کەیسی هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی جەهەپە بۆ مانگی ئەیلوول دواخرا

30-06-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی بنەڕەتیی ئەنقەرە بڕیاری کۆتایی لەسەر کەیسی هەڵوەشاندنەوەی 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپە نەدا و دانیشتنەکەی بۆ 8ی ئەیلوول دواخست.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 30ی حوزەیران، 42ەمین دادگەی بنەڕەتیی ئەنقەرە سێیەمین دانیشتنی خۆی لەبارەی ئەو کەیسە ئەنجامدا، کە لەلایەن لوتفو ساڤاش، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی هاتای و ژمارەیەک ئەندامی کۆنگرەوە تۆمار کرابوو. داواکاران دەیانەوێت کۆنگرەی مانگی تشرینی دووەمی 2023، کە تێیدا ئۆزگور ئۆزەل وەکو سەرۆک هەڵبژێردرا، بە پووچەڵ دابنرێت.
 
لە دانیشتنەکەدا دادگە رەزامەندیی دەربڕی لەسەر ئەوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و دەستەی باڵای دیسپلین کە لەو کۆنگرەیەدا هەڵبژێردراون، وەک لایەنێک بەشداری لە دانیشتنەکەدا بکەن.
 
پارێزەری لوتفو ساڤاش لە گوتەکانیدا رایگەیاند: "لە 38ـەمین کۆنگرەی ئاساییدا بە شێوەیەکی رێکخراو تاوان ئەنجامدرا و ئیرادەی ئەندامان زەوت کرا، بۆیە کۆنگرەکە بە تەواوی پووچەڵە و نایاساییە."
 
پارێزەرەکە بانگەشەی ئەوەی کرد ئۆزگور ئۆزەل بە شێوەیەکی ناڕەوا پۆستی سەرۆکی وەرگرتووە و داوای کرد دادگە بە پەلە ئۆزەل لە پۆستەکەی دووربخاتەوە و داوا لە کەمال کڵچدارئۆغڵو بکات بگەڕێتەوە بۆ سەرۆکایەتی پارتەکە.
 
لە بەرامبەردا چاغلار چاغڵایان، پارێزەری جەهەپە، بەرگرییەکی تووندی کرد و رایگەیاند، دادگەی ئاسایی دەسەڵاتی ئەوەی نییە بڕیار لەسەر کاروباری نێوخۆ و هەڵبژاردنی پارتە سیاسییەکان بدات و گوتی: "هەڵبژاردنی پارتەکان لەژێر چاودێریی دادوەردا دەکرێت، بەڵام دادگە ناتوانێت دیاری بکات کێ پارتێک بەڕێوەدەبات."
 
گرنگترین خاڵی بەرگریی پارێزەرانی جەهەپە، پێشکێشکردنی بڕیارێکی پێشینەیی دادگەی باڵای پێداچوونەوەی تورکیا بوو. بەپێی ئەو بڕیارە کە لە ساڵی 2022دا لەسەر دۆزێکی هاوشێوەی جەهەپە دەرچووە، هەر سکاڵایەک لەسەر هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی پارتەکان، دەبێت سەرەتا رێکارە یاساییەکانی نێوخۆی پارتەکە (سکاڵا بۆ لیژنەکانی پارت) بگرێتەبەر، پێش ئەوەی ببرێتە دادگە.
 
پارێزەرانی جەهەپە جەختیان کردەوە کە لایەنی سکاڵاکار ئەو رێکارە نێوخۆییانەیان نەگرتووەتەبەر، بۆیە بەپێی بڕیارەکەی دادگەی باڵا، پێویستە ئەم دۆزەش رەتبکرێتەوە.
 
دۆزەکە چۆن کرایەوە؟
 
دۆزەکە سەرەتا لەلایەن لوتفو ساڤاش، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی هاتای و ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرەی جەهەپەوە تۆمارکرا بە بیانووی ئەوەی ساختەکاری لە پرۆسەی دەنگدان کراوە، بەوەی بەشێک لە ئەندامان بە بەرتیل و بەشێکی دیکەشیان بە هەڕەشە و بەشی سێیەمیان بە بەڵێنی پێدانی پلە و پۆست  لە 38ـەمین کۆنگرەی پارتەکەدا دەنگیان بە ئۆزل داوە. داواکاران دەیانەوێت کۆنگرەکە پووچەڵ بکرێتەوە، ئۆزگور ئۆزل و تیمەکەی لەکار لاببرێن و ئیدارەکەی کەمال کڵچدارئۆغڵو بگەڕێندرێتەوە.
 
جەهەپە لە 9ـی ئەیلوولی 1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا، پارتێکی چەپی سۆسیال دیموکراتە، لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەر یەک بە تەنیا حکومەتی پێکهێنا. 
 
پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند.
 
 لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە بە هاوپەیمانی چەند پارتێکی دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی 1981 بۆ ماوەی چوار ساڵ داخرا و بەبڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە. 38 کۆنگرەی ئاسایی و 20 کۆنگرەی نائاسایی سازکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو