رووداو دیجیتاڵ
فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا پێشوازیی لە کڕینی 20 فڕۆکەی یۆرۆفایتەر لەلایەن تورکیاوە کرد و رایگەیاند، ئەو فڕۆکانە هاوپەیمانیی سەربازیی ناتۆ لە بەرامبەر هەڕەشەی رووسیادا بەهێز دەکەن. هاوکات، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا، مێرتس و ئەردۆغان بە ئاشکرا لەسەر جەنگی غەززە دوو بۆچوونی جیاوازیان خستەڕوو.
مێرتس، دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لە ئەنقەرە، گوتی: "دیدی شەڕانگێزانەی رووسیا ئاسایشی یۆرۆ-ئەتڵەسی بە گشتی دەخاتە مەترسییەوە و لەم چوارچێوەیەدا، حکومەتی ئەڵمانیا بە روونی پێشوازی لە بڕیارەکەی تورکیا دەکات بۆ کڕینی 20 فڕۆکەی یۆرۆفایتەر."
ئەو گوتی: "ئەم فڕۆکانە خزمەت بە ئاسایشی بەکۆمەڵی هاوپەیمانییەکە دەکەن."
بۆچوونی جیاواز لەسەر غەززە
سەرەڕای هاوڕاییان لەسەر بابەتی فڕۆکەکان، هەردوو سەرکردە بە ئاشکرا لەسەر جەنگی غەززە بۆچوونی جیاوازیان هەبوو.
مێرتس لەبارەی جەنگەکەوە، کە دوای هێرشەکەی تشرینی یەکەمی 2023ی حەماس دەستیپێکرد گوتی: "ئیسرائیل مافی بەرگریکردن لە خۆی بەکارهێنا و تەنیا یەک بڕیار دەیتوانی رێگری لە قوربانیی بێشوماری ناپێویست بکات. دەبوو حەماس زووتر بارمتەکانی ئازاد بکردایە و چەکەکانی دابنایە، ئەوا ئەم جەنگە دەستبەجێ کۆتایی دەهات."
بەڵام ئەردۆغان رایگەیاند، "ناچارە" لەگەڵ مێرتسدا لەسەر غەززە هاوڕا نەبێت و گوتی: "زیاتر لە 60,000 ژن، منداڵ و بەساڵاچوو بەهۆی بۆمب و چەکەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون، کە، شەوی رابردووش جارێکی دیکە لە غەززەیان دا."
ئەردۆغان پرسیاری کرد: "ئایا ئێوە لە ئەڵمانیا ئەم شتانە نابینن؟ ئایا بەدواداچوونیان بۆ ناکەن؟"
مێرتس سوپاسی ئەردۆغانی کرد بۆ رۆڵی تورکیا لە مسۆگەرکردنی ئاگربەستەکەی 10ـی تشرینی یەکەم و هیوای خواست تورکیا کاریگەریی خۆی بەکاربهێنێت "بۆ قایلکردنی حەماس بە چوونە نێو قۆناخی دووەمی ئەم رێککەوتنەوە، چونکە دۆخەکە هێشتا ناسکە."
لە میانی گفتوگۆکاندا، مێرتس هیوای خواستبوو یارمەتیی تورکیا مسۆگەر بکات بۆ وەرگرتنەوەی زیاتری ئەو پەناخوازانەی داواکارییەکانیان رەتکراوەتەوە. هەروەها بەرلین هەوڵیدەدا دیپۆرتکردنەوە بۆ سووریا دەستپێبکاتەوە و ویستی پشتیوانیی تورکیا بەدەستبهێنێت کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ دیمەشقدا هەیە.
سەبارەت بە زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی ئۆپۆزیسیۆنی ئیستەنبووڵ، مێرتس رایگەیاند، لە تورکیا بڕیارگەلێک دراون "کە هێشتا لەگەڵ ستانداردەکانی سەروەریی یاسا و دیموکراسیدا ناگونجێن، وەک چۆن ئێمە لە روانگەیەکی ئەورووپییەوە لێیان تێدەگەین."
ئەو گوتی: "لێرەدا بابەتگەلێک هەن کە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی ئێمەدا نین، بۆ نموونە سەبارەت بە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ