی شارەوانیی شرنەخ گوتارێکی پێشکێشکرد و لەنێو ئامادەبوواندا، بە شێوەیەکی تایبەت بەخێرهاتنی سەرۆک بارزانی کرد و گوتی، ''هەنگاو بە هەنگاو لە تورکیادا، سەر سەر و سەرچاوانی ئێمە هاتی.''
هەروەها محەممەد یارکا پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی لە سەرۆک بارزانی و پارتی کرد کە 11-11-2025 بەڕێوەچوو و پارتی تێیدا 27 کورسی بەدەستهێنا.
.
سەرۆکی شارەوانیی شرنەخ ئاماژە بە گرنگیی جزیرێ دەکات و دەڵێت، ''ئەم جوگرافییایە دەرخەری ئەوەیە کە مرۆڤ بە زانست و ئەدەب دەتوانێت لە تاریکییەوە بەرەو رووناکی بچێت.''
محەممەد یارکا باسی لە برایەتیی کورد و تورک کرد و ئەوەی خستەڕوو، ''مەلای جزیری لە هۆنراوەیەکدا بەو شێوەیە باسی ئەو راستییە دەکات، مرۆڤەکان بە هیوا و برایەتی بە یەکدی دەگەن.''
سەرۆکی شارەوانیی شرنەخ دووبارە ئاماژەی بە گرنگیی بەشداریکردنی سەرۆک بارزانی لە سیمپۆزیۆمەکەدا کردەوە و گوتی، ''تەنیا بەشداریکردنێکی پرۆتۆکۆلی نییە، بەڵکو وەک سیمبولێکی بەهێزی برایەتیی ئێمەیە کە دەربازی ئەودیوی سنوورەکان بووە.''
محەممەد یارکا ئاشکرای کرد، لە سەردانێکدا لەگەڵ پارێزگاری شرنەخ بۆ هەولێر، بانگهێشتی سەرۆک بارزانییان کردووە کە بەشداری سیمپۆزیۆمی مەلای جزیری بکات، ''سەرۆک بارزانی گەلێک حەزی لە سیمپۆزیۆمەکە دەکرد و گوتی، مەلای جزیری میراتی هاوبەشی هەموومانە.''
سەرۆکی شارەوانیی شرنەخ دەڵێت، سەرۆک بارزانی بانگهێشتەکەی بە بەرنامەیەکی نوێ و بانگەوازێکی برایەتی نرخاند، ''ئەمڕۆش هاتووە و لێرە ئامادە بووە، قبووڵکردنی ئەو بانگەوازە دەرخەری ئەو برایەتییەیە.''
''ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی گرنگی دەداتە سیمپۆزیۆمەکە''
ئاسلان تاتار، پەرلەمانتاری ئاکپارتی یەکێکی دیکە لەو کەسانە بوو کە لە سیمپۆزیۆمەکەدا گوتارێکی پێشکێشکرد و چەندین جار بە زمانی کوردی بەخێرهاتنی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد بۆ شرنەخ و جزیرێ؛ ''بە ببینی تۆ ئێمە زۆر دڵخۆشین. خودای گەورە هێزی برایەتیی ئێمە زیاتر بکات.''
ئاسلان تاتار ئاماژەی بەوە کرد، ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی گرنگی دەداتە سیمپۆزیۆمەکە و پاڵپشتە بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە.
ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی دەڵێت، هۆنراوەکانی مەلای جزیری تەنیا بۆ سەردەمێک نین، ''بەڵکو کاریگەری لەسەر رووحی ناوچەکە هەیە و بە زانست و هزری خۆی، خزمەتی بە وێژە و کولتووری ناوچەکە کردووە.''
ئاسلان تاتار ئاماژەی بە پڕۆسەی چارەسەری کرد و گوتی، ''دەیان ساڵ لەسەر ئەو خاكە شەڕ و خوێنڕشتن هەبوو، ئێستا ئێمە دەڵێین با [شەڕ و پێکدادان] بەس بێ.''
ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی، داوا لە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان دەکات کە سەردانی شرنەخ و جزیرێ بکەن کە ناوەندی زانستن و ناوچەیەکی کۆنن.
ئاسلان تاتار ئاماژەی بە پەیوەندیی کوردانی باکوور و باشووری کوردستان کرد و گوتی، ''سنوور ناتوانێت لە برایەتیی ئێمە کەم بکاتەوە، بەڵکو برایەتیمان بەهێزتریش بووە.''
''سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر دەکەین''
لە بەشێکی سیمپۆزیۆمەکەدا بیرۆل ئەکیجی، پارێزگاری شرنەخی باکووری کوردستان سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ بەشداریکردنی لە سیمپۆزیۆمی مەلای جزیری.
بیرۆل ئەکیجی لە گوتارەکەیدا باسی لە پەیوەندیی نزیکی خۆیان لەگەڵ کوردانی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، ''ئێستا لەنێوان ئێمەدا سنوورێک هەیە، بەڵام ئەو سنوورە هیچ ئاستەنگییەک دروست ناکات.''
پارێزگاری شرنەخ لەبارەی پڕۆسەی چارەسەرییەوە دەڵێت، لەو سەردەمەدا بە سەرپەرشتیی سەرۆککۆماری تورکیا پڕۆسەیەکی ''برایەتی و یەکڕیزی'' دەستیپێکردووە و هەموومان هەوڵ بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەکە دەدەین.''
لە بەشێکی قسەکانیدا بیرۆل ئەکیجی بە ئاماژەدان بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پیرۆزبایی سەرکەوتنی لە پارتی دیموکراتی کوردستان کرد.
هاوکات پارێزگاری شرنەخ باسی لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کرد لە قەزای چەمچەماڵی پارێزگای سلێمانی و گوتی، ''ئەو هێرشە سەرکۆنە دەکەین کە لە دژی یەکێتی، ئارامی، سەقامگیری و برایەتیی ئێمە کراوە.''
بیرۆل ئەکیجی جەختی لەوە کردەوە، پێویستە پێکەوە لە دژی دەستوەردانی دەرەکی بوەستینەوە و وەک کورد، تورک و عەرەب کە هەزاران ساڵە لەسەر ئەو خاکە پێکەوە دەژین، هەوڵ بۆ [بەرەنگاربوونەوەی] ئەو بابەتە بدەین.''
شەوی چوارشەممە 26ى تشرینی دووەمی 2025 هێرش کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگایەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە، لە ئەنجامدا 80% کارەبای هەرێمی کوردستان کەم بووەوە.
''ناتوانن برایەتیی ناوچەکە تێکبدەن''
هاوکات مونیر کارائۆغلو، جێگری وەزیری ناوخۆی تورکیا لە سیمپۆزیۆمی مەلای جزیریدا گوتارێکی پیشکێشکرد و رایگەیاند، ''دەمەوێت شێوەیەکی بەتایبەت بەخێرهاتنی بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی بکەم کە لە سیمپۆزیۆمەکەدا ئامادە بووە.''
مونیر کارائوغلو رووی زاری کردە سەرۆک بارزانی و شاندی یاوەری و گوتی، ''زۆر دڵخۆشم بە ئامادەبوونیان لەو دانیشتنەی برایەتیدا.''
جێگری وەزیری ناوخۆی تورکیا لەبارەی جزیرێ و پارێزگای شرنەخ دەڵێت، ''ئەو ناوچەیە نەوەک تەنیا بە چیا و رووبارەکانی، بەڵکو بە زانا و قوتابخانەکانیشییەوە گەلێک ناسراو و ناوازەیە.''
مونیر کارائوغلو باسی لە لێهاتوویی و زمانزانیی مەلای جزیری کرد کە ''جیا لە کوردی، زمانەکانی عەرەبی و فارسیشی بە باشی زانیوە و کەسایەتییەکی ئایینیی خاوەن ئەخلاق بووە.''
جێگری وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژە بە بەشێک لە هۆنراوەکانی مەلای جزیری دەکات کە تایبەتن بە گرنگیدان بە برایەتی و دەڵێت، ''برایەتی لەو ناوچەیەدا وەک بنەمایەک دەبینرێت، هەرچەندە هەوڵیش بدەن، ناتوانن برایەتی و یەکڕیزی لاواز بکەن.''
شێخ ئەحمەد جزیری ناسراو بە مەلای جزیری لەدایکبووی ساڵی 1570ـی زایینی یەکێک لە کەسایەتیی ناودار و شاعیرانی گەورەی کوردە کە جیا لە کوردی، زمانەکانی فارسی، تورکی و عەرەبی زانیوە و دیوانێکی شیعری بە شێوەزاری کورمانجی لەدوای خۆی جێهێشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ