ئیستەنبووڵ میوانداریی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی زۆرینە موسڵمان دەکات بۆ تاوتوێی پلانی ئاشتیی غەززە

31-10-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی هەینی رایگەیاند، تورکیا رۆژی دووشەممە لە ئیستەنبووڵ میوانداریی کۆبوونەوەیەکی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی زۆرینە موسڵمان دەکات، بۆ پشتیوانیکردن لە پلانی ئاشتیی غەززە.
 
فیدان بە رۆژنامەڤانانی گوت: "بە پشتیوانیی خودا، رۆژی دووشەممە لە ئیستەنبووڵ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانە دەکەین کە لە نیویۆرک لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆبوونەوە، بۆ هەڵسەنگاندنی پێشکەوتنەکانمان و گفتوگۆکردن لەبارەی ئەوەی لە قۆناخی داهاتوودا پێکەوە چی بەدەستدەهێنین".
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێ لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرانی دەرەوەی ئیمارات، قەتەر، ئوردن، پاکستان، ئیندۆنیزیا، سعودیە و میسر لەگەڵ تورکیا بەشدار بن.
 
ترەمپ رۆژی 23ی ئەیلوول لە پەراوێزی کارەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، لەگەڵ سەرکردە و وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانە کۆبووەوە.
 
فیدان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ مارگوس تساکنا، هاوتا ئیستۆنییەکەی، گوتی: "پلانی ئاشتی وردە وردە روون دەبێتەوە و هیوایەک بە هەمووان دەبەخشێت".
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی، گفتوگۆکانی رۆژی دووشەممە سەبارەت بە جێبەجێکردنی پلانی ئاشتییەکە، پرسیارەکانی وەک: "ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی چین؟ چ ئاڵنگارییەک هەیە کە دەبێت تێپەڕێندرێ؟ هەنگاوەکانی داهاتوو چین؟ لەگەڵ هاوڕێ رۆژئاواییەکانمان باسی چی دەکەین؟ چ جۆرە پشتیوانییەک بۆ گفتوگۆکانی ئێستا لەگەڵ ئەمریکا بەردەستە؟" لەخۆدەگرێت.
 
فیدان، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی "بەدوای بیانوودا دەگەڕێ بۆ پێشێلکردنی ئاگربەست لە غەززە و دەستپێکردنەوەی کۆمەڵکوژی بە بەرچاوی هەموو جیهان."
 
وەزیرەکە گوتی، تورکیا تیمێکی 81 کەسیی فریاگوزاریی ناردووە بۆ یارمەتیدان لە دەرهێنانەوەی تەرمەکان، لەنێویاندا تەرمی بارمتە ئیسرائیلییەکان، بەڵام تیمەکە هێشتا لە دەروازەی رەفەح گیریان خواردووە و چاوەڕێی رەزامەندیی ئیسرائیلن بۆ چوونە نێو غەززە.
 
فیدان گوتی، "هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان بە چڕی خراونەتە گەڕ و سوپاکەشمان گفتوگۆ دەکات سەبارەت بە بەشداریی خۆی لە هێزێکی نێودەوڵەتیدا" کە ئەرکی سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنی ئاگربەستی پێبسپێردرێت.
 
بەڵام نەتەنیاهوو دژایەتیی خۆی بۆ بەشداریی تورکیا لەو هێزەدا راگەیاندووە، بەو پێیەی پێی وایە تورکیا پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا. وێنە: AA

کورتوڵموش: تورکیای بێ تیرۆر پڕۆژەی دەوڵەتە

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، "تورکیای بێ تیرۆر" تەنیا لە چوارچێوەی ئەرکی ئەو کۆمیسیۆنەدا نییە کە لە پەرلەمان پێکهێنراوە، بەڵکو "پڕۆژەیەکی دەوڵەتە". دەشڵێت، داڕشتنی دەستوورێکی نوێ یەکێکە لە ئەرکەکانی ئەم خولەی پەرلەمان.