رۆژی 28ی کانوونی دووەم، سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ پلانی سەدەی راگەیاند. ئەو پلانەی ترەمپ دەربارەی دەڵێت، دوا هەلە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین. پێویستە بڵێم لەم نووسینەدا من تەنها باس لە رووماڵی میدیایی کارەکە دەکەم نەک باس لە کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین.
دەمەوێت ئاماژە بە ڕووماڵی هەواڵ بکەم لەم پەیوەندیەدا لەلایەن دوو تێڕوانین، دوو شێوازی کار و دوو ئاوەزی جودای ڕاگەیاندنەوە. نووسینەکە ئاماژەیەکە بە ئاوەز و چاوی ڕاگەیاندنی عەرەبی- ئەوروپایی کە چۆن هەواڵ دەبینن و چ جۆر دەیگوازنەوە.
چەندین کەناڵی دیار و ناوداری عەرەبی دەیان سەعاتیان لە کاتی وەشانی خۆیان بۆ پلانی سەدە تەرخان کرد، دەیان پەیامنێر و دەیان شرۆڤەکاریان بۆ ڕاگەیاندنی پلانی سەدە کارا و بەشدار کرد. بەڵام ڕێژەیەکی زۆر لە کار و ڕووماڵەکانیان یان دووبارە یاخود بێ زانیاری و بێ ناوەڕۆک بوون. قسە بوون، قسەی ڕووت بۆ بەردەوامی و بۆ پڕکردنەوە، کاوێژی شەڕفرۆشتن بوون، نەک بەخشینی زانیاری، یان ڕووناککردنەوەی گۆشە تاریک و نەبینراوەکان، یاخود شرۆڤەکردنی هەندێ سیمای کێشەکە خۆی و ناوەڕۆکی پلانەکە، پلانێک لەسەرڕاوەستان و گلدانەوەی گرنگ هەڵدەگرێت.
ئەوان ئاوا، بەو شێوازە ڕووماڵیان کرد و نموونەیەکیش لە میدیای ئەوروپایی کە من چاودێریی دەکەم و کەسانێکی یەکجار زۆر بە چاوگێکی گرنگی زانیاریی سیاسی، دیرۆکی و کولتووری دەبینن، کاری کەناڵی تیڤی ئارتەیە. ئارتە کەناڵێکی هاوبەشی فەرەنسایی-ئەڵەمانییە، ناوەندەکەی لە شاری ستراسبورگی فەرەنسایە. ئارتە جۆرنال، یەکێک لە بڕگەکانی ئەو کەناڵە گرنگەیە. وەکو کەناڵەکە خۆی لەسەر واڵاکەی نووسیویەتی: <ئارتە جۆرنال، بڵاوکراوەی هەواڵی ئەوروپاییە، نیگایەک، نیگایەکی نوێ و کراوە بەڕووی دنیادا و هەروەها نیگایەکی ئەوروپاییانە دەخاتە سەر سیاسەت و کولتوور>.
ئێوارەی ڕۆژی 28ی مانگ، ئارتە جۆرنال لەناو هەواڵەکانیدا، هەواڵێکی کورت و پڕزانیاریی سەبارەت بە پلانی سەدە پێشکەش کرد و پاشان پەیوەندی کرد بە پەیامنێری کەناڵەکەوە لە شاری تەلئەبیب. بۆ مەبەستی نووسینی ئەم وتارە کورتە چەند جار تەماشای ئەو پەیوەندییەم کردەوە و <تایم کۆد> خولەکەکانی قسەی پەیامنێرەکەم تۆمار کرد، ئوری شنایدەر پەیامنێری ئارتە جۆرنال لە دوو خولەکدا، بەڕاستی لە دوو خولەکدا، ئەوەندە زانیاری و هەروەها شیرۆڤەی بروسکە ئاسای گەیاند، کە ئەو کەناڵانەی دەیان سەعات خۆیان و بینەرانی خۆیان سەرقاڵ کردبوو ئەوەیان پێنەکرا. جگە لەوە ئەو کەناڵانەی تر سەرباری هەبوونی هەندێ زانیاری لەلایان، بەڵام زانیارییەکانیان لە گۆمی ئەو هەموو ژاوەژاوەدا خنکاند.
لێرەدا پێناسەی سیمای پەیامنێرەکە، تەمەنی، دانیشتن و کەشی قسەکردن و باوەڕبەخۆبوونی و هتد بێگومان زۆر گرنگن. ئوری شنایدەر کاتێک سەبارەت بە پلان و نەخشەی دۆناڵد ترەمپ پرسیاری لێدەکرێت، بە شێوەیەکی بابەتیانە قسە دەکات و شتەکان دەگەیەنێت، ئەو پەیامنێرە لە وەڵامی پرسیاری بێژەری ئارتە جۆرنالدا دەڵێت:
ئەوەی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، نە پلانە و نە ڕێککەوتن. بە هیچ شێوەیەکیش پەیوەندی بە ئاشتییەوە نییە. شتێکە لە نێوان دوو هاوبەشدا کە تێیدا تەنها بەرژەوەندیی ئیسرائیل بەشێوەیەکی تایبەت لەبەرچاو گیراوە. لەسەر سەکۆکە تەنها ترەمپ و نتانیاهۆ هەبوون، بێ سەرۆکی فەلەستین مەحمود عەباس. سەرباری ئەوەی ترەمپ ئاماژەیەکی - بەسەری زمان- بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین کرد، بەڵام فەلەستینێکی وەها لەتلەتکراو و بەڕێوەبردنی شوێنێکی وەها، وەک ئەوەی کەناری ڕۆژئاوا، لێکدان لەگەڵ ئیسرائیلییە جێگیرکراوەکان، بێ هەبوونی سنووری دیاریکراو، بێ فڕۆکەخانە، بێ لەشکر، لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی قودس وەکو پایتەخت، بەشێوەیەک تەنیا لەلایەن ئیسرائیلەوە بەڕێوەببرێت، شانسی سەرکەوتنی ئەم کارە – پلانە دەکات بە سفر.
پرس: چەندین ساڵە باس لە پلانی دوو دەوڵەتی دەکرێت، بۆچی ترەمپ ئێستا پلانەکەی پێشکەش کرد؟
وەڵامی پەیامنێرەکە:
پێویست ناکات مرۆڤ زۆر شارەزا و زۆرزان بێت بۆ زانینی ئەوە. دوو هۆ هەن، یەکەم شاردنەوە و لادانی نیگاکان لەسەر بابەتی دادگاییکردن و لێسەندنەوەی متمانە لە ترەمپ. هەروەها کێشەی قانونی و مژاری بەدواداچوونەکان دەربارەی نتانیاهۆ کە لە ئیسرائیل گومانی گەندەڵی، فێڵکردن و بێ متمانەیی لێدەکرێت. باڵکێشە ئیمڕۆ و لەم کاتەدا سکاڵا لە دژی نتانیاهۆ گەیشتووەتە دادگای ئۆرشەلیم، ڕێکەوتێکی سەیرە.
ئوری شنایدەرهەروەها دەڵێت. لە کاتێکدا ئەو کێشەیەکی وەها گەورەی هەیە، ترەمپ دەیداتە پێشخۆی و وەکو سیاسەتوانێکی گەورە و پیاوی دەوڵەت دەیناسێنێ.
[لێرەدا نوچە و پەیامی پەیامنێرەکە تەواو دەبن].
ئەوە هەموو پەیوەندییەکە بوو، پەیوەندییەک دەکرێت ببێت بە توخمی بەراورد، بەراورد لە نێوان ئەو ڕووماڵ - پەیوەندییە و هەندێک ڕووماڵی کەناڵی عەرەبی و تورکی یان گەیاندنی پەیامی دەیان پەیامنێر و دەیان شیرۆڤەکار. لە وەشانی تیڤیدا قسە، قسەی بێ باج و بێ سوود، چەند وەڕسکار و دڵگوشن.
کاری ڕۆژنامەوانی و ئەرکی گەیاندنی زانیاری، بە بێدەنگی و بێ هەرا و ژاوەژاو پەیامی ڕاستەقینەی ڕاگەیاندنە.
لە دەمی بەرهەڤکردنی ئەو دووجۆرە لە کاری ڕاگەیاندن و ڕووماڵی ڕۆژنامەوانیدا مرۆڤ قسەیەکی نووسەری ئەڵەمان شتێفان شوتز (1964) دێتە بەر پەنجەرەی بیرهاتنەوەی، قسەیەک کە دەڵێت: هەواڵەکان شتێکی نوێ نین.
قسەکەی شتێفان شوتز قسەیەکە ئامانجی تەواو دەپێکێت و لەجێی شیاودا جێگیر دەبێت.
هەندێ تێبینی خێرا:
پەیامنێرەکەی ئارتە جۆرنال لە تەلئەبیبەوە قسە دەکات. قسەکردنێک بێ ترس و بێ حیسابکردن بۆ هیچ ترس و سزادان و ڕێلێگرتنێک، پەیامنێر دەزانێت پاش ئەو قسانەی کەس پەلاماری نادات. ئەوەیش دیمۆکراتی بەڕێوەبەران و سیستەمی سیاسیی ئیسرائیل دەسەلمێنێ. پەیامنێرەکە زۆر ڕاشکاوانە، بێ پێچ و پەنا ڕاستییەکان سەبارەت بە پلانەکەی ترەمپ و هەروەها زانیاریی سەبارەت بە گەندەڵیی نتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو دڵنیاییە بۆ ڕۆژنامەوان لە هەموو شوێنێک دەستناکەوێت.
ئارتە وەکو کەناڵێکی کولتووری، هەواڵیش لە کەشی کولتووریدا پێشکەش دەکات و بینەر وەڕس ناکات، کەناڵێکە بە هیچ جۆرێک بینەری خۆی تووشی سەرئێشە ناکات.
ئارتە بەم شێوازی کارکردنە ئەوە پێشان دەدات کە مەرج نییە هەواڵێکی لەم چەشنەی پلانەکەی دۆنالد ترەمپ چەندین سەعات کاتی وەشانی تیڤی پێوە بەفیڕۆ بدرێت.
لەو ڕووماڵە جیاوازەی ئارتە جۆرنالدا هەموو پرسیار و وەڵامەکانی بێژەر و ئوری شنایدەری پەیامنێریان لە تەلئەبیبەوە دوو خولەکی خایاند. دوو خولەک و بەس. بەڵام دوو خولەک تێیدا بینەر پەیامی گرنگ و زانیاریی پێویستی پێدەگات.
پەیامنێرەکە ئەوە دەگەیەنێت کە: پلانەکەی ترەمپ ڤاڵایە، نەخشەکەی بۆشە و خاڵییە. بەڵام شنایدەر بە زمانێکی شایستە و بە شێوازێکی پیشەیی ڕۆژنامەوانانە پەیامەکە دەگەیەنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ