رووداو دیجیتاڵ
سەباحەت تونجەل، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە داوای کرد رێگە بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بدرێت بچێتە پەرلەمان و سیاسەت بکات، وەک چۆن دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، پێشتر داوای کردبوو.
سەباحەت تونجەل ئەو قسانەی لە پانێلێکدا کرد، کە رۆژی شەممە لە شارۆچکەی جزیرێی سەر بە شرنەخی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو، پانێڵەکە لە چوارچێوەی چالاکییەکانی دەم پارتی بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری رێکخرابوو و ژمارەیەکی بەرچاو لە هاونیشتمانییان تێیدا بەشدار بوون.
تونجەل ئاماژەی بەوەدا کە ئۆجەلان ساڵانێکە هەوڵی گفتوگۆ دەدات و پڕۆسەی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تورکیای ناچار کردووە بەرەو هاوپەیمانێتییەکی نوێی کورد-تورک بڕوات.
تونجەل گوتی: "بەڕێز ئۆجەلان وەڵامی بانگەوازی دەوڵەتی دایەوە. ئەم پڕۆسەیە بە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراسی گەیشتە قۆناخێکی دیکە. بۆیە ئەو لیژنەیەی لە پەرلەمان دامەزراوە پێویستە گوێ لە بەڕێز ئۆجەلان بگرێت. ئەگەر لیژنەکە ناتوانێت بچێتە لای، دەبێت مەرجەکانی هاتنی بەڕێز ئۆجەلان بۆ پەرلەمان بڕەخسێنرێت."
هاوپەیمانی لەگەڵ ئاکپارتی رەتکردەوە
سەباحەت تونجەل رەتیکردەوە کە دەم پارتی و ئاکپارتی رێککەوتنیان کردبێت بۆ هاوپەیمانیی هەڵبژاردن و رایگەیاند، ئەوان لەڕووی ئایدۆلۆژیاوە لەگەڵ ئاکپارتی جیاوازن: "ئێمە لە رەهەندی دیموکراسی و ئازادیخوازیی ژنانەوە نزیک دەبینەوە لە کێشەکان. بۆیە ناتوانین لە هەموو بابەتێکدا نە لەگەڵ ئاکپارتی و نە لەگەڵ جەهەپەدا بەیەکەوە بین."
پەرلەمانتارەکەی پێشووی هەدەپە جەختی لەسەر "رێگەی سێیەم"ی ئۆجەلان کردەوە و گوتی: "گفتوگۆ هەیە لەسەر کۆتاییهێنان بە چەک. ئێمە خۆمان دەمانەوێت ببینە دەسەڵات و تورکیا بەڕێوەببەین. دەرکردنی چەک لە پڕۆسەکەدا هەموو کێشەکان چارەسەر ناکات. کێشەکانی ئازادی و زمان هەر ماون. بەڕێز ئۆجەلان شێوازەکانی خەباتی گۆڕی. ئاشتی بۆ هەمووان دەبێتە براوە، زۆرترین سوودی بۆ ژنان دەبێت."
مەرجەکانی بەردەوامبوونی پڕۆسەکە
سەباحەت تونجەل دووپاتیکردەوە کە بۆ بەردەوامبوونی پڕۆسەکە، پێویستە دەوڵەت هەندێک کار بکات، لەوانە هەموارکردن و رێکخستنەوەی یاساکان تاوەکو دەگاتە ئازادکردنی ئۆجەلان.
ئەو گوتیشی: "وەک دەبینرێت گۆشەگیری هێشتا ماوە. ناتوانرێت بیر لەوە بکرێتەوە کە بەڕێز ئۆجەلان کە لە ناوەندی پڕۆسەکەدایە ئازاد نەبێت. ئەمە لە روانگەی کوردەوە بابەتێکە گفتوگۆ هەڵناگرێت. دەبێت دەرفەتەکانی ئازادی بڕەخسێنرێت و وەک دەوڵەت باخچەلی دەیگوت، پێویستە بێتە پەرلەمان و سیاسەت بکات."
پڕۆسەی نوێی چارەسەری لە 1ـی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی دەستیپێکرد، دواتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێ و چەک دابنێت. پەکەکەش لە ئایاری ئەم ساڵدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. رۆژی 11ـی تەممووزی ئەم ساڵ 30 گەریلای پەکەکە بەشێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی سووتاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ