رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هەینی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە زیندانی ئیمرالی چاوی بە ژمارەیەک لە کەسوکاری کەوت.
"نووسینگەی یاسایی سەدە" کە بەرگری لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکات، ئەمڕۆ هەینی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان رۆژی 31ی تشرینی یەکەمی 2025، لەگەڵ ئەندامانی ماڵباتەکەی کۆبووەوە کە پێکهاتبوون لە فاتمە ئۆجەلان، عومەر ئۆجەلان، بەرفین ئۆجەلان و عەلی ئۆجەلان.
سەبارەت بە نێوەڕۆکی دیدارەکە هیچ روونکردنەوەیەک نەدراوە.
فاتمە ئۆجەلان خوشکی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە و عومەر ئۆجەلان، بەرفین ئۆجەلان و عەلی ئۆجەلانیش برازا و خوشکەزای رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەن.
دوای ئەوەی ساڵی رابردوو پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد دەستیپێکردەوە، دیدارەکانی ئۆجەلان لەگەڵ ماڵبات، پارێزەر و سیاسەتڤانان زیاتر بووە.
رۆژی 31-03-2025 ژمارەیەک لە کەسوکاری ئۆجەلان چوونە دوورگەی ئیمرالی. ناوەندی راگەیاندنی دەم پارتی ئەو رۆژە بڵاویکردەوە، رۆژی دووشەممە 31ی ئاداری 2025، بەبۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە رێگە بە محەممەد ئۆجەلان (برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان) و عومەر ئۆجەلان (برازای ئۆجەلان و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها) درا، بەناوی کەسوکارەکەیەوە سەردانی گرتووخانەی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمرالی بکەن، بۆ دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان.
8ـی حوزەیرانی 2025ش نووسینگەی یاسایی سەردەم لە راگەیێندراوێکیدا بڵاویکردەوە، هەریەک لە عومەر ئۆجەلان، عەلی ئۆجەلان و دوو لە منداڵەکانیان، بۆ دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بەبۆنەی جەژنی قوربان، سەردانی گرتووخانەی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمرالییان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ