رووداو دیجیتاڵ
دوو ئاگری گەورە لە دارستانەکانی پارێزگای ئیزمیری تورکیا کەوتوونەتەوە؛ بەو هۆیەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی عەدنان مەندەرەس بەشێوەیەکی کاتی داخرا و 5 گەڕەکی شارۆچکەی سەفەریهیساریش چۆڵکران.
یەکێک لە ئاگرەکان لە ناوچەی گازیئەمیری ئیزمیر و لە شوێنێکی تایبەت بە فڕێدانی زبڵ و خاشاک کەوتەوە، بەڵام بەهۆی بای بەهێزەوە تەشەنەی سەند بۆ دارستانەکان و دواتریش گەیشتە پێشانگایەکی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل. لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل سووتان.
هاوکات، ئاگرێکی دیکە لەنێوان شارۆچکەکانی مەندەرێس و سەفەریهیسار کەوتەوە.
سلێمان ئەلبان، پارێزگاری ئیزمیر رایگەیاند، بەهۆی خێرایی با کە لەنێوان 70 بۆ 117 کیلۆمەتر بووە لە کاژێرێکدا، زۆربەی فڕۆکە و هێلیکۆپتەرەکانی تایبەت بە ئاگرکوژاندنەوە ناتوانن لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا بەشداربن، ئەوەش کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی قورستر کردووە.
بەهۆی مەترسیی ئاگرەکەوە، گەڕەکەکانی (ئەتاتورک، جمهوورییەت، ئۆرهانلی، پایاملی و کاڤاکدەرە) لە شارۆچکەی سەفەریهیسار چۆڵکران.
زیاتر لە هەزار و 100 کارمەند بە بەکارهێنانی 122 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و دەیان ئامێری دیکە لە هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان.
رۆژی 28ـی حوزەیران، ئیبراهیم یوماکلی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، لە 24 کاژێردا ئاگر لە 150 دارستانی 11 پارێزگا کەوتوەتەوە.
شەوی 20ـی تەممووزی 2024، ئاگر لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی نێوان ئامەد و مێردین کەوتەوە، بەهۆیەوە 15 هاونیشتمانیی گیانیان لەدەستدا و 75 هاونیشتمانیی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا؛ پار، سێ هەزار و 800 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کەوتەوە. لە ئەنجامدا 27 هەزار و 900 هێکتار زەوی دارستان و پاوانەکان سووتان و تەنیا لە سنووری ئامەد و مێردینی باکووری کوردستان 15 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ