بڕیارە 11ی 11ی 2025 هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان بچنە سەر سندووقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمان کە تێچووی ئەم پەرلەمانە ساڵانە نزیکبووەتەوە لە نیو ملیار دۆلاری ئەمریکی.
بەپێی داتاکانی کۆمیسۆن لەم خولەی هەڵبژاردن 7768 بەربژێر لە 18 پارێزگادا پێشبڕکێ دەکەن بۆ بردنەوەی 329 کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەران. سەرەڕای جیاوازیی گەورە لە ژمارەی بەربژێرەکان لەڕووی دیمۆگرافیای دانیشتووان لەپارێزگاکان دا، ئەوا دەتوانین بێژین گرانترین پەرلەمان و پەرلەمانتار لە ئاستی ئەو وڵاتانەی پەرلەمانیان تێدایە و دەوڵەتەکانیان فیدراڵییە، عێراق یەکەمە و بە جیاوازییەکی گەورە وڵاتی دووەم دێت.
بەپێی داتاکانی کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ساڵ بە ساڵ ژمارەی هاوپەیمانی و پارتە سیاسییەکان لە عێراق روو لە هەڵکشانە و ژمارەی ئەوانەی خۆیان وەک بەربژێر تۆمار دەکەن زیاتر دەبێت، بۆ نموونە لە یەکەم خولی پەرلەمان ژمارەی بەربژێرەکان 6 هەزار و 655 کەس بووە، بەڵام بۆ بۆ هەڵبژاردنەکەی مانگی داهاتوو 7768 بەربژێرە، واتە بەرێژەی 16٪ زیادیکردووە.
هاوشێوەی بەربژێرەکان، پەرلەمانی عێراق خەرجییەکانیشی روو لە زیادبوون بووە، بۆ نموونە بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی بۆ خەرجییەکان، ساڵ بە ساڵ خەرجیی پەرلەمان و دامەزراوەکانی بەتێکڕا بە رێژەی 3.1٪ زیاد دەکات و لەماوەی دە ساڵی رابردوودا 2015-2024دا کۆی گشتی خەرجییەکان بە رێژەی 30٪ زیاد بووە، لەکاتێکدا کۆی خەرجییەکان لە 2015دا 470 ملیار دینار بووە، بەڵام لە 2024دا گەیشتووەتە 612 ملیار دینار وەکو لە گرافیکی یەکەمدا هاتووە.
لەو رێژەی 30٪ زیادبوونەی دەیەی رابردوو زۆربەی زیادبوونەکەی خەرجییەکان بۆ بەکارخستن بووە بەمجۆرە؛ خەرجیی مووچە بە رێژەی 18٪ بووە، کە کۆی خەرجییەکان بەتەنیا بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ئەنجومەنی نوێنەران و دامەزراوە سەربەخۆکانی سەر بە پەرلەمانی عێراق لە 469 ملیار دینار گەشتووەتە 607 ملیار دینار بۆ ساڵیک.
.jpeg)
بەپێی داتاکانی IPU و راپۆرتی پەرلەمانی ویڵز لە بەریتانیا بۆ بەراوردی مووچەی پەرلەمانتاران لەنێو پەرلەمانەکانی 16 وڵاتی جیهان دا، پەرلەمانتاری عێراق گرانترینیانە کە ساڵانە دەگاتە 216 ملیۆن دینار و ئەمەش سێ هێندەی مووچەی پەرلەمانتارێکی وەک وڵاتانی سوێد، ئێرلاند، فەرەنسا، نیوزلاند و فینلاندە. هەروەها، دوو هێندەی وڵاتانی وەک بەریتانیا، ئەمریکا و ئەڵمانیایە.
ئەم دابەشبوونەی سامانی نەوت بەسەر ئەم دامەزراوەیەدا وایکردووە کەوا پەرلەمانتارانی عێراق گرانترین پەرلەمانتار بن لە ئاستی ناوچەکە و وڵاتانی ئەورووپا و بگرە دوو گەورە وڵاتی دیموکراسی جیهان ئەوانیش بەریتانیا و ئەمریکا، بەشێوەیەک ساڵانە پەرلەمانتارێکی عێراق مووچەی بنەڕەتییەکەی 96 ملیۆن دینارە بەبێ مووچەی پاسەوانان کە 16 پاسەوانی بۆ دانراوە لەم خولانەدا و پێشووتر 40 پاسەوان بووە!
لەراستیدا ژمارەکان لە عێراق بەهۆی ناکۆکییەوە زیاتر دەردەکەوێت تاوەکو بڵاوکراوە فەرمییەکان، بۆ نموونە ماوەکانی رابردوودا پەرلەمانتارێکی عێراق رایگەیاند کەوا مانگانە نیوەی مووچەکەی کە 9 ملیۆن دینار بووە داوە بە پارتەکەی، بەمشێوەیەش بێت پەرلەمانتارەکە 18 ملیۆن دیناری مانگانەی وەک مووچە وەرگرتووە، کەوا ئەگەر مووچەی پاسەوانەکان لەسەر خەرجی پەرلەمانتار لە عێراق هەژمار بکەین ئەوا کۆی گشتییەکەی دەگاتە 288 ملیۆن دینار لە ساڵیکدا و بەجیاوازییەکی گەورەش دەکەوێتە پێش مووچەی هەموو پەرلەمانتاران لەو وڵاتانەی لە خشتەی یەکەمدا هاتووە.

چەند تێبینییەک بۆ خشتەکە:
- یەک پاوەند بە 1.34 دۆلار و بە 0.00085 دینار دانراوە.
- ئەم مووچە بنەڕەتییە زیاد دەکات بەپێی بڕوانامە، ئەگەر پەرلەمانتار ماستەر یان دکتۆرا هەبێت.
- داتاکانی "عێراق مووچەی پەرلەمانتارێک لەسەر بنەمای بڵاوکراوەی پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری لەم خوولەی ئێستا پەرلەمان وەرگیراوە.
- ژمارەی پاسەوانەکان لە خوولەکانی پێشووتردا 40 پاسەوان بووە و ئێستا 16 پاسەوانە، بەڵام لە پەرلەمانتارێکەوە بۆ یەکێکی دیکە شێوازی ئەم 16 پاسەوان دەگۆڕێت.
لە کاتێکدا پەرلەمان و پەرلەمانتارانی عێراق گرانترینن لە ئاستی وڵاتانی جیهان، بەڵام بەپێی ئیندێکسی فریدەم هاوس بۆ ئازادی و دیموکراسی ئەوا عێراق نەوەکو ئازاد نییە بەڵکو لە ریزبەندییەکەدا پلەی 31/100 گرتووە. لە راپۆرتی 2024ی دامەزراوەکەدا لەبارەی پرۆسەی دیموکراسی لە عێراقدا هاتووە "عێراق هەڵبژاردنی رێکخراو و کێبڕکێیانە بەڕێوەدەبات و گرووپە جیاوازەکانی حیزبی و ئایینی و نەتەوەیی لە وڵات بەگشتی بەشداری و نوێنەرایەتی دەکرێن لە سیستمی سیاسیدا؛ بەڵام لە راستیدا حوکمڕانی دیموکراسی لە عێراقدا بەهۆی گەندەڵی و میلیشیاکانی کە لە دەرەوەی سنووری یاسا کاردەکەن و لاوازی دامەزراوە فەرمییەکانەوە رێگری لێدەکرێت و ئاستەنگی بۆ دروست دەکرێت. بەرپرسانی دەوڵەت و میلیشیا بەهێزەکان بە رێکوپێکی پێشێلکاری لە مافەکانی هاووڵاتییان دەکەن لە رێگەی یاسایی و دەرەوەی یاساوە."
هەروەها، ئەگەر بەربژێرەکانیش بە رێژەی دانیشتووان و دیمۆگرافیا لێکبدەینەوە، ئەوا بە نزیکەی هەر 80 خێزانێک لە عێراق بەربژێریکی بۆ پەرلەمان هەیە، ئەمە لەکاتێکدا لە رووی رەگەزییەوە نایەکسانییەکی گەورە لە بەربژێرەکان بەدی دەکرێت، چونکە بەپێی دوایین سەرژمێری دیمۆگرافیای دانیشتووانی عێراق رێژەی نێرینە 50.1٪ و مێینە 49.9٪، بەڵام رێژەی بەربژێری نێرینە بۆ پەرلەمان 69.8٪ و مێینە 30.2٪ کە زۆربەشی ئەو ئافرەتانەی دانراون بۆ بردنەوەی کورسی کۆتای ژنانە لە بازنەکانی هەڵبژاردن.
ئەم خەرجییە دوو ملیار دۆلارییەی هەر خولێکی پەرلەمان و دامەزراوە سەربەخۆکانی عێراق لەکاتێکدایە وڵاتەکە هێشتا بۆ زۆربەی یاساکان دەگەڕێتەوە بۆ یاساکانی پێش 2005 و نەیتوانیوە یاسای نەوت و گاز دەربکات کە رێژەی 91٪ داهاتی دەوڵەت و 85٪ گەشەی بەرهەمی نێوخۆی پێکدەهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ