رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی داوا لە مەهەپە دەکات گوشاری زیاتر لەسەر حکومەت دروست بکات بۆ جێبەجێکردنی پێشنیازەکانی مەهەپە و جەخت دەکاتەوە کە هەرچییەک بێت بەرامبەر کۆمەڵکوژیی رۆژئاوای کوردستان بێ دەنگ نابن.
تولای هاتیمئۆغڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) 29-1-2026 لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا باسی پرۆسەی چارەسەری، لیژنەی پەرلەمانیی تایبەت بە پرۆسەکە و گۆڕانکارییەکانی سووریا کرد.
هاوسەرۆکی دەم پارتی بە پێویستی زانی هەنگاوی کۆنکرێتی بنرێت، بۆ ئەوەی پرۆسەکە لەلایەن رای گشتییەوە قبووڵ بکرێت. بەتایبەتی ئاماژەی بە چەند بابەتێکی هەستیار کرد، لەوانە: یاسای جێبەجێکردنی سزاکان، مافی هیوا، پرسی قەییووم و دۆخی زیندانیانی سیاسی.
هاتیمئۆغڵڵاری رایگەیاند، نابێت کۆمیسیۆنی پرۆسەکە کات بکوژێت و گوتی: "ناڵێین با ئەم کۆمیسیۆنە هەموو کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵام دەبێت ناوەڕۆکەکەی ئاماژە بێت بۆ یاسای سزادان، رێوشوێنی تایبەت سەبارەت بە پەکەکە، بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکان و مافی هیوا."
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا و دادگای دەستووریی تورکیا پێویستی بە گۆڕانکاریی یاسایی نییە و رایگەیاند، دەبێت عوسمان کاڤاڵا، سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و زیندانیانی دۆسیەی کۆبانێ ئازاد بکرێن.
هاتیمئۆغڵڵاری ئاماژەی بەوە کرد کە هەڵوێستی ئاکپارتی و مەهەپە بەرامبەر پرۆسەکە جیاوازە و گوتی: "ئاکپارتی لەبارەی مافی هیوا دوودڵە. مەهەپە زۆر شت پێشنیاز دەکات، بەڵام کاتێک جێبەجێ ناکرێن مرۆڤ تووشی گومان دەبێت. پێویستە مەهەپە هێزی خۆی بۆ گوشار خستنە سەر حکومەت بەکاربهێنێت."
هاتیمئۆغوڵڵاری پێیوایە هیچ پاساوێک بۆ جێبەجێنەکردنی مافی هیوا نییە و گوتی: "دەسەڵاتی یاسادانان لای ئاکپارتییە. پێموانییە بابەتێک هەبێت کە نەتوانێت جەماوەرەکەی خۆی پێ قایل بکات."
هاتیمئۆغڵڵاری باسی لە هەبوونی نیگەرانیی لای رای گشتی کرد و گوتی: "جەماوەری جەهەپە بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی سەر شارەوانیی ئیستەنبووڵ و جەماوەری ئێمەش بەهۆی گۆڕانکارییەکانی رۆژئاواوە، بە گومانەوە سەیری پرۆسەکە دەکەن. دەسەڵات دەیەوێت بەرپرسیارێتییەکە بخاتە ئەستۆی دەم پارتی و دەیانەوێت دەم پارتی پەراوێز بخەن. چاوەڕێ دەکەن ئێمە لە ئاست کۆمەڵکوژکردنی کورد لە رۆژئاوا، بێدەنگ بین، بەڵام ئەمە قبووڵ ناکەین."
'شەڕی کورد و عەرەب سوودی بۆ کەس نییە'
هاتیمئۆغوڵڵاری کە خۆی عەرەبە، لەبارەی دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان گوتی، لایەنی سەرپێچیکار لە رێککەوتنی 10ی ئادار سووریا بوو و رایگەیاند: "مەزلووم عەبدی لە پابەندبوون بە رێککەوتنەکەدا راستگۆیە. شەڕی کورد و عەرەب سوودی بۆ کەس نییە. کورد بەڕاستی خوازیاری پرۆسەی تێکەڵبوونەوەن."
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەتی تورکیا بەرامبەر سووریا شکانێکی لای کورد دروست کردووە و گوتی: "لە کاتێکدا کورد لە رۆژئاوا کۆمەڵکوژ دەکرێت، ناتوانین باس لە ئاشتیی ناوخۆیی تورکیا بکەین."
هاتیمۆغۆڵۆ راشیگەیاند کە وەک دەم پارتی نایانەوێت پرۆسەکە لەبار بچێت و گوتی: "لە کەشێکی وەهادا کە هەژاری و برسییەتیی زۆر هەیە، راکێشانی تورکیا بۆ ناو پرۆسەیەکی ئاڵۆز، گەورەترین خراپەیە بەرامبەر گەلانی ئەم وڵاتە بکرێت. چاوەڕوانی یاسای گەڕانەوە دەکرێت، دەبێت هەموو هەنگاوێکی پێویست بنرێت".
هاوسەرۆکی دەم پارتی هەروەها هیوای خواست، نەگەڕێنەوە بۆ رۆژە رەشەکانی رابردوو و جەختیکردەوە کە ئەوان وەک دەم پارتی لایەنگری بەڕێوەبردنی دانوستاندنن و پشتگیری لە پرۆسەکە دەکەن، هاوکات دەڵێ نابێت پرۆسەکە ببێتە کات کوشتن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ