رووداو دیجیتاڵ
بریکاری هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، زانیارییان لەبارەی کاتی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نییە، دەشڵێت سبەی سێشەممە سەرنج و پێشنیازی پارتەکەیان لەبارەی ئەو لیژنەیەی کە بڕیارە بۆ پرۆسەی چارەسەری پێکبهێندرێت، پێشکێشی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەکەن.
سەزایی تەمەللی، بریکاری هاوسەرۆکی دەم پارتی رۆژی دووشەممە، 30ی حوزەیرانی 2025 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکێش کرد و بەشێکی قسەکانیشی تایبەت کردن بە پرۆسەی چارەسەری.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی یەکشەممە، 18ی ئایاری 2025 لە هەژماری فەرمیی پارتەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، پێویستە لیژنەیەک لە پەرلەمانی تورکیا بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری پێکبهێندرێت. دواتریش نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمان، دەم پارتی و جەهەپە و بەشێکی دیکە لە پارتە سیاسییەکان پێشوازییان لە پێشنیازەکەی باخچەلی کرد.
تەمەللی پێکهێنانی ئەو لیژنەیەی بە ''گرنگ'' وەسف کرد و گوتی، دوای ئەوەی پێکهێنرا، دەبێت گومان و دوودڵییەکانی خەڵک لەبارەی پرۆسەکە بڕەوێنێتەوە.
بریکاری هاوسەرۆکی دەم پارتی باسی لەوەش کرد، سبەی سێشەممە، 1ی تەممووز، سەرنج و پێشنیازەکانی پارتەکەیان لەبارەی لیژنەکە، بەشێوەیەکی نووسراو پێشکێشی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەکەن.
سەبارەت بە چەکدانانی پەکەکە، کە دەگوترێت لە چەند رۆژی داهاتوودا دەبێت، تەمەللی گوتی: ''زانیارییەکی وەهامان نییە''، بەڵام گوتیشی: ''لە بری ئەوەی هەر لە چوارچێوەی چەکدانان و کاتەکەی بەچەقبەستوویی بمێنینەوە، پێویستە هەنگاو بۆ دەستەبەرکردنی گەرەنتی یاسایی بنێین''.
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەهێندرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ