سۆمۆ چەند نەوتی هەرێمی کوردستانی هەناردە کردووە و داهاتەکەی چەند بووە؟

03-11-2025
مەحموود بابان @MahmoodBaban2
A+ A-
 
رۆژی 27ـی ئەیلوولی 2025، جارێکی دیکە قوفڵی بۆریی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا، ئاسیا و ئەمریکا لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە کرایەوە و مانگی رابردوو رۆژانە 188 هەزار و 221 بەرمیل لە نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە دەستی کڕیارەکان. 
 
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، لە ماوەی مانگی تشرینی یەکەمدا، کۆی نەوتی هەناردەکراو لە عێراقەوە بۆ هەر سێ جۆرەکەی نەوت کە هەناردەکراوە، نەوتی قورس و سووکی بەسرە لەگەڵ نەوتی کەرکووک "کە نەوتی هەرێمی کوردستان لەمجۆرە هەژمار دەکرێت"، بڕی 110 ملیۆن و 650 هەزار و 970 بەرمیل نەوت بووە. کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە بڕی 5 ملیۆن و 834 هەزار و 864 بەرمیل بەشداربوون لەکۆی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بۆ بازاڕەکانی جیهان و بەمشێوەیەش رێژەی 5٪ لە نەوتی هەناردەکراو پێکدەهینێت. 
 
لەڕووی نرخی هەناردەکراوەوە، بەپێی دامەزراوەی رووپێوی ئابووریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (MEES) عێراق سێ جۆر نەوت بە نرخی کەمتر و زیاتر لە نرخی رۆژانەی برێنت و نەوتی خاوی تەکساس هەناردەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەورووپا و ئەمریکا دەکات. زۆرترین جۆری ئەو بڕە نەوتەی عێراق مانگانە هەناردەی دەکات، نەوتی خاوی بەسرەیە کە لە مانگی رابردوودا 66 ملیۆن بەرمیل بووە. بەدوایدا نەوتی قورسی بەسرە دێت کە 38 ملیۆن بەرمیل و ئینجا نەوتی هەرێمی کوردستان بووە کە 5.8 ملیۆن بەرمیل نەوت بووە.
 
بەپێی میس، نەوتی کەرکووک لە بەندەری جەیهان هەناردەی بازاڕەکانی ئەورووپا و ئەمریکا دەکرێت، کە زۆرترینیشی بۆ بازاڕەکانی ئەورووپایە و نرخەکەی بۆ مانگی تشرینی یەکەمی 2025 نزیکەی 2.9 دۆلار لە برێنت و 1.5 دۆلاری لە نەوتی خاوی تەکساس بەرزتر بووە لە مانگی رابردوودا. بەمشێوەیەش بێت نەوتی هەناردەکراوی کوردستان لە مانگی 10دا بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا بە 68.89 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکراوە و ئەگەر بۆ بازاڕەکانی ئەمریکاش بووبێت ئەوا بە 63.29 دۆلار فرۆشراوە وەکو لە خشتەی خوارەوەدا هاتووە.
 
 
لەڕاستیدا، بەپێی داتاکانی پێش راگرتنی هەناردەی نەوت و لێدوانی بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەو نەوتەی کە لە بەندەری جەیهانەوە هەناردە دەکرێت، زیاتر بۆ بازاڕەکانی ئەورووپایە تاوەکو بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا. لە مانگی رابردوودا نەوتی هەناردەکراو نزیکەی بڕی 401 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە، کە دوای لێدەرکردنی بڕی 16 دۆلار بۆ تێچووی هەر بەرمیلێک بۆ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت، دەتوانین بڵێین نزیکەی 308 ملیۆن دۆلار داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بووە بۆ دەوڵەتی فیدراڵی. 
 
هەروەها، وەکو لە خشتەی خوارەوەدا هاتووە، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەم بەشداربووە لە زیادکردنی بڕی نەوتی هەناردەکراو و هەمیش داهاتی زیاتر کردووە، ئەمەش سەرەڕای هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی ناردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە کە دەتوانرێت لە داهاتوودا سوودی زیاتری لێوەربگرێت و نەوتی کەرکووکیش بێتە پاڵ بڕی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا کە نرخەکەی لە نەوتی خاو و قورسی بەسرەش زیاترە بۆ هەر بازاڕێک هەناردە بکرێت.
 
 
تێبینی، تێکرای داهاتی نەوتی عێراق، بریتییە لە هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی ئاسیا و ئەورووپا 
 
ئەوەش راستە تاوەکو ئێستا کۆمپانیای وودماکینزی کە بڕیاربوو پێداچوونەوە بە گرێبەستەکان بکات و تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت بەپێی کیڵگەکانی هەرێمی کوردستان دیاری بکات، بەڵام بەپێی زانیارییەکان تاوەکو ئێستا دەستبەکارنەبووە و هۆکاری سەرەکیش نەبوونی میکانیزم یان شێوازی گرێبەستی چۆنیەتیی کارەکانیانە، لەبەرئەوەی لە رێککەوتنە سێ قۆڵییەکەدا بەڕوونی دیارینەکراوە و کۆمپانیا راوێژکارییەکە داوای وردەکاریی زیاتر بۆ دەستکردن بە کارەکانی کردووە. 
 
لە کۆتاییدا، بە تێکڕا نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی ئاسیا و ئەورووپایە، وەکو لە داتاکانی مانگی ئەیلوولی 2025دا دەردەکەوێت کە کۆی داهاتەکە 6.96 ملیار دۆلار بووە و چاوەڕوان دەکرێت لە تشرینی یەکەمی 2025دا بگاتە 7.3 ملیار دۆلار، کە ئەمەش زیادبوونێک بووە بەهۆی نەوتی هەرێمی کوردستان روویداوە. 
 
ئێستا پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا ئەم بەشدارییەی هەرێمی کوردستان بە نزیکەی نیو ملیار دۆلار لە کۆی داهاتی مانگانەی نەوتی عێراق کە چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی زیادکردنی بەرهەمهێنان و ئامادەکاری زیاتر کۆگاکردنەوە زیاتریش بێت، دەتوانێت ماوەی رێککەوتنی هەناردەکردنی نەوت لە 2026 دا بەردەوامی پێبدات و کێشەی کۆمپانیا جیهانییەکانیش لەبارەی تێجووی بەرهەمهێنان و قەرزەکانیان یەکلابکاتەوە یان دوای هەڵبژاردن گەڕێکی نوێ دانوستاندن و کۆبوونەوەکان دەستپێدەکاتەوە؟.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە