رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا راگەیێندراوێکی لەبارەی پێشهاتەکانی ئێران، رۆژئاوای کوردستان و سووریا بڵاوکردەوە و دەڵێ، هەموو رێوشوێنە پێویستەکان بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو گرێدراو بە ئێرانەوە گیراونەتەبەر. لەبارەی سووریاش دەڵێ، بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی دیمەشق.
لەبارەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و رێوشوێنەکانی وەزارەتەکە لەسەر سنووری تورکیا و ئێران، وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێ: "وەک تورکیا، هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو ململانێکان و باڵادەستبوونی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەمان. بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر رووداوێکی نەخوازراو، بە هاوئاهەنگیی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتەکەمان، هەموو رێوشوێنێکی پێویست گیراوەتەبەر."
وەزارەتی بەرگریی تورکیا باس لە دوایین پێشهاتەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریاش دەکات و دەڵێ: "لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکانی سووریا دەکەین و بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانمان، هەموو رێوشوێنێک دەگرینەبەر. کردنەوەی رێڕۆی مرۆیی لەلایەن حکومەتی سووریاوە بە پێشهاتێکی دڵخۆشکەر دەزانین."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی بەرگریی تورکیا باس لە ئاگربەستە 15 رۆژییەکەی نێوان هەسەدە و دیمەشق دەکات و دەڵێ: "بەردەوامیی پێشێلکردنی ئاگربەستی درێژکراوە بۆ 15 رۆژ لەلایەن هەسەدەوە، کە پابەندی رێککەوتنەکانی 10ی ئادار و 18ی کانوونی دووەم نابێت کە بۆ دابینکردنی سەقامگیریی هەمیشەیی لە سووریا گرنگییەکی زۆریان هەیە، کاریگەریی نەرێنی لەسەر پرۆسەی تێکەڵکردن دروست دەکات."
وەزارەتەکە دەڵێ: "وڵاتەکەمان لە چوارچێوەی بنەمای 'یەک دەوڵەت، یەک سوپا' و لەسەر بنەمای یەکێتی و یەکپارچەیی خاکی سووریا، بەردەوام دەبێ لە پشتیوانیکردنی سووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی" ئەو گرووپ و هێزانەی کە ئەنقەرە بە "تیرۆریست" ناوی بردوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ