ئەم دوو کتێبە تەرخانە بۆ دەروونشیکاریی فرۆید و لاکان. یەکەمیان شەرحێکی گشتگیر و هاوکات وردە بۆ ئایدیاکانی زیگمۆند فرۆید (ـی دەروونشیکار و پزیشکی نەمسایی) و ژاک لاکان (ـی دەروونشیکار و بیرمەندی فەڕەنسی)، دووەمیشیان کۆمەڵێک وانەی فەلسەفی و ئەخلاقیی فرۆیدە بۆ ئێمەی ئەم سەردەمە. کتێبەکان تازە بڵاوبوونەتەوە و ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند چاپی کردوون. لەم نووسینە کورتەدا، پەیام و زەروورەتی پشت کتێبەکان بۆ خوێنەر و خەڵکی ئەمڕۆ لە چەند خاڵێکدا دەخەینەڕوو. ئەم خاڵانە هەوڵێکە بۆ ئەوەی کە تێبگەین دەروونشیکاری بەگشتی چ پەیوەندییەکی بەم سەردەمەمانەوە هەیە و چەندیش بۆ خوێندەواری کورد کەڵکی هەیە.
یەکەم: ئەو تۆمەتە تیۆرییەی کە گوایا دەروونشیکاری مردووە، تۆمەتێکە بۆ دونیای ئێمە ڕوون نییە. دەروونشیکاری خۆی زانستێکە لەناو مێژووی خۆرئاواوە سەریهەڵداوە و هەر لەو مێژووەشدا ڕەخنەکراوە و ئیزافەی بۆ کراوە و پەرەشی پێدراوە. بۆیە کاتێک باس لەوە دەکرێت کە دەروونشیکاری بەسەرچووە، ئەوا ئێمە لەم سیاقەی خۆمانەوە باش تێیناگەین و حوکمەکە بۆ دونیای ئێمە مانایەکی ئەوتۆی نییە. تەنانەت لە خۆرئاواش، دەروونشیکاری هەر برەوی خۆی هەیە و کەم نین ئەو لێکۆڵەر و نووسەر و بیریارانەی خۆراکی تیۆریی خۆیان لە دەروونشیکارییەوە وەردەگرن. تا دەروونی مرۆڤ بمێنێت، دەروونشیکارییش وەک زانستێک قسەی خۆی هەیە و دەشتوانێت خۆی تازە بکاتەوە (وەک ئەوەی کە کردووشیەتی).
دووەم: دەروونشیكاری بەتەواوی بریتی نییە لە دەروونناسی. داهێنانە گەورەکەی دەروونشیکاری بریتی بوو لە پرسی نەست (the unconscious) لەلایەن فرۆیدەوە و پاشان پیادەکردنی ئەم چەمکە بەسەر ژیانی مرۆڤەکاندا کە دیارترینیان خەوبینینە. فرۆید شاکارەکەی خۆی بەناوی لێکدانەوەی خەونەکان لە ساڵی 1900 بڵاوکردەوە و دابڕانێکی لە دەروونناسیی تەقلیدیدا درووستکرد. نەست تا ئێستاش پرسێکی جێی مشتومڕە و لەلایەن بیریاران و پزیشکە دەروونییەکان و تەنانەت فەیلەسووفانیشەوە تیۆریزە دەکرێت. نەست تەنیا پرسێکی شەخسی و دەروونی نییە، بەڵکو پرسێکی کۆمەڵایەتی و شارستانیشە. نەست بەشێکە لە کارەکتەری تاک و کۆمەڵگاش، بۆیە وەک پرسێکی تیۆریی بنەڕەتی هەر دەمێنێتەوە.
سێیەم: ئایدیای نەست پێماندەڵێت مرۆڤ تەنیا لە ئاگایی و هەست پێکنەهاتووە، بەڵکو ڕووبەرێکی دەرەئاگایی و شاراوەش حوکمی مرۆڤ دەکات کە بریتییە لە نەست. نەست شوێنی شتە چەپێنراوەکانە، شوێنی ئەو شتانەی کە ناتوانین بەئاشکرا ئەزموونیان بکەین و بیڵێین. نەست خۆی ڕووبەرێک نییە دەست بخەینە سەری و بڵێین ئەوەتا، بەڵکو هەمیشە لەڕێگەی گەڕانەوەی چەپێنراوەکانەوە درکی دەکەین. بۆنموونە کاتێک شتێکمان لە دەم دەردەچێت، ئەوە نیشانەی دەرکەوتنی نەستە بۆ ماوەیەکی کاتی. دیارە ئێمە شتێکمان چەپاندووە و نەمانتوانیوە بیڵێین بۆیە وەک چەپێنراوێک دەگەڕێتەوە. لە ئاستە ئاڵۆزەکەشیدا، نەست تەعبیرە لەوەی کە ئێمە ناتوانین هەموو جیهان پێکەوە ئەزموون بکەین، بۆیە بەشێک لە زمان و کەسایەتی و خواست و ئارەزووەکانمان دەردەکەین و بەشێکی سنوورداری لێ ئەزموون دەکەین. لەمڕۆدا کە زۆرترین شت دەبینین و دەبیستین، چەندی دەچێتە نەستەوە و دواتر وەک چەپێنراوێک دەگەڕێتەوە؟ ئەمە پرسیارێکی هەنووکەییە.
چوارەم: فرۆید سەرەتا بۆ کۆمەڵگا خۆرئاواییەکان جۆرێک لە تراوما و شۆکی دەروونی بوو، جۆرێک لە شۆڕشگێڕ بوو کە مێژووی باوی ئەخلاقی و دینی و تەنانەت پزیشکیشی هەڵگێڕایەوە. لە دونیای ئێمەشدا بەبێ ئەوەی بەر قووڵاییەکانی فرۆید بکەوین، لێی ترساوین و تۆمەتی نازانستیمان داوەتە پاڵ و پێمانوابووە هەندێک کڵێشە لەسەر سێکس دەڵێت. بەڵام فرۆید بەوسا و بە ئێستاشەوە، خوێندنەوەیەکی ئاڵۆزتری بۆ مرۆڤ هەیە. چۆنیەتیی بەرکەوتنی مرۆڤ بە جیهانەوە ڕووندەکاتەوە و هەڵبەزودابەزە دەروونی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئۆنتۆلۆژییەکانی ئەم بوونەوەرەش ڕووندەکاتەوە. بۆ مەسەلەی سێکسیش، فرۆید سێکس لەو دیدە باوە دادەماڵێ و دەیگۆڕێت بۆ پرسێکی تیۆری و لە ئەنجامیشدا سێکس لە سێکس دادەماڵێت. ئەمە لای ژاک لاکان پتر ڕوون دەبێتەوە و ئەو شکستەی سێکسوالیتەی مرۆڤی پشکنیوە. ژاک لاکانیش گەڕایەوە بۆ پرۆژەکەی فرۆید، بەڵام دووبارەی نەکردەوە و هاوشان بە فیکری فرۆید کۆمەڵێک داهێنانی تری لە دەروونشیکاریدا کرد.
پێنجەم: ئەمڕۆ کە دونیا لەبەردەم بەدیجیتاڵبوونەوە و هورووژمی تەکنۆلۆژیادایە، ئەوا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە چیمان دەوێت؟ یان چۆن مامەڵە بکەین؟ چۆن جارێکی تر خۆمان بناسین؟ ئەویتر بۆ ئێمە کێیە؟ لێرەوە دەروونشیکاریی فرۆید و لاکان، کۆمەڵێک ئیمکانی تیۆرییمان بۆ دەکاتەوە کە بیر لە خۆمان و دونیاکەمان بکەینەوە. بەتایبەت لەڕووی ئاکارەوە، کاتێک شتەکان دنیایی دەبنەوە و خودا بە جۆرێک لە جۆرەکان دەمرێت، ئێمە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەوانیتر بکەین؟ ئاخۆ ئەم هەمووە هەڵپەیە لە جێی خۆیدایە؟ ئەگەر وایە بۆچی هەر نائاسوودەین؟ ئاخۆ «سەرکەوتن» هەمیشە سەرکەوتنە؟ لەگەڵ خوێندنەوەی کتێبەکاندا پرسیاری تریشمان لا درووست دەبێت و چانسی وەرگرتنی وەڵامیش دێتە بەردەممان.
هەردوو کتێبەکە، پەیوەندیی نەست و منداڵی، نەست و سێکسواڵیتە، نەست و دەق، نەست و سەرکەوتن، نەست و مێژوو و.. هتد دەپشکنن. ستایلی نووسینەکەیان ڕوون و ئاسانە و تەوەرەکانیان تاڕادەیەک کورت و زیندووە. لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین، دەروونشیکاری دەبوو زووتر بگاتە دنیای ڕۆشنبیریی ئێمە و وردتریش کاری لەسەر بکرایە. بەو هیوایەی ئەم ئیشانە کە بەشێکن لە زنجیرەیەک دەربارەی دەروونشیکاری، گوڕێک بەم کایەیە ببەخشنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ