رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی تورکیا رۆژی هەینی سزای زیندانیی تاهەتایی بۆ 11 کەس دەرکرد، ئەوەش لەسەر کەیسی ئاگرکەوتنەوەیەک لە هاوینەهەوارێکی بەناوبانگی خلیسکێنەی سەر بەفر کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 78 کەس، لەنێویاندا نزیکەی 30 منداڵ.
ئاگرەکە رۆژی 21ی کانوونی دووەم لە هۆتێل "گراند کارتاڵ" لە هاوینەهەواری "کارتالکایا" لە شاری بۆڵوی باکووری وڵاتەکە کەوتەوە.
لێکۆڵەران رایانگەیاند، هەندێک لە ئامێرەکان مەرجی سەلامەتییان تێدا نەبووە.
جگە لە گیانلەدەستدانی 78 کەس، 137 کەسی دیکەش بریندار بوون. ئەندامانی چەندین خێزان بە تەواوی لە ئاگرەکەدا گیانیان لەدەستدا.
بەپێی راپۆرتی ئەو میدیایانەی رووماڵی دادگاییەکەیان کردووە، خاوەنی هۆتێلەکە، بەڕێوەبەرەکەی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕییەکەی لەنێو ئەو کەسانەدان سزای زیندانیی تاهەتاییان بۆ دەرکراوە.
هەروەها سزای زیندانیکردن بۆ جێگری سەرۆکی شارەوانیی بۆڵو و سەرۆکی دەزگای ئاگرکوژێنەوەی ناوچەکەش دەرکرا. لە کەیسەکەدا 32 کەس تۆمەتبارکرابوون کە 20 کەسیان بەشێوەی کاتی دەستبەسەر بوون.
لێکۆڵینەوەکان دەریانخست کە ئامێری ئاگادارکەرەوەی ئاگر لە شەوی کارەساتەکەدا کاری نەکردووە و هەندێک لە ئامێرەکانی گازیش لەگەڵ ستانداردەکانی سەلامەتیدا نەگونجاون.
خالید ئێرگول، خاوەنی هۆتێل "گراند کارتاڵ" کە سزای زیندانیی تاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە، لە دادگەدا گوتی: "ئێمە پشکنینی بەردەواممان دەکرد؛" هەروەها رەتیکردەوە بەرپرسیار بێت و کۆمپانیای دابینکەری ئامێرەکانی گازی بە هۆکار زانی.
ئاژانسی هەواڵی DHAی تورکی لە زاری ئێرگولەوە گوتی: "من تەنانەت رێگەم نەدەدا لە ئاهەنگی هاوژینییەکەدا لەبەردەم هۆتێلەکە یاریی ئاگرین بتەقێنرێ، چونکە نەمدەویست باڵندەکان بمرن."
رزگاربووانی ئاگرەکە و کەسوکاری قوربانییەکان، گەواهیی کاریگەریان لەبارەی ئەو ئاگرە دا کە کەمێک پێش کاژێر 3:30ی بەرەبەیان لە چێشتخانەی هۆتێلەکەوە دەستیپێکرد.
حیلمی ئاڵتن، کە هاوژین و کچە نۆ ساڵانەکەی لە کارەساتەکەدا لەدەستدا، گوتی: "هەموو رۆژێک دەچمە گۆڕستان. هیچ پزیشکێکی دەروونی ناتوانێ ئەم ئازارە کەم بکاتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ