عەبدوڵڵا زەیدان: ئەو کرێکارانەی لە شارەوانیی وان دەرکراون، دەستبەجێ بگەڕێنرێنەوە سەر کارەکانیان

30-07-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی گەورە شارەوانیی قەییومکراوی وان، رایگەیاند، دەرکردنی 223 کرێکار لەلایەن قەییومەوە "هێرشێکی ئاشکرایە" و "ئۆپەراسیۆنێکی پاکتاوی سیاسییە". داوای گەڕانەوەی دەستبەجێی ئەو کرێکارانە دەکات بۆ سەر کارەکانیان.
 
بەبڕیاری ئۆزان باڵجی، سەرۆکی گەورەشارەوانیی وان کە بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بە قەییوم لە شوێنی عەبدوڵڵا زەیدان دانراوە، 223 کرێکاری شارەوانیی لەکارلاداوە. 
 
رۆژی چوارشەممە 30ـی تەممووزی 2025، عەبدوڵڵا زەیدان، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "قەییومەکان نەک هەر هێرشیان کردووەتە سەر سیستمی خزمەتگوزاریی شارەوانی، بەڵکو ئێستاش چاویان بڕیوەتە رەنج و ماندووبوونی رۆڵەکانی خەڵکی وان و 223 کرێکاریان بەشێوەیەکی نایاسایی دەرکردووە."
 
عەبدوڵڵا زەیدان رەتیکردەوە ئەو کرێکارانە لە سەردەمی ئەودا بە نایاسایی دامەزرابن و گوتی: "لە سەردەمی دەسەڵاتی ئێمەدا، ئەو کرێکارانەی لە گەورە شارەوانی وان دامەزران، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و شەفاف و دوای تەواوکردنی هەموو پرۆسە یاسایی و ئیدارییەکان، چاوپێکەوتن، تۆماری تاوان و لێکۆڵینەوەی ئەمنی، وەرگیران."
 
بە گوتەی زەیدان، "هیچ یەکێک لەم کارمەندانە سزایەکی کۆتاییان نییە، بەڵام بە شێوەیەکی نایاسایی و تەنیا لە رێگەی تەلەفۆن یان نامەوە لە کارەکانیان دەرکراون."
 
سەبارەت بە هۆکاری دەرکردنی ئەو کرێکارانە، عەبدوڵڵا زەیدان گوتی: "بیانووی دەرکردنەکان گوایە ئەوەیە پێش تەواوبوونی لێکۆڵینەوەی ئەرشیڤ دامەزراون، بەڵام دەرکردنی بەکۆمەڵی سەتان کارمەند بەم بیانووە، ئۆپەراسیۆنێکی ئاشکرای پاکتاوی سیاسییە."
 
دەرکردنی ئەو کرێکارانە تەنیا لە وان نەبووە، عەبدوڵڵا زەیدان دەڵێت، لە ئێلیە 61، لە مێردین زیاتر لە 300 و لە دێرسم لانیکەم 15 کرێکار بە هەمان شێوە دەرکراون.
 
عەبدوڵڵا زەیدان داوای کرد ئەو 223 کرێکارەی لە شارەوانیی دەرکراون، دەستبەجێ بگەڕێنرێنەوە سەر کارەکانیان." 
 
هەروەها داوای کۆتاییهێنان بە سیستمی قەییوم لە هەموو شارەوانییەکان و گەڕانەوەی بەڕێوەبەرە هەڵبژێردراوەکانی خەڵک دەکات و دەڵێت: "با خەڵکی ئێمە دڵنیا بن؛ بە خۆڕاگریمان ئاشتی بۆ ئەم خاکە دەهێنین و قەییومەکان بۆ هەمیشە رەوانە دەکەینەوە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەفربارین لە شاری ئاگریی باکووری کوردستان. وێنە: AA/ئەرشیڤ

کەشناسیی تورکیا: پێشبینیی بارینی بەفر لە 21 پارێزگا دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینی دەکات لە 21 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بەفر ببارێ، لەنێویاندا ئەرزەڕۆم، وان و سێواسی باکووری کوردستان