رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، وڵاتەکەی لە پرۆسەی چارەسەریدا ''قۆناخێکی باش''ی بڕیوە. دەشڵێت، هەندێک لایەن لە تورکیا و لەنێو پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هەوڵی شکستهێنان بە پرۆسەکە دەدەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا شەوی دووشەممە، 30ی حوزەیرانی 2025، دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەی لە ئەنقەرە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتارێکی پێشکێشکرد، کە بەشێکی تایبەت بوون بە پرۆسەی چارەسەری.
سەرۆککۆماری تورکیا هەڵوێستی پارتە سیاسییەکانی وڵاتەکەی لە سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری بە ''گرنگ'' وەسف کرد، پێشیوایە، توانیویانە لە ماوەیەکی کورتدا ''قۆناخێکی باش'' لە پرۆسەکە ببڕن.
ئەردۆغان گوتی، هەندێک لایەن لە تورکیا و لە نێو پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هەوڵی شکستهێنان بە پرۆسەی چارەسەری دەدەن، گوتیشی: ''وڵاتەکەمان خاوەنی ئەزموونە و ناکەوێتە نێو ئەم تەڵانەوە، بەڵام ئەمە هەرگیز واتای ئەوە ناگەیێنێت بە ئاژاوەگێڕی رازی بین''.
سەرۆککۆماری تورکیا هۆشداری بەو لایەنانە دا و گوتی: ''هەر کاتێک سەقامگیریی گەلەکەمان بکەوێتە مەترسییەوە، یاخود هەر کاتێک هەوڵێکی هێرشکارانە لە دژی ئاسایشی نیشتیانیمان بدرێت، میهرەبانی لە ئاستی هیچ کەسێکدا نانوێنین و یەک بە یەکی هێرشکاران تەمبێ دەکەین''.
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەهێندرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ