بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە بازاڕە جیهانییەکانەوە تاوەکو کوردستان

10-08-2025
عومەر ئەحمەد
A+ A-
 
زێڕ کانزایەک نییە کە تەنیا لە بازاڕی خشڵ و دراودا مامەڵەی پێوە بکرێت؛ بەڵکو سەرمایەیەکی جیهانییە بۆ پاراستنی بەها. سامانێکی کولتووریی و داراییە بۆ خەڵک و بۆ کۆمپانیا و بانکەکان و بەشێکە لە پاشەکەوت و سامانی یەدەگکراو. لە لەندەن و نیویۆرکەوە تاوەکو هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەرکووک و مەهاباد و سنە، زێڕ هەمان گرنگی هەیە.
 
زێڕ بەهایەکی گەردوونی هەیە. بۆ خێزانە ئاساییەکان، وەک بیمە و پاشەکەوتە، کاتێک رەوشی ئابووری وڵات ناجێگیر دەبێت یان بەهای دراوی نیشتمانی دادەبەزێت، خشڵ و زێڕی بووکێنی و کەرەستەی بچووکی زێڕ، هێزی کڕینی خێزانەکان دەپارێزێت. بۆ بانکەکان و بانکە ناوەندییەکان، زێڕ سەرمایەی یەدەگی ستراتیژییە کە متمانە بە رەوشی داراییان دەبەخشێت و یارمەتیدەرە بۆ هەمەجۆرکردنی سامانەکانیان لە دراوی بیانی. کۆمپانیاکانیش زێڕ وەک قەڵغانێک لە دژی هەڵبەز و دابەزی بەهای دراو و هەڵاوسان بەکاردەهێنن. بۆ وەبەرهێنەرە جیهانییەکانیش، لە سندووقە سەروەرییەکانەوە تاوەکو وەبەرهێنەرە تاکەکان، زێڕ پەناگەیەکی نەریتی ئارامە، کاتێک بازاڕەکان لە رەوشێکی خراپدابن یان لەڕووی جیوسیاسییەوە نادڵنیایی لە بازاڕدا زۆربێت. ئەم رۆڵانە وایانکردووە زێڕ بە شێوەیەکی تایبەت هەستیاربێت بەرامبەر سیاسەتی نەختی و خواست لەلایەن بانکە ناوەندییەکان و ئاستەنگە بازرگانییەکان و مەترسییەکانی جەنگ.
 
ئەم هەفتەیە، نرخی یەک ئۆنسە زێر لە گرێبەستەکانی ئێستادا، خۆی لە 3400 دۆلار دا، بەڵام لە گرێبەستەکانی دهاتوودا نرخەکەی زۆر زیاتر بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 3540 دۆلار، هەرچەندە پاشان پاشەکشەی کرد بۆ نزیکەی 3460 دۆلار، بەڵام هێشتا ئاستێکی بەرزی مێژووییە.
 
ئەم هەفتەیە چی وای لە بازاڕ کرد نرخی زێڕ بجووڵێت؟
 
دوو شۆکی سەرەکی لە پێشەوەی رووداوەکان بوون. 70٪ـی زێڕی فیزیکی جیهان لە سویسرا پووختە دەکرێت و دەپاڵێورێت و لەوێوە وەک قالب هەناردەی ئەمریکا دەکرێت. بە تەنیا ساڵی رابردوو بە بڕی 9.7 ملیار دۆلار زێڕی فیزیکی لە سویسراوە هەناردەی ئەمریکا کراوە. کەچی کۆشکی سپی بەڕێژەی 39٪ پێناسی گومرکی بەسەر سویسرادا سەپاند و، گومرکی ئەمریکا سەرەتا گوتی زێڕیش بەدەر نییە لە پێناسە گومرکییەکان، بەڵام هەر کە نرخی زێڕ بەو رێژە سەیرە بەرزبووەوە، ئیدارەی ترەمپ گوتی زانیارییەکان هەڵەن و بەم زووانە لەسەر هاوردەکردنی زێڕ فەرمانی سەرۆکایەتی دەردەکەن. دووەم، داتا ئابوورییە خراپەکانی ئەمریکا و سستبوونی بازاڕی کاری ئەو وڵاتە وایکرد، بازرگانان گرەو لەسەر دابەزاندنی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندی ( بانکی فیدراڵی) ئەمریکاوە بکەن. دابەزاندنی سوودی بانکی لە بەهای دۆلار کەم دەکاتەوە و بەهای کاڵا و کانزاکان بەرزدەکاتەوە. 
 
بانک و ناوەندە داراییەکان چی دەڵێن؟
 
زۆربەی ناوەندە داراییەکان پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ دەکەن:
 
سیتی بانک (Citi) پێشبینیی کورتخایەنی خۆی بۆ 3,500 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزکردەوە، بەهۆی پێشبینی بۆ لاوازبوونی گەشەی ئابووری و هەڵاوسان لە ئەمریکا.
 
گۆڵدمان ساکس (Goldman Sachs) پێشبینیی بنەڕەتیی خۆی بۆ کۆتایی ساڵی 2025 بۆ 3,700 دۆلار بەرزکردەوە (لەگەڵ ئەگەری گەیشتن بە نزیکەی 3,880 دۆلار لە سیناریۆی پاشەکشەی ئابووریدا).
 
جەی پی مۆرگان (JPMorgan) پێشبینی دەکات زێڕ تاوەکو نێوەڕاستی ساڵی 2026 ئاستی 4,000 دۆلار تێپەڕێنێت، بە پشتبەستن بە بەردەوامی داواکاریی بانکە ناوەندییەکان و مەترسییەکانی پاشەکشەی ئابووری.
 
بیروڕای زێڕینگەرانی هەرێمی کوردستان
 
قسەم لەگەڵ دوو بازرگانی شارەزای هەرێمی کوردستان کرد. سەعد جەلال، بازرگانی زێڕ لە هەولێر دەڵێت، "دوو ئەندامی لیژنەی بازاڕی ئازادی بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئەم جارە دژی هێشتنەوە سوودی بانکی بوون و لەگەڵ ئەوەدابوون سوودی بانکی کەمبکرێتەوە."
 
لیژنەکە 12 ئەندامی هەیە و بەرزبوونەوەی دەنگەکان بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی، ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی رەنگە لە مانگی داهاتوودا، سوودی بانکی دابەزێنن. سەعد جەلال دەڵێت، "دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پارێزگارێکی دیکەی بۆ بانکی ناوەندی دەستنیشانکردووە کە هاوڕایە لەگەڵ سیاسەتەکانی خۆی بۆ دابەزاندنی سوودی بانکی."
 
دۆناڵد ترەمپ، (ستیفن میران)، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکارانی ئابووری خۆی لە جیاتی ( ئادریانا کۆگلەر) دەستنیشانکرد بۆ پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا. ستیفن یەکێکە لەو 12 کەسەی کە بڕیار لەسەر سوودی بانکی دەدات.
 
سەعد جەلال، پێشبینی دەکات کاتێک رێژەی سوود لە کۆبوونەوەی داهاتووی بانکی ناوەندی دا کەم بکرێتەوە، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ دەگاتە 3,500 دۆلار.
 
ئەو بازرگانە ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ دەکات و دەڵێت، "پێش ئەوەی نرخی زێڕ بگاتە 3500 دۆلار، کۆبوونەوەکەی 15 ـی ئەم مانگەی دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمەر پووتین لە ئالاسکا گرنگە، لەبەرئەوەی ئەگەر کۆبوونەوکە بەرهەمداربێت، رەنگە پاشەکشەیەک بە نرخی زێڕ بکات، بەر لەوەی نرخی زێڕ بگاتەوە 3500 دۆلار".
 
یونس سەید ئەحمەد، بازرگانی دیاری زێڕ لە شاری دهۆک، پێیوایە بانکی ناوەندیی ئەمریکا تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ سێ یان چوار جار سوودی بانکی کەم دەکاتەوە.
 
یونس دەڵێت، "بازاڕی زێڕ زۆر بە باشی کاردانەوەی بەرامبەر بازاڕی کاری ئەمریکا پێشانداوە. ئابووریی ئەمریکا، بەپێی داتاکانی بازاڕی کار، بەرەو جۆرێک لە پاشەکشەی ئابووری دەڕوات، بۆیە ئەگەری زۆرە بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئەم ساڵ چوار جار رێژەی سوود کەم بکاتەوە. کەمکردنەوەی رێژەی سوود بەهای دۆلاری ئەمریکی دادەبەزێنێت و نرخی زێڕ بەرز دەکاتەوە."
 
لەلایەکی دیکەوە، بەردەوامیی مەترسییە جیۆسیاسییەکان، بەتایبەتی نزیکبوونەوەی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، مەترسیی پێکدادانەکانی زیادکردووە، ئینجا هێرشی دووبارەی سەر ئێران بێت یان شکستی دانوستاندنەکانی پەیوەست بە ئاگربەستی ئۆکراینا. ئەو رەوشە زیاتر هانی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەدات.
 
پێشبینییەکانی یونس سەید ئەحمەد بۆ داهاتووی نرخی زێڕ سەرنجڕاکێشن. ئەو دەڵێت، "نرخی یەک ئۆنسە زێڕ 3,500 و 3,525 دۆلار تێدەپەڕێنێت، ئەگەر بانکی فیدراڵیی ئەمریکا ئەم ساڵ سێ جار رێژەی سوود کەم بکاتەوە. لە بازاڕی ناوخۆشدا نرخی مسقاڵێک زێڕ دەگاتە نێوان 700,000 بۆ 725,000 دیناری عێراقی."
 
زێڕ هەرزان دەبێت یان گرانتر دەبێت؟ 
 
لە کۆتاییدا پێشبینییەکان بۆ نرخی زێڕ دەخەینەڕوو.
 
- کورتخایەن: نرخی زێڕ لە ماوەی یەک یان چەند هەفتەی داهاتوودا، دەگاتە 3500 دۆلار بەتایبەتی ئەگەر ئاماژەکان بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی زیاتربن.
 
- مامناوەند (6 تاوەکو12 مانگ): پێشبینییەکەی گۆڵدمان ساکس بۆ 3,700 دۆلار تاوەکو کۆتایی 2025 ئەگەرێکی بەهێزە لەبەر بەردەوامیی کڕینی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە. هەروەها خواستی سندووقەکانی وەبەرهێنان دەتوانێت پێشبنییەکەی جەی پی مۆرگان بۆ 4,000 دۆلار تاوەکو نێوەڕاستی 2026 بەدیبێنێت.
 
- درێژخایەن (3-5 ساڵ): سیاسەتی هەمەجۆرکردنی یەدەگی بانکەکان، کەمبوونەوەی خستنەڕووی زێڕی فیزیکی لە بازاڕ و ناجێگیری و ناسەقامگیریی سیاسی لە جیهان دا دەتوانێت نرخی زێڕ بۆ چەندین هەزار دۆلار و زیاتر لە 5000 دۆلار بەرزبکاتەوە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە