داهاتی شەش مانگی گەشتوگوزاری تورکیا 21.7 ملیار دۆلار بووە

31-07-2023
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا، داهاتی شەش مانگی کەرتی گەشتوگوزاری وڵاتەکەی ئاشکراکرد و رایگەیاند، 21.7 ملیار دۆلار داهاتیان هەبووە. 
 
رۆژی 31ی تەممووزی 2023، محەممەد نووری ئەرسۆی، وەزیری کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا لەبارەی دۆخی گەشتوگوزاریی تورکیا دوا و رایگەیاند، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا 22 ملیۆن و 945 هەزار و 111 گەشتیاری بیانی بەمەبەستی گەشتکردن چوونەتە تورکیا و باکووری کوردستان و ئەو ژمارەیەش بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی رابردوو بە رێژەی 27٪ زیادیکردووە. 
 
محەممەد نووری ئەرسۆی راشیگەیاند، داهاتی شەش مانگی کەرتی گەشتیاری 21.7 ملیار دۆلار بووە، ئەوەش بەراورد بە هەمان قۆناخی ساڵی رابردوو 17.5٪ زیادیکردووە. 
 
وەزیری کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا گوتی، ئامانجیان ئەوەیە تاوەکو کۆتایی وەرزی گەشتوگوزاری، داهاتی ئەو کەرتە بگەیێننە 56 ملیار دۆلار. ئەوە لە کاتێکدایە کۆی گشتیی داهاتی گەشتوگوزار لە ساڵی رابردوودا 46.6 ملیار دۆلار بوو. 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا، ساڵی رابردوو 46 ملیۆن و 164 هەزار و 954 گەشتیاری بیانی چووبوونە باکووری کوردستان و تورکیا؛ ساڵی 2021یش ژمارەی ئەو گەشتیارە بیانییانەی سەردانی باکووری کوردستان و تورکیایان کردبوو 30 ملیۆن و 39 هەزار گەشتیار بووە.    
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە