بە درێژایی 12 رۆژ جیهان بینەری دانسی مووشەکەکانی ئێران و ئیسرائیل بوو لە ئاسمانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. بە سەدان مووشەک، فڕۆکەی جەنگی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەردوولا بوونە مانشێتی هەواڵەکان، بڵاوکراوە هەواڵەکانیان داگیر کرد و دڵەڕاوکێی هەڵگیرسانی جەنگێکی خوێناوی و درێژخایەنی لەلای خەڵک دروست کرد. بەشداریکردنی ئەمریکا بۆ نێو ئەو شەڕە، مەترسییەکانی فراوانبوونی ئەو شەڕەی زیاتر کرد، بەڵام لەناکاو و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، ئێران و ئیسرائیل بە ئاگربەست رازی بوون. ئێستا دەکرێت ئەو پرسیارە بکەین: ئەوەی روویدا، بۆ روویدا؟
دەبێ لەوە تێبگەین، هێزێکی کۆنترۆڵنەکراو، واتای لاوازییە. دوو وڵاتی وەک ئێران و ئیسرائیل چەندین دەیەیە هەڵسەنگاندن بۆ هێز و توانای یەکدی و هەنگاوەکانیان دژ بەیەکدی دەکەن. بۆیە هەردوولا ناتوانن بە "تووڕەییەکی کوێرانە" مامەڵە بکەن. مامەڵەکردن بە تووڕەییەکی کوێرانە، کاری رێکخراوە تیرۆریستییەکان و ئەو رژێمانەیە کە لەژێر هەڕەشەی لەنێوچوون یان داڕووخانن. بۆ دەوڵەتێکی راسیۆناڵ، هەر هەنگاوێک لەدوای شیکاریی وردی ستراتیژیی سوود و زەرەر، مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
ئەوەی روویدا جەنگێکی کۆنترۆڵکراو بوو یان ئۆپەراسیۆنێکی کوێرانە؟
ئەگەر ئەو شەڕە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی کوێرانە بووایە، زیاتر مووشەکەکان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی ئاراستەی یەکدی دەکران. ناوەندی شارەکان، شوێنی نیشتەجێی خەڵکی سڤیل، ژێرخانی شارەکان لە ئاو و کارەبا و نەخۆشخانە دەکرانە ئامانج. واتا زیاتر ئەو شوێنانە دەکرانە ئامانج کە دەبوونە هۆکاری رووخاندنی و وەستاندنی ژیانی کۆمەڵگە. ئەگەرچی ئێران لە رۆژانی سەرەتای ئەو شەڕەدا، بەشێوەیەکی کوێرانە مووشەکەکانی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، بەڵام بە گشتی ئەوەی لەو شەڕەدا بینیمان، زیاتر ئامانجە سەربازییەکان، وێستگەکانی رادار و بەرگریی ئاسمانی، بارەگاکانی بڕیاردانی سەربازی و هەواڵگری کرانە ئامانج. واتا ئامانجەکان زیاتر لێدان بوون لەو شوێنانەی کە بەهای سەربازی و ستراتیژییان هەیە. بە واتایەکی دیکە "من لەڕووی سەربازییەوە دەتکەمە ئامانج، نەک لەڕووی مەدەنییەوە". ئەو جۆرە ئۆپەراسیۆنانە دوو ئەنجامیان هەیە: یەکەم: دەکرێت بگەنە سەر مێزی دانوستاندن. دووەم: دەکرێت ببێتە شەڕێکی خوێناوی و رووخێنەر.
شەڕی رووخێنەر، بە شۆکێکی گەورە و سوپرایز دەستپێدەکات. لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران، هێرشەکان چاوەڕوانکراو بوون، تەنانەت کات و شوێنی ئامانجەکانیش جاروبارە دزەیان پێ دەکرا. ئەوە هەنگاوێکی ئەنقەستە کە لەو جۆرە شەڕانەدا دەبیندرێت، چونکە کات بە لایەنی بەرامبەر دەدات کە خۆی ئامادە بکات. رەنگە لەڕووی سەربازییەوە دروست نەبێت، بەڵام لەڕووی هەواڵگرییەوە رێی تێدەچێت. لێرەدا پەیام بۆ بەرەی دووژمن بریتییە لە "لەگەڵ ئەوەی بەرگریت ئامادەیە، بەڵام بزانە چۆن دەتکەمە ئامانج". یان "بەبێ بەکارهێنانی زۆرترین چەک، بەهێزترین/زۆرترین مووشەک، ببینە چۆن کاریگەرتر دەتکەمە ئامانج". ئەوە جۆرێکە لە هونەری پێشاندانی هێز و بازوو، بەبێ قووڵترکردنەوەی ململانێکان.
گرانترین مانۆڕی سەربازی
لە مانۆڕی سەربازی، هیچ ئامرازێکی جەنگ ئەنجامی تەواوی خۆی نادات، چونکە دواجار لە سیناریۆیەکی کۆنترۆڵکراودا ئامرازە سەربازییەکان تاقی دەکرێنەوە. چەکێکی وەک مووشەک، هەرچەند لە مانۆڕی سەربازیدا سەرکەوتوو بێت، دواجار لە بەکارهێنانی لە بەرامبەر دووژمندا، ئەنجامەکە رەنگە وەک ئەو ئەنجامە نەبێت کە لە مانۆڕی سەربازیدا تۆمار کراوە. ئەو جوگرافیایەی کە مووشەکەکەی ئاراستە دەکرێت، ئەو سیستمانەی بۆ سەرلێشێواندنی فریکوێنسیی ئەلیکترۆنی بەکاردێت لەلایەن دووژمنەوە، کاریگەرییان لەسەر مووشەکەکە هەیە. لێرەدا فەلسەفەی "خلیسکانەکانی جەنگ – Frictions of War"ی فەیلەسوفی جەنگ، کارڵ ڤۆن کلاوزڤیتزمان بیر دەخاتەوە. لەو فەلسەفەیەدا باس لە فاکتەرە چاوەڕواننەکراو و کۆنترۆڵنەکراوەکان دەکات کە رێگری لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەکەن و تەنانەت سادەترین ئەرکەکانیش لە شەڕی راستەقینەدا قورس دەکەن. بە واتایەکی دیکە، فاکتەرە چاوەڕواننەکراوەکان وا دەکەن مەیدانی جەنگ لەگەڵ پلانەکانی سەر پەڕەی پلانی جەنگ جیاواز بن. ئەو شەڕە 12 رۆژییەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، ئەو دەرفەتەی بە هەردوولا دا کە کاریگەری و توانای ئامرازە سەربازییەکانیان لە مەیدانی جەنگدا بناسن. رەنگە تێچووی ئەو مانۆڕە سەربازییە لە سەرووی ملیاران دۆلار بێت، بەڵام بۆ ئیسرائیل دەرفەتێک بوو کە ببینێت سیستمی بەرگریی ئاسمانی بەرگەی هێرشی ئاسمانیی چڕ ناگرێت. ئێران بینی کە مووشەکەکانی لە مەیدانی جەنگدا تا چەند کاریگەرن و لە چیدا کەماسی هەیە. ئەگەر ئەو شەڕە نەبووایە، هەردوولا نەیاندەتوانی لەڕێگەی دیکەی ناڕاستەوخۆوە توانا و کاریگەریی ئامرازەکانیان ببینن. ئێستا هەردوولا باشتر دەزانن کە وەبەرهێنانی سەربازییان لە قۆناخی داهاتوودا چۆن رێگە دەگرێت و پێویستیان بە چییە. بۆیە بۆ هەردوولا، ئەو شەڕە جگە لە خەرجی، وەک وەبەرهێنانێک بوو.
هەواڵگری، ململانێی سەرەکیی نێوان هەردوو لا
هێرش بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی، شەڕێکی فیزیکییە. گرنگترین ململانێ لەڕووی هەواڵگرییەوەیە.
لە ڕووی دژەهەواڵگرییەوە، ئەوە تەنیا گوێگرتن و شیکاریی سیگناڵی ئەلیکترۆنی نییە. لەهەمان کاتدا جەنگێکی قووڵی هەواڵگری و دژەهەواڵگرییە. لە کاتی قەیراندا، تۆڕەکانی هەواڵگریی مرۆیی (HUMINT)، واتە سیخوڕەکان، زیاتر چالاکتر دەبن بۆ کۆکردنەوەی داتای هەواڵگری. ئەوە دەرفەتی ئەوە دەدات کە بتواندرێت تۆڕە سیخوڕییەکانی لایەنی بەرامبەر دەستنیشان بکرێن و زانیاریی هەڵەیان بۆ دابین بکرێت بۆ بەلاڕێدابردنی دووژمن.
لەڕووی هەواڵگریی جەنگی ئەلیکترۆنییەوە کە ئەوە جەنگێکی نەبینراو و فاکتەرێکی گرنگە. لە کاتی ئاراستەکردنی مووشەک، سیستمی سەرلێشێواندنی GPS (Spoofing)، کوێرکردنی سیستمی رادار بەهۆی هێرشی ئەلیکترۆنییەوە یان پێشاندانی ئامانجی ساختە (decoy) کە مووشەکی دووژمن لە ئامانجی راستەقینە دووردەخاتەوە و بەرەو ئامانجی ساختە دەیبات. لێرەدا دەرکەوت کە کام لایەن لەڕووی جەنگی ئەلیکترۆنییەوە باڵادەستترە. لەڕووی تێگەیشتن لە عەقڵیەتی بڕیاردەران، لە کۆتایی ئەو شەڕەدا، خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ تێگەیشتن لە عەقڵیەتی بڕیاردەران لە تەلئەڤیڤ، تاران و واشنتن دروست بووە. بڕیاردەران لە ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا لەژێر گوشاری جەنگدا تاقی کرانەوە، هێڵە سوورەکانیان چین، تاوەکو چەند توانا و ئیشتیهای هەنگاونان و سەرکێشیکردنیان هەیە، سایکۆلۆژیای بڕیاردانیان لە کاتی جەنگدا چۆنە.
لە جیهانی هەواڵگری، یەکێک لە گرنگترین زانیارییەکان ئەوەیە نەک تەنیا خوێندنەوە بۆ توانای تیۆریی دووژمن بکرێت، بەڵکو خوێندنەوە بۆ ئەوەش بکرێت کە ئەو توانایە لە کاتی گوشاری جەنگدا چۆن بەکاردەهێنرێت. مانۆڕی سەربازی تا رادەیەک دەتوانێت وا بکات وڵاتان لە توانای سەربازیی خۆیان تێ بگەن، بەڵام مەیدانی جەنگ ئەنجامێکی دیکە پێشان دەدات و تێگەیشتنێکی روونتر دروست دەکات. دەزگا هەواڵگرییەکانی هەردوولا ئێستا جگە لەڕووی تیۆری، داتای پراکتیکیی باشیان دەست کەوتووە بۆ هەڵسەنگاندنی توانای خۆیان و دووژمن.
بۆ ئیسرائیل، تۆڕی سیستمی بەرگریی ئاسمانی (گومبەزی ئاسنین، قەڵغانی داود، سیستمی ئارۆ) بۆ یەکەم جارە بە چڕی لەبەرامبەر هەڕەشەی مووشەکیی وڵاتێکی دووژمن بەرامبەر ئیسرائیل بەکاردەهێنرێت و تاقی دەکرێتەوە. بۆ تەل ئەڤیڤ ئێستا روونە کە تۆڕی سیستمی بەرگریی ئاسمانی چۆن مامەڵە لەگەڵ مووشەک بە خێرایی و بەرزیی جیاواز دەکات و کام لایەنی پێویستی بە پەرەپێدانی زیاتر هەیە. هەروەها دەرفەتێک بوو بۆ تاقیکردنەوەی سیستمی راداری ئەو وڵاتە لە پرسی جەنگی ئەلیکترۆنی و دەستنیشانکردنی مەترسییەکان، لەڕووی خێرایی و کاریگەریی سیستمەکەوە. ئێستا ئیسرائیل داتای لەڕووی پراکتیکییەوە هەیە بۆ چاوپێداخشاندنەوە و پەرەپێدانی ئەو سیستمانە.
بۆ ئێران، یەکەم جارە مووشەکی مەودا جیاواز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەو چڕییە بەرامبەر بە یەکێک لە ئاڵۆزترین سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە جیهاندا بەکاردەهێنێت. ئێستا ئێران لەڕووی پراکتیکییەوە داتای باشی کۆکردۆتەوە کە مووشەکەکانی رێژەی کاریگەرییان چەندە، رێژە و هۆکارەکانی تێکشکانیان، ماوەی گەیشتنیان بۆ ئیسرائیل، توانا و رێژەی کاریگەرییان لە تێپەڕاندنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل، هەروەها توانای ئێران لە بەرپەرچدانەوەی هێرشی مووشەکیی و فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل و تاکتیکی بەرگریی ئاسمانی. لەلایەکی دیکەوە، ئێران لەڕێگەی ئەو شەڕەوە بۆی دەرکەوت کە هەواڵگریی ئێران چ بۆشاییەکی مەترسیداری هەیە و بێئاگا بووە لە شانە نووستووەکانی مۆساد لە ئێران. لەوەش زیاتر، شانە نووستووەکانی مۆساد توانای پەڕاندنەوەی پارچەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دەیان ئامێری دیکەی هەواڵگری و سەربازییان هەبووە بۆ نێو خاکی ئێران. ئەوە لە ماوەی دووردا ئێران بە شەڕێکی هەواڵگریی نێوخۆییەوە سەرقاڵ دەکات و تەنانەت مەترسیی دزەکردنی مۆسادی بۆ نزیک رابەری ئێران، خامنەیی، زیاتر کردووە. بۆیە ئێران قۆناخێکی پاکتاوکردنی ریزەکانی سوپا و هەواڵگری لەپێشە، کە رەنگە لە مێژووی ئێراندا یەکەم جار بێت بەوجۆرە وڵاتەکە سەرقاڵی کاروباری نێوخۆی بکات.
بۆ هەردوولا، ئێستا داتایەکی دیکەیان لەبەردەستە لەسەر شیکاریی پرۆفایلی سایکۆلۆژیی و توانای فەرماندە سەربازییەکان لەڕووی خۆڕاگریی و ماوە و چۆنیەتیی مامەڵەکردنیان لەڕووی بڕیاردان و بەڕێوەبردنی ئەو قەیرانە. شیکاریی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان فەرماندە سەربازییەکانی مەیدان لەگەڵ ناوەندی ستراتیژیی بڕیاردانی سەربازی و هەواڵگری. ئەو داتایانە بۆ هەڵسەنگاندنی نێوخۆ و بەرەی دووژمن زۆر گرنگن، بەتایبەتی بۆ قۆناخی داهاتوو یان ئەگەری شەڕێکی دیکە لە داهاتوودا. رەنگە ئەو داتایانە لە قۆناخی داهاتوودا بۆ پرسی (هەواڵگریی مرۆیی – HUMINT) و (ئۆپەراسیۆنی سایکۆلۆژی – PsyOps) ببنە بنەمایەکی گرنگ.
جیهان کە سەرقاڵی بینینی شەڕی مووشەک و فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بوو، ئێران و ئیسرائیل لەلایەکی دیکەوە سەرقاڵی پێوانەکردنی بەرپەرچدانەوەی تەکنۆلۆژیی و سایکۆلۆژیی و هەواڵگریی یەکدی بوون. لەودیوی شەڕەکە و پێشاندانی هێز و بازوو بەرامبەر یەکدی، هەردوولا ئێستا تێگەیشتنێکی تەواویان سەبارەت بەیەکدی هەیە بۆ ئەگەری شەڕێکی دیکە لە قۆناخی داهاتوودا. هەمیشە هەڵسەنگاندن بۆ توانای دووژمن دەکرێت، نەک مەرامی دووژمن. هەموو ئەو داتایانەی لەو شەڕەدا کۆکراونەتەوە، ئێستا لەسەر مێزی شیکاریی هەواڵگری و ستراتیژین. ئەو بێدەنگییەی ئێستا لە هەردوولا دەبیندرێت، مانای ئەوە نییە هەردوولا شەکەتی شەڕێکن یان ئارەزووی ئاشتییان هەیە بەرامبەر یەکدی، بەڵکو ئەو بێدەنگییە، بێدەنگیی قۆناخی شیکاری و هەڵسەنگاندنی یەکدییە بۆ هەنگاوی داهاتوو. چونکە هەندێک جار کە دەنگی مووشەکەکان کپ دەبنەوە، ئەو کاتە شەڕی راستەقینە دەست پێدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ