پێنج ساڵی داهاتووی تورکیای ئەردۆغان لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا

30-05-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای بردنەوەی خوولێکی دیکەی سەرۆکایەتی، چاوەڕێدەکرێت رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا دەستی لەسەر هەندێ لەو هەڵوێستانەی کە بوونەتە هۆی ناڕەزایی هاوپەیمانەکانی ناتۆ، سووک بکات. بەڵام چاودێران پێشبینی دەکەن، ئەردۆغان کە ماوەی 20 ساڵە سەرکردەی هەرە بەهێزی تورکیایە، دەست لە سیاسەتی هێشتنەوەی هاوسەنگی لە پەیوەندییەکان لەگەڵ رووسیا و رۆژئاوا هەڵنەگرێت. 
 
رۆژی یەکشەممە، بە مسۆگەرکردنی سەرووی 52٪ دەنگەکان، ئەردۆغان گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکەی بردەوە و ماوەی دەسەڵاتی خۆی بەرەو دەیەی سێییەم درێژکردەوە. ئێستا پێویستە رووبەڕووی هەڵاوسانی بەرز ببێتەوە کە بووەتە هۆی گرانی. ئەوەشی کە بوومەلەرزە بەهێزەکەی شەشی شوبات وێرانیکردبوو، پێویستە ئاوەدانیبکاتەوە.  
 
دوای ئەوەی کە لە 14ی ئایار نەیتوانی لە گەڕی یەکەم سەرکەوتن بەدەستبێنێت، 28ی ئایار، ئەردۆغان کەماڵ کڵچدارئۆغڵوی بەربژێری ئۆپۆزسیۆنی بەزاند. کڵچدارئۆغڵو بەڵێنیدابوو تورکیا بخاتە سەر رێچکەیەکی دیموکراسیتر و پەیوەندییەکان لەگەڵ رۆژئاوا باش بکات. 
 
شرۆڤەکاران کە لەم راپۆرتەدا قسەیان کردووە، ئاماژە بەوە دەکەن، ئەردۆغان، کە وەک "کەسایەتیێکی پۆپۆلیستی دابەشکار و گوتاربێژێکی لێهاتوو" سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیای لە ئەرکێکی تەشریفاتییەوە گۆڕیوە بۆ پۆستێکی بەهێز، بەشێکی سەرکەوتنەکەی بەهۆی دەنگی نەریتخوازەکانەوە بووە. ئەو دەنگدەرانە پابەندن بە پشتیوانیکردنی ئەردۆغان لە گرنگیدان بە ئایینی ئیسلام لە تورکیایێکدا کە لەسەر بنەمای سێکیولار دامەزرێنراوە، هەروەها لە زیادکردنی هەژموونی وڵاتەکە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و گرتنەبەری رێگەیەکی سەربەخۆ لە نێوان رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی جیهان. 
 
پێش هەڵبژاردنەکە، ئەردۆغان رێگریی لە بەئەندامبوونی سوێدی لە هاوپەیمانیی ناتۆ کرد، لەکاتێکدا کە رۆژئاوا دەیەوێت لەو رێگەیەوە رووسیا گۆشەگیر بکات. ئەردۆغان سوێد تۆمەتبار دەکات بەوەی کە لە بەرامبەر ئەو گرووپانەی ئەنقەرە بە تیرۆرست دایاندەنێت، زۆر نەرمونیانە. هەروەها سوتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن کەسانی توندئاژۆوە لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد، بنکەی جەماوەریی ئەردۆغانی توڕەکرد و وایکرد خەڵکێکی زیاتر لە نێو تورکیا پشتیوانی لە هەڵوێستە توندەکەی بکەن. 
 
ئێستا کە ئاییندەی سیاسیی خۆی مسۆگەر کردووە، دەکرێت ئەردۆغان ئامادەبێت دەست لە دژایەتیکردنی خۆی بۆ بەئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ هەڵگرێت. بۆ ئەوەی سوێد ببێتە 32ـەم ئەندامی ناتۆ، پێویستە هەموو ئەندامانی هاوپەیمانییە سەربازییەکە پەسندی بکەن. ئێستا تەنیا تورکیا و هەنگاریا ماونەتەوە لە پەرلەمانەکانیانەوە بڕیاری کۆتایی بدەن.
 
جەی تروسدەیڵ، کە بەڕێوەبەری کۆمپانیایێکی راوێژکاریی مەترسییە جیۆسیاسیەکانە بە ناوی Veracity Worldwide، دەڵێت: "رەنگە تورکیا ئاماژەیەک بەدەستەوە بدات بەوەی کە ئامادەیە بۆ جۆرێک لە نزیکبوونەوە، وەک هاندانی پەرلەمان بۆ ئەوەی ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ پەسەند بکات."
 
بەڵام ئەوە بە واتەی ئەوە نایەت ئەردۆغان دەستبەرداری پەیوەندییەکەی دەبێت لەگەڵ رووسیا، وڵاتێک کە تورکیا بۆ وزە و داهاتی گەشتیاری پشتی پێ دەبەستێت. 
 
تروسدەیڵ دەڵێت: "ئەردۆغان توانیویەتی سەرکەوتووانە سیاسەتی دەرەوە بە فرەلایەنی بهێڵێتەوە، کە ئەوەش وایکردووە پەیوەندیی بونیادنەری لەگەڵ رووسیا، چین و وڵاتانی دیکەی سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەبێت، وێڕای ئەوەی کە ئەم شتە زیانی بە هاوپەیمانیی تورکیا لەگەڵ رۆژئاوا گەیاندووە."
 
ئەم سیاسەتەی ئەردۆغان، هەندێ جار تورکیای خستووەتە چەقی ململانێ و دانوستاندنی نێودەوڵەتیی گەورەوە، وەک: یارمەتیدان لە دانوستاندن لەسەر رێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکراینا و رێگەگرتن لە کورتهێنانی خۆراکی جیهانی، دەستوەردان لە شەڕی نێوخۆی سووریا، گەڕانێکی مشتومڕهێن بەدوای گازدا لە دەریای نێوەڕاست، لەخۆگرتنی ملیۆنان پەناخوازی سووری و هەندێ جار بەکارهێنانیان وەکو کارتی هێز لە دانوستدانەکانیدا لەگەڵ وڵاتە ئەوروپیە دراوسێکانی. 
 
"سەدەیەکی تورکی"
 
وەک رەنگدانەوەیەک بۆ خواستە جیهانییەکانی، رۆژی یەکشەممە، ئەردۆغان لە گوتاری سەرکەوتنیدا رایگەیاند، ئەمساڵ کە 100 ساڵ بەسەر دامەزراندنی وڵاتەکەیدا دەربازدەبێت، جیهان "سەدەیەکی تورکی" بەخۆیەوە دەبینێت.  
 
ئامادەیی ئەردۆغان بۆ مانەوە لە پەیوەندیدا لەگەڵ هەردوو لا – بۆ نموونە، کڕینی کەلوپەلی سەربازیی رووسی و رەتکردنەوەی سەپاندنی سزا بەسەر مۆسکۆدا و لە هەمان کاتدا دابینکردنی درۆن بۆ ئۆکراینا – هەندێ جار وایکردووە هاوپەیمانەکانی لێی زویر بن. 
 
بەڵام هەر ئەو سیاسەتەش هەندێ جار وایکردووە کە هەردوولا پێویستیان پێی بێت. وێڕای ئەوەی کە بە خۆسەپێنیی تۆمەتباری دەکەن، دوای یەکلابوونەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، سەرکردەی وڵاتانی رۆژئاوا هەر زوو پیرۆزباییان لە ئەردۆغان کرد.  
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە نامەیەکدا کە لە تویتەر بڵاوکراوەتەوە، باسی لەوە کردووە کە چاوی لەوەیە "وەک هاوپەیمانەکانی ناتۆ، [لەگەڵ تورکیا] بەردەوام بن لە پێکەوەکارکردن لەسەر پرسە دووقۆڵییەکان و ئاستەنگە جیهانییە هاوبەشەکان."
 
دواتر بایدن رایگەیاند، پەیوەندیی بە ئەردۆغانەوە کردووە و پیرۆزبایی لێ کردووە، بەڵام باسی لەو پرسانەش کرد کە زۆرترین گرژییان لەسەرە. 
 
بایدن گوتی: "من قسەم لەگەڵ ئەردۆغان کرد. ئەو هێشتاش دەیەوێت کار لەسەر شتێک بکەین بۆ فڕۆکە ئێف شازدەکان. من پێم گوت، پێویستمان بە رێککەوتنێکە لەسەر سوێد، بۆیە با ئەوە بەجێبگەیێنین و دواتر دەگەڕێینەوە سەر پرسەکانی دیکە." 
 
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها باسی لەوە کرد، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی گفتوگۆی زیاتر لەسەر سوێد و ناتۆ دەکەن.
 
دوای ئەوەی کە حکومەتەکەی ئەردۆگان سیستمی بەرگریی ئێس 400ی رووسیی کڕی، واشنتن تورکیای لە پڕۆگرامی فڕۆکەی ئێف 35 کردە دەرەوە؛ ئەنقەرە ئێستا هەوڵی کڕینی فڕۆکەی ئێف شازدە دەدات. 
 
هاوکات ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا گوتی، تورکیا و وڵاتەکەی "ئاڵەنگاریی گەورەیان لەپێشە بۆ ئەوەی پێکەوە رووبەڕوویان ببنەوە،" لەوانەش گەڕاندنەوەی ئاشتی بۆ ئەوروپا. گوتیشی: "لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان، بەردەوامدەبین لە هەنگاونان بەرەو پێشەوە." 
 
وەک ئاماژەیەکیش بۆ ئەوەی کە ئەردۆغان گرنگە بۆ مۆسکۆی نەیاری رۆژئاوا، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا هۆکاری سەرکەوتنی ئەردۆغانی گەڕاندەوە بۆ "سیاسەتی سەربەخۆی دەرەوە"ی سەرۆککۆماری تورکیا.  
 
ئەو سیاسەتانە یارمەتیی ئەردۆغانیان دا پارێزگاری لە دەنگدەرانی بکات وێڕای ئەوەی کە ژمارەیەک ئاڵنگاریی نێوخۆ بەرۆکی گرتبوون، وەک خراپیی ئابووری بەهۆی هەڵاوسانی بەرزەوە، هەروەها بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی 6ی شوبات کە رەخنەی زۆری بۆ حکومەتەکەی بەدوای خۆیدا هێنابوو. ئەمە لە پاڵ ئەوەی لیرەی تورکی بەشێوەیەکی گەورە بەهای خۆی لەدەستدا. 
 
هاجەر یاڵچن، یەکێک لە بەشداربووانی ئاهەنگی بردنەوەی ئەردۆغان، دەڵێت: "جگە لەو پیاوەی کە وڵاتەکەمانی گەیاندووەتە ئەم ئاستە، دەنگمان بە کێ دابا؟ ئەو هەموو شتێکی ئامادەکرد، هەمووی لە نێوەڕاستدا کۆکردەوە، ئێستاش کەسێک بێت و بیخوات!؟"
 
پەیوەندیی ئەردۆغان لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
 
چاوەڕێدەکرێت ئەردۆغان درێژە بە هەوڵەکانی بدات بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوای ئەوەی کە لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی بەهێزی ناوچەکەی وەک ئیسرائیل، میسر و سعودیە ئاشتبووەوە. 
 
لە هەڤپەیڤینێکی ئەم دواییانەیدا، بێ ئەوەی ناوەکانیان بێنێت، ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە ژمارەیەک وڵاتی کەنداو یارمەتیی داراییان بە تورکیا داوە و سوودیان بە ئابووری وڵاتەکەی گەیاندووە. 
 
لەژێر گوشاری گەورەی داواکارییەکانی ناردنەوەی ملیۆنان پەنابەری سووریایی، ئەردۆغان هەوڵیداوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریاش چاکبکاتەوە، ئەوەش دوای چەندین ساڵ لە پشتیوانیکردنی ئەو گرووپە چەکدارانەی کە هەوڵیاندەدا ئەسەد لە دەسەڵات لاببەن.  
 
حکومەتەکەی ئەردۆغان هیوای وایە کە نزیکبوونەوە لە ئەسەد ببێتە هۆی گەڕانەوەی سەلامەتی پەنابەران. بەڵام دیمەشق داوا دەکات تورکیا لە هەموو ناوچەکانی سووریا بکشێتەوە. 
 
لە کاتێکدا چاوەڕێدەکرێت ئەمریکا و ئەوروپا بۆ هەندێ پرس پێویستیان بە پشتیوانیی تورکیا بێت، وەک بەئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ، چاودێران دەڵێن پەیوەندیی نێوانیان لە بوارەکانی دیکەدا بە گرژی دەمێنێتەوە، وەک بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا. گفتوگۆکانی لەو بارەیەوە بە بنبەست گەیشتوون، لە کاتێکدا ئەردۆغان تۆمەتباردەکرێت بەوەی تورکیای بەرەو تاکڕەوی و لاوازکردنی بنەما دیموکراسییەکان بردووە.
 
غالب دالای، لێکۆلینڤانی پەیمانگەی چاتام هاوس لە لەندەن نووسیویەتی: "پێنج ساڵی دیکەی ئەردۆغان بە واتای کاری زیاتری هێشتنەوەی هاوسەنگی لە نێوان رووسیا و رۆژئاوادا دێت. تورکیا و رۆژئاوا دەکەونە نێو پێکەوەکارکردنی راگوزەر لەسەر هەر شتێک کە بەرژوەندیی تورکیای تێدابێت."

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەفربارین لە شاری ئاگریی باکووری کوردستان. وێنە: AA/ئەرشیڤ

کەشناسیی تورکیا: پێشبینیی بارینی بەفر لە 21 پارێزگا دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینی دەکات لە 21 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بەفر ببارێ، لەنێویاندا ئەرزەڕۆم، وان و سێواسی باکووری کوردستان