گوتەبێژی دەم پارتی بۆ دەستبەکاربوونی لیژنەکەی پەرلەمان: نابێت کات بەفیڕۆ بدەین

31-07-2025
پەیمان محەممەد
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی دەم پارتی دەڵێت، پێویستە لیژنەکەی پەرلەمانی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەری بە خێرایی دەستبەکار بێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، کارکردن لەسەر میکانیزمی چەکدانان و گەڕاندنەوەی ئەندامانی پەکەکە بۆ تورکیا، کاری سەرەکیی کۆمیسیۆنەکە دەبێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 31-07-2025، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەبارەی پرسی پێکهێنانی لیژنەی پەرلەمانی تورکیا بۆ پڕۆسەی چارەسەری، بە شەوکەت هەرکی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەکە لە ئەگەری دەستبەکاربوونی، بۆ ''کارێکی مێژوویی'' هەوڵ دەدات.
 
ئایشەگوڵ دۆغان، ئاماژەی بە ''کەموکوڕی''ـی تورکیا کرد بۆ دیموکراسی و گوتی، ''دادپەروەری بۆ هەموو کەسێک پێویستە. ئێستا لە تورکیا بەندکراوان هەن، کەسانی دوورخراوە هەن، هەروەها ئەوانەی لە تاراوگەن و ناتوانن بگەڕێنەوە، ئێمە دەتوانین بڵێین ئێستا بەگشتی وڵاتەکە بووەتە گرتووخانەیەکی کراوە.''
 
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا، لیژنەکە لە 51 ئەندام پێکدێ و داوا لە ئاکپارتی کراوە 21 ئەندام، جەهەپە 10 ئەندام، هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە 4 ئەندام، هەریەکە لە ئیی پارتی و رێبازی نوێ 3 ئەندام بۆ ئەو مەبەستە دەستنیشان بکەن؛ هەریەکە لە هوداپار، یەنیدەن رەفاهـ، پارتی کرێکاران، پارتی رەنجدەران، پارتی دیموکرات و پارتی سۆسیال دیموکراتیش ئەندامێکیان بۆ دانراوە.
 
گوتەبێژی دەم پارتی لەبارەی ئەرکەکانی لیژنەکەی پەرلەمان ئاماژەی دا، ''ئێستا چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بابەتێکی سەرەکییە کە دەبێ لیژنە کاری لەسەر بکات.''
 
11ـی تەممووز لە رێوەڕەسمی چەکدانانی یەکەم گروپی گەریلای پەکەکە کە لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو، 30 گەریلا چەکەکانیان سووتاندن. ئایشەگوڵ دۆغان دەڵێت، ''ئەو 30 کەسە هاووڵاتیی ئەم وڵاتەن، ئەگەر بگەڕێنەوە تورکیا، دەیانەوێت سیاسەت بکەن و تێکەڵ بە کۆمەڵگە بن، پێویستە روونبکرێتەوە ئەو پڕۆسەیە چۆن بەڕێوەدەچێت.''
 
گوتەبێژی دەم پارتی ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەکەی پەرلەمان سەرەتا دەبێ هەوڵی دیاریکردنی رێوشوێنە یاساییەکانی چەکدانانی پەکەکە بدات، ''بەڵام خۆی ناتوانێت یاسا دەربکات، بەڵکو دەتوانێت هەندێک پێشنیازی یاسایی بخاتە بەردەم پەرلەمان و ئەوکاتە بخرێتە دەنگدانەوە و بکرێتە یاسا.''
 
ئایشەگوڵ دۆغان جەختی لەوە کردەوە، بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی ئاشتی و دەستبەکاربوونی لیژنەکەی پەرلەمانی تورکیا ''نابێت کات بەفیڕۆ بدەین. کاتێک دەڵێین مەترسی هەن، ئەم مەترسییانە تەنیا پەیوەست نین بە تورکیاوە، بەڵکو پەیوەستن بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشەوە.''
 
گوتەبێژی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، ''ئێستا بابەتی سەرەکی بۆ ئێمە هێنانە کایەی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکە و پێویستە سەرەتا لیژنە نەخشەرێگەی خۆی دیاری بکات.''
 
ئایشەگوڵ دۆغان لەبارەی ئامانجیان لە پڕۆسەی چارەسەری دەڵێت، ''کورد دەیەوێت لەم وڵاتەدا بە یەکسانی بژیت، تێیدا خوشک و برایەتییەکی راستەقینە هەبێت. هیچ کەس باڵادەست یان ژێردەست نەبێت. هەروەها زمانی خۆیان وەک هەموو گەلانی دیکە بە ئازادی بەکاربهێنن، قسەی پێبکەن، پەروەردەی خۆیان هەبێت، ئێمە بۆ ئەوە تێکۆشان دەکەین.''
 
گوتەبێژی دەم پارتی باسی لە گرنگیی پەروەردە بە زمانی کوردی کرد و گوتی، ''کورد بە ملیۆنان کەسن. ئەمە راستییەکە، ناکرێت ئەم راستییە پێچەوانە بکرێتەوە، ناتوانین بڵێین بە ملیۆنان مرۆڤ بە زمانی کوردی کار ناکەن، قسە ناکەن و هیچ زمانێکیان نییە، ئیدی هیچ کەس ئەمە قبووڵ ناکات، هاووڵاتییانی تورکیاش ئەمڕۆ دەزانن کورد هەن، زمانیان هەیە، خاکیان ئەو جوگرافیایەیە کە لە کۆنەوە لەسەری دەژین و ناوی کوردستانە.''
 
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارەی تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەستیپێکرد.
 
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە