سفر
ئەگەر کورد لە ناوچەیەکی عەرەبنشیندا دەسەڵاتدار بێت، ئەوە بە داگیرکاری هەژمار دەکرێت و دەڵێن پێویستە ناوچەکە رزگار بکرێت، بەڵام ئەگەر عەرەب، تورک و فارس حوکمی خاکی کوردان بکەن، ئەوا دەڵێن: "بران و جیاوازی لەنێوان عەرەب و عەجەمدا نییە، مەگەر بە تەقوا نەبێت"!
یەک
هیچ دەقێکی قورئان و فەرموودە نییە رێگری لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بکات.
دوو
رژێمی بەعس بۆ قڕکردنی گەلی کورد، سوورەتی (الأنفال) و خودی زاراوەی ئەنفالی بەکارهێنا؛ ئەو سوپایەی دەهات و کوردستانی وێران دەکرد، دروشمی «توکل علی اللە» و «نصر من اللە»ی بەرز دەکردەوە. داعشیش هەر بە هەمان فەتوا و عەقڵییەت موسڵی داگیرکرد و جەنگی پێشمەرگەی کرد، ئەو بیرکردنەوەیەی خوێنی کوردانی رۆژئاوای حەڵاڵ کرد، درێژکراوەی هەمان عەقڵییەتی داعشە.
سێ
ئەو کەسەی دەڵێت: «من کەسێکی نەتەوەیی نیم و پشتگیریی هەسەدە ناکەم، خودا سەرۆکی سووریاش بپارێزێت»، با ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەر (د.خ) لەبیر بێت کە دەفەرموێت: (خَيرُكمُ المُدافِعُ عن عَشيرتِه ما لم يأثَمْ). کەواتە ئەوانە نەک هەر بەرگری لە گەلەکەیان ناکەن، بەڵکو لە کوردبوونی خۆیشیان دابڕاون؛ چونکە بابەتەکە تەنیا پشتگیریکردنی حیزبێک نییە، بەڵکو پشتیوانیکردنی گەلێکی ستەملێکراوە. ئێمە یەک پارچە بووین و دووژمنان پارچەپارچەیان کردین؛ ئەگەر پشت لە برای خۆمان بکەین، واتە پیلانی دوژمنمان جێبەجێ کردووە.
چوار
بۆچی کاتێک موسڵمانێکی غەززە تووشی ناڕەحەتی دەبوو، سۆزی ئایینی وای لێ دەکردین بەرگریی لێ بکەین و کۆمەکی بۆ کۆبکەینەوە؟ بۆچی فەڵەستینییەک مافی خۆیەتی دەوڵەتی هەبێت، بەڵام 80 ملیۆن کورد کە یەکێکن لە دێرینترین نەتەوەکانی سەر زەوی، بۆیان نییە نەک دەوڵەت، بگرە داوای هەرێمێکی سەربەخۆش بکەن؟ هەرێمێک تێیدا هەموو پێکهاتەکان پارێزراون و بەئازادی دەژین. ئەگەر هەرێمی کوردستان ببێتە بەهەشتیش و تەنانەت (ئێزدی، کلدان، ئاشووری، سابیئە و حەوارییەکان)یش تێیدا ببووژێنەوە، لای ئەوان کورد هەر لە هیچ شوێنێک جێی نابێتەوە!
پێنج
بۆ عەرەب ئاساییە 23 دەوڵەتی هەبێت و بە مافی خۆیانی دەزانن (نابێ ئێمە شۆڤێنی بین!)، کاتێک باشووری سوودان سەربەخۆیی راگەیاند، یەک دەوڵەتی عەرەبی رێگر نەبوو و کەسیش تۆمەتی «جوداخواز»ی نەدانە پاڵ! کەچی کورد تەنیا داوای مافی خۆی دەکات، هێرشی دەکرێتە سەر، بۆچی؟ ئەمە دەریدەخات هەموویان دژی ناسنامەی کوردن. ئەی بۆچی ئەوان نیشتمانی عەرەبیان کردووەتە 23 پارچە و کەس گلەییان لێ ناکات؟ ئەوان هەموو شتێک بۆ خۆیان بە رەوا دەبینن، بەڵام هیچ بۆ کەسی دیکە بە رەوا نازانن. ئیسلام مافی چارەی خۆنووسینی بە هەموو گەلێک داوە، بەڵام لە ساڵی 2017 کە ویستمان سەربەخۆ بین، هەموویان لێمان بوونە دووژمن؛ گەورەترین ستەمیان لێ کردین و یەک دامەزراوەی ئیسلامیش لێمان بەدەنگ نەهات.
شەش
هەندێک لە دەوڵەتە عەرەبییەکان، رووبەرەکەیان هێندەی شارێکی هەرێمی کوردستان نابێت؛ ئایا زانایەکی عەرەب هەیە بەڵگەیەک بهێنێتەوە داواکردنی دەوڵەتی کوردی کارێکی ناڕەوایە؟ ئەگەر عەرەب هاوپەیمانیی بیانی بێت، دەڵێن ئەوە سیاسەت و بەرژەوەندیی نێودەوڵەتییە، بەڵام کورد پەیوەندی لەگەڵ کوردی پارچەکەی دیکە هەبێت، دەبێتە خیانەت و جاشایەتی! کاتێک دەوڵەتی عوسمانییان دابەش کرد، هەموو نەتەوەیەک بەشی خۆی برد، بۆچی بەشی کوردیان نەدا؟ بۆچی نەیانگوت ئەم دابەشکارییە پێچەوانەی ئیسلامە؟ بۆچی نەک فەتوایان بۆ نەدا، بگرە دوعای قنووتیشیان بۆ رزگاربوونی کورد نەخوێند؟
حەوت
عەرەبەکان شانازی بە سەڵاحەدینی ئەیوبییەوە دەکەن و دەڵێن کورد نەوەی ئەون، کەچی ئەمڕۆ نەوەکانی سەڵاحەدین کۆمەڵکوژ دەکەن و زیندەبەچاڵ دەکرێن. ئەگەر ژنێکی عەرەب چەک هەڵبگرێت، بە «خەنسا» ناوی دەبەن و شانازی پێوە دەکەن، بەڵام ئەگەر ژنێکی کورد چەک هەڵبگرێت، دەڵێن شوورەییە بۆ پیاوانی کورد، کە ژنەکانیان دەجەنگن! ژنانی کورد، لە پیاوانی ئەوان مرۆڤترن. بەداخەوە دامەزراوە ئیسلامییەکان لە جیهاندا، بیری شۆڤێنی بەسەریاندا زاڵە. کاتێک داعش لە موسڵ بێڕێزیی بەرامبەر ئافرەتێکی عەرەب دەکرد، مەلای کورد دەنگی ناڕەزایی بەرز دەکردەوە، بەڵام ئەوان بۆ کورد بێدەنگ بوون.
هەشت
خوێندنی دوعای قنووت بۆ حەڵاڵکردنی خوێنی کورد و تەکفیرکردنی گەلی کورد بوو، ئەگەر عەرەب هێرش بکاتە سەر خاکی گەلانی دیکە، ناوی دەنێن "فتوحات"، بەڵام ئەگەر بێگانە هێرش بکاتە سەر خاکی عەرەب، دەبێتە "ئیستعمار و داگیرکاری". مافی خۆمانە بپرسین: بۆچی حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستان بێدەنگن؟ حەڵاڵکردنی خوێنی کورد، پێچەوانەی هەموو بنەماکانی ئیسلام و مافی مرۆڤە. ئایا ئەمە دژیەکی نییە کە جارێک بەیاننامە بۆ مافەکانیان دەربکەیت و دواتر فەتوای کۆمەڵکوژییان بدەیت؟ بۆیە بەدەنگهاتن ئەرکێکی دینی، ئەخلاقی و مرۆییە.
نۆ
کاتێک عەرەبێک یان تورکێک دەست بە نەتەوەکەیەوە دەگرێت (تەنانەت ئەگەر وەک دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی حیزبێکی نەتەوەپەرستیش بێت)، دەبێتە پاڵەوانێکی نیشتمانی و مرۆڤدۆست، بەڵام کاتێک کوردێک دەست بە کوردبوونی خۆیەوە دەگرێت، تۆمەتباری دەکەن بە رەگەزپەرست و جوداخواز!
10
ئایا لە هیچ شوێنێکی دیکەدا، دووفاقی و دژبەرییەکتان وەک ئەم عەقڵییەتە بینیوە؟
11
کورد هەمان ئەو مافانەی هەیە، کە بۆ گەلانی دیکە رەوایە؛ هەمووان مافی ئەوەیان هەیە بە کەرامەت و ئازادی بژین؛ دەبێت رێز لە هەموو ئایین و کولتوورەکان بگیرێت و هیچ نەتەوەیەک لەوی دیکە باڵاتر نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ